عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌فتاح و ئه‌فرایم 
1
ئینجا پیاوانی له‌شكری ئه‌فرایم بانگكران و كۆبوونه‌وه‌ و په‌ڕینه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ی چافۆن و به‌ یه‌فتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جه‌نگ له‌ دژی عه‌مۆنییه‌كان په‌ڕیته‌وه‌ و بانگت نه‌كردین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت بێین؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ت به‌ ئاگر به‌سه‌رتدا ده‌سووتێنین.»
2
یه‌فتاحیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «من و گه‌له‌كه‌م له‌گه‌ڵ عه‌مۆنییه‌كاندا ململانێیه‌كی توندمان هه‌بوو، كاتێك بانگم كردن، ئێوه‌ له‌ ده‌ستیان ڕزگارتان نه‌كردم.
3
كاتێك بینیم ئێوه‌ ڕزگارم ناكه‌ن، گیانم خسته‌ ده‌ستمه‌وه‌ و په‌ڕیمه‌وه‌ بۆ جه‌نگ له‌ دژی عه‌مۆنییه‌كان و یه‌زدانیش ئه‌وانی خسته‌ ژێر ده‌ستمه‌وه‌. ئیتر بۆچی ئێوه‌ ئه‌مڕۆ هاتوونه‌ته‌ سه‌رم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دژم بجه‌نگن؟»
4
ئینجا یه‌فتاح هه‌موو پیاوانی گلعادی كۆكرده‌وه‌ و له‌ دژی ئه‌فرایم جه‌نگا و پیاوانی گلعاد ئه‌فرایمیان به‌زاند، چونكه‌ ئه‌فرایمییه‌كان گوتبوویان: «ئێوه‌ی گلعادی له‌ ده‌ست ئه‌فرایم و مه‌نه‌شه‌ ڕاتانكردووه‌.»
5
گلعادییه‌كان ته‌نكاییه‌كانی ڕووباری ئوردونیان له‌ ئه‌فرایم گرت، له‌و كاته‌دا هه‌ركه‌سێك له‌ هه‌ڵاتووه‌كانی ئه‌فرایم بیگوتایه‌: «لێمگه‌ڕێن با تێپه‌ڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان ده‌گوت: «تۆ ئه‌فرایمیت؟» ئه‌گه‌ر ده‌یگوت: «نه‌خێر،»
6
پێیان ده‌گوت: «باشه‌ بڵێ ”شیبۆله‌ت.“» ئه‌ویش ده‌یگوت: «سیبۆله‌ت،» چونكه‌ به‌ ته‌واوی نه‌یده‌توانی وشه‌كه‌ ده‌رببڕێت. ئینجا ده‌یانگرت و له‌ ته‌نكاییه‌كانی ڕووباری ئوردون ده‌یانكوشت. له‌و كاته‌دا چل و دوو هه‌زار له‌ ئه‌فرایم كوژران.
7
له‌دوای ئه‌وه‌ یه‌فتاح شه‌ش ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد و پاشان یه‌فتاحی گلعادی مرد و له‌ یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌كانی گلعاد نێژرا.
ئیبسان و ئێلۆن و عه‌ڤدۆن 
8
پاش ئه‌و ئیبسانی خه‌ڵكی بێت‌له‌حم ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد و
9
سی كوڕ و سی كچی هه‌بوو، كچه‌كانی به‌ شوو دا به‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی خێڵه‌كه‌ی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێڵه‌كه‌ی سی بووكی بۆ كوڕه‌كانی هێنا. ئیبسان حه‌وت ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد و
10
پاشان ئیبسان مرد و له‌ بێت‌له‌حم نێژرا.
11
پاش ئه‌و ئێلۆنی زه‌بولونی ده‌ ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد و
12
پاشان ئێلۆنی زه‌بولونی مرد و له‌ ئه‌یالۆن له‌ خاكی زه‌بولون نێژرا.
13
پاش ئه‌ویش عه‌ڤدۆنی كوڕی هیلێل له‌ شاری پیرعاتۆن ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد و
14
چل كوڕ و سی كوڕه‌زای هه‌بوو سواری حه‌فتا گوێدرێژ ده‌بوون. هه‌شت ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
15
ئینجا عه‌ڤدۆنی كوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و له‌ پیرعاتۆن له‌ خاكی ئه‌فرایمدا له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی عه‌مالێقییه‌كان نێژرا.