عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
له‌دایكبوونی شه‌مشون 
1
دیسان نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رچاوی یه‌زدان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خراپه‌كاری و یه‌زدانیش چل ساڵ ژێر ده‌سته‌ی فه‌له‌ستییه‌كانی كردن.
2
ئینجا پیاوێك له‌ چۆرعا هه‌بوو له‌ هۆزی دانییه‌كان ناوی مانۆوه‌ح بوو، ژنه‌كه‌ی نه‌زۆك بوو منداڵی نه‌ده‌بوو.
3
جا فریشته‌ی یه‌زدان خۆی پیشانی ژنه‌كه‌ دا و پێی فه‌رموو: «تۆ نه‌زۆكیت و منداڵت نه‌بووه‌، به‌ڵام سكپڕ ده‌بیت و كوڕێكت ده‌بێت.
4
ئێستاش وریابه‌ شه‌راب و مه‌ی مه‌خۆره‌وه‌ و شتی گڵاو مه‌خۆ.
5
ئه‌وه‌تا سك پڕ ده‌بیت و كوڕێكت ده‌بێت، گوێزان به‌سه‌ر سه‌ریدا نایه‌ت، چونكه‌ كوڕه‌كه‌ هه‌ر له‌ سكته‌وه‌ ته‌رخانكراو[a] ده‌بێت بۆ خودا، ئه‌ویش ده‌ست ده‌كات به‌ ڕزگاركردنی ئیسرائیل له‌ ده‌ستی فه‌له‌ستییه‌كان.»
6
ئینجا ژنه‌كه‌ چوو بۆ لای مێرده‌كه‌ی و پێی گوت: «پیاوێكی خودا هات بۆ لام و وه‌ك فریشته‌ی خودا شێوه‌ی زۆر سامناك بوو. لێم نه‌پرسی كه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌، ئه‌ویش ناوی خۆی پێ نه‌گوتم.
7
پێی گوتم: ”ئه‌وه‌تا سك پڕ ده‌بیت و كوڕێكت ده‌بێت، ئێستاش شه‌راب و مه‌ی مه‌خۆره‌وه‌ و شتی گڵاو مه‌خۆ، چونكه‌ كوڕه‌كه‌ له‌و كاته‌وه‌ی له‌ سكته‌ ته‌رخانكراو ده‌بێت بۆ خودا هه‌تا ڕۆژی مردنی.“»
8
ئینجا مانۆوه‌ح له‌ یه‌زدان پاڕایه‌وه‌ و گوتی: «ئه‌ی په‌روه‌ردگار، داوات لێ ده‌كه‌م ئه‌و پیاوه‌ی خودا كه‌ ناردت با دووباره‌ بێته‌وه‌ بۆ لامان و فێرمان بكات چی بۆ ئه‌و كوڕه‌ بكه‌ین كه‌ له‌دایك ده‌بێت.»
9
خوداش گوێی له‌ ده‌نگی مانۆوه‌ح گرت و فریشته‌ی خودا دووباره‌ هاته‌وه‌ بۆ لای ژنه‌كه‌ كه‌ له‌ كێڵگه‌دا دانیشتبوو و مانۆوه‌حی مێردی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو.
10
ئیتر ژنه‌كه‌ به‌ توندی ڕایكرد و به‌ مێرده‌كه‌ی گوت: «ئه‌وه‌تا ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ هات بۆ لام، خۆی نیشاندامه‌وه‌!»
11
مانۆوه‌حیش هه‌ستا و به‌دوای ژنه‌كه‌یدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوه‌كه‌، پێی گوت: «تۆ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌م قسه‌ت كرد؟»
ئه‌ویش گوتی: «من ئه‌وم.»
12
مانۆوه‌حیش گوتی: «له‌ كاتی هاتنه‌دی وته‌كه‌ت، ڕێنمایی و كرداره‌كانی چۆن ده‌بێت؟»
13
ئینجا فریشته‌كه‌ی یه‌زدان به‌ مانۆوه‌حی گوت: «با ژنه‌كه‌ هۆشیار بێت له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێم گوت،
14
ئه‌وه‌ی له‌ دار مێو بێت با نه‌یخوات، شه‌راب و مه‌ی نه‌خواته‌وه‌ و هیچ شتێكی گڵاویش نه‌خوات. با خۆی له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بپارێزێت كه‌ ڕامسپاردووه‌.»
15
ئینجا مانۆوه‌ح به‌ فریشته‌كه‌ی یه‌زدانی گوت: «لێمانگه‌ڕێ با بتحه‌وێنینه‌وه‌ و كاره‌بزنێكت بۆ سه‌ر ببڕین.»
16
فریشته‌كه‌ی یه‌زدانیش به‌ مانۆوه‌حی گوت: «ئه‌گه‌ر بشمحه‌وێننه‌وه‌ له‌ نانه‌كه‌ت ناخۆم، ئه‌گه‌ر قوربانی سووتاندنیشت كرد پێشكه‌شی یه‌زدانی بكه‌.» چونكه‌ مانۆوه‌ح نه‌یزانی ئه‌وه‌ فریشته‌ی یه‌زدانه‌.
17
مانۆوه‌حیش به‌ فریشته‌كه‌ی یه‌زدانی گوت: «ناوت چییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك وته‌كه‌ت هاته‌ دی ڕێزت لێ بنێین؟»
18
فریشته‌كه‌ی یه‌زدانیش پێی گوت: «بۆچی له‌ ناوم ده‌پرسیت؟ ئه‌و له‌ سه‌رووی تێگه‌یشتنه‌وه‌یه‌؟»
19
ئینجا مانۆوه‌ح كاره‌بزنه‌كه‌ و دانه‌وێڵه‌ پێشكه‌شكراوه‌كه‌ی برد و سه‌ری خستنه‌ سه‌ر تاته‌به‌ردێك و كردنی به‌ قوربانی بۆ یه‌زدان، یه‌زدانیش كارێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری ئه‌نجام دا و مانۆوه‌ح و ژنه‌كه‌شی ته‌ماشایان ده‌كرد.
20
ئه‌وه‌ بوو: له‌ كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی گڕی ئاگر له‌ قوربانگاكه‌وه‌ بۆ ئاسمان، فریشته‌كه‌ی یه‌زدان له‌ناو گڕی قوربانگاكه‌دا سه‌ركه‌وت. كه‌ مانۆوه‌ح و ژنه‌كه‌ی ئه‌مه‌یان بینی هه‌ردووكیان به‌ ڕوودا كه‌وتن به‌ زه‌ویدا.
21
له‌دوای ئه‌مه‌ فریشته‌كه‌ی یه‌زدان له‌به‌رچاوی مانۆوه‌ح و ژنه‌كه‌ی دیار نه‌ما، ئه‌وسا مانۆوه‌ح زانی ئه‌وه‌ فریشته‌ی یه‌زدان بوو.
22
ئیتر مانۆوه‌ح به‌ ژنه‌كه‌ی گوت: «بێگومان ده‌مرین، چونكه‌ خودامان بینی!»
23
ژنه‌كه‌شی وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌گه‌ر یه‌زدان بیویستایه‌ بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌یی له‌ ده‌ستمان وه‌رنه‌ده‌گرت، هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی نیشان نه‌ده‌داین و له‌م كاته‌دا هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی پێ نه‌ده‌گوتین.»
24
ئینجا ژنه‌كه‌ كوڕێكی بوو و ناوی لێنا شه‌مشون. كوڕه‌كه‌ گه‌وره‌ بوو و یه‌زدان به‌ره‌كه‌تداری كرد،
25
ڕۆحی یه‌زدانیش له‌نێوان چۆرعا و ئه‌شتائۆل ده‌ستی به‌ بزواندنی كرد له‌ مه‌حه‌نێی دان.
  1. a. 13‏:5 ته‌رخانكراو: واته‌ نه‌زر ده‌كات. بڕوانه‌ سه‌رژمێری به‌شی 6.