عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شه‌مشون ژن ده‌هێنێت 
1
ئینجا شه‌مشون به‌ره‌و خوار چوو بۆ تیمنا و له‌ تیمنادا ئافره‌تێكی له‌ كچانی فه‌له‌ستییه‌كان بینی.
2
جا هاته‌وه‌ و به‌ دایك و باوكی گوت: «ئافره‌تێكم له‌ تیمنا له‌ كچانی فه‌له‌ستییه‌كان بینی و ئێستاش بۆم داوا بكه‌ن وه‌ك ژنم.»
3
دایك و باوكیشی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «ئایا له‌ناو كچانی خزمه‌كانت و له‌ناو هه‌موو گه‌له‌كه‌تدا ئافره‌تێكی تێدا نییه‌، هه‌تا بچیت و ژنێك له‌ فه‌له‌ستییه‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوه‌كان بهێنیت؟»
شه‌مشونیش به‌ باوكی گوت: «ئه‌وم بۆ بهێنه‌، چونكه‌ ئه‌وم به‌دڵه‌.»
4
دایك و باوكیشی نه‌یانزانی ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ به‌دوای هۆكارێكدا ده‌گه‌ڕا له‌ دژی فه‌له‌ستییه‌كان؛ له‌و كاته‌شدا فه‌له‌ستییه‌كان به‌سه‌ر ئیسرائیلدا زاڵ بوون.
5
ئینجا شه‌مشون و دایك و باوكی به‌ره‌و خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕه‌زه‌مێوه‌كانی تیمنا و له‌و كاته‌دا جوانه‌ شێرێك لێی هاته‌ پێش و ده‌ینه‌ڕاند.
6
جا ڕۆحی یه‌زدان به‌ تواناوه‌ هاته‌ سه‌ری و وه‌ك كاره‌بزن پارچه‌پارچه‌ی كرد، ئه‌گه‌ر چی هیچیشی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو. كه‌چی دایك و باوكیشی ئاگادار نه‌كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ كردی.
7
ئینجا چوو و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌كه‌دا كرد و شه‌مشون به‌ دڵی بوو.
8
پاش چه‌ند ڕۆژێك، كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیهێنێت، لایدا هه‌تا لاشه‌ی شێره‌كه‌ ببینێت، ته‌ماشای كرد شاره‌ هه‌نگێك له‌ناو هه‌ناوی شێره‌كه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌نگوین.
9
جا هه‌ردوو چنگی لێ پڕكرد و به‌ ڕۆیشتنه‌وه‌ ده‌یخوارد. ئه‌وسا چوو بۆ لای دایك و باوكی، به‌شی دان و خواردیان، پێی نه‌گوتن كه‌ هه‌نگوینه‌كه‌ی له‌ هه‌ناوی شێره‌كه‌وه‌ ده‌رهێناوه‌.
10
ئینجا باوكی چووه‌ خواره‌وه‌ بۆ لای ئافره‌ته‌كه‌ و شه‌مشونیش له‌وێ زه‌ماوه‌ندێكی ساز كرد، چونكه‌ ئه‌مه‌ نه‌ریتی زاوا بوو.
11
جا كاتێك بینییان سی هاوڕێیان هێنا و له‌گه‌ڵیدا بوون.
12
ئینجا شه‌مشون پێی گوتن: «مه‌ته‌ڵێكتان پێ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژی خوانه‌كه‌دا هه‌ڵتانهێنا و دۆزیتانه‌وه‌ سی كراسی كه‌تان و سی قات جلتان پێده‌ده‌م،
13
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆتان هه‌ڵنه‌هێنام ئه‌وا ئێوه‌ سی كراسی كه‌تان و سی قات جل به‌ من ده‌ده‌ن.»
ئه‌وانیش گوتیان: «مه‌ته‌ڵه‌كه‌ت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»
14
ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌:
«له‌ بخۆر، خواردن هاته‌ ده‌ره‌وه‌،
له‌ به‌هێزیش، شیرینی.»
ئه‌وانیش له‌ سێ ڕۆژدا نه‌یانتوانی مه‌ته‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبهێنن.
15
له‌ ڕۆژی چواره‌مدا به‌ ژنه‌كه‌ی شه‌مشونیان گوت: «مه‌كر له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌تدا بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ته‌ڵه‌كه‌مان پێ بڵێت، ئه‌گینا خۆت و ماڵی باوكت به‌ ئاگر ده‌سووتێنین. داوه‌تتان كردووین هه‌تا ڕووتمان بكه‌نه‌وه‌؟»
16
ئینجا ژنه‌كه‌ی شه‌مشون له‌لای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمه‌ و منت خۆشناوێت. مه‌ته‌ڵێكت به‌ نه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌م گوتووه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌ت به‌ من نه‌گوتووه‌.»
ئه‌ویش پێی گوت: «ته‌نانه‌ت بۆ دایك و باوكمم ڕوون نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بكه‌مه‌وه‌؟»
17
به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژی خوانه‌كه‌دا له‌لای گریا و ئینجا ئه‌ویش له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م پێی گوت، چونكه‌ ته‌نگی پێهه‌ڵچنی و ئه‌ویش مه‌ته‌ڵه‌كه‌ی بۆ نه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی ئاشكرا كرد.
18
جا پیاوانی شارۆچكه‌كه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م به‌ر له‌ ئاوابوونی خۆر پێیان گوت:
«چ شتێك له‌ هه‌نگوین شیرینتره‌ و
له‌ شێر به‌هێزتره‌؟»
ئه‌ویش پێی گوتن:
«ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌كه‌كه‌م[a] نه‌تانده‌كێڵا،
مه‌ته‌ڵه‌كه‌متان هه‌ڵنه‌ده‌هێنا.»
19
ئینجا ڕۆحی یه‌زدان به‌ تواناوه‌ هاته‌ سه‌ری و به‌ره‌و خوار چوو بۆ ئه‌سقه‌لان و سی پیاوی لێ كوشتن و تاڵانییه‌كه‌یانی برد و جله‌كانی ئه‌وانی دایه‌ ئاشكراكه‌رانی مه‌ته‌ڵه‌كه‌. پاشان زۆر تووڕه‌ بوو و چووه‌وه‌ ماڵی باوكی.
20
ژنه‌كه‌ی شه‌مشونیش بوو به‌ ژنی ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه‌ له‌ زه‌ماوه‌نده‌كه‌یدا له‌گه‌ڵی بوو.
  1. a. 14‏:18 نوێنگینه‌كه‌م.