عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ژێر گوشار بوون له‌ تاریكی ته‌نگانه‌دا نامێنن، وه‌ك سه‌رده‌می پێشوو خاكی زه‌بولون و خاكی نه‌فتالی زه‌لیل كرده‌وه‌، سه‌رده‌می كۆتایی ڕێز له‌ جه‌لیلی نه‌ته‌وه‌كان ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای ده‌ریایه‌، ئه‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون، جه‌لیلی نه‌ته‌وه‌كان.
2
ئه‌و گه‌له‌ی به‌ تاریكیدا ده‌ڕۆیشت،
ڕووناكییه‌كی گه‌وره‌ی بینی،
دانیشتووان له‌ خاكی سێبه‌ری مه‌رگ
ڕووناكی به‌سه‌ریاندا هه‌ڵات.
3
ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ت زۆر كرد و
خۆشییه‌كی گه‌وره‌ت پێی به‌خشی،
له‌به‌رده‌مت دڵخۆش بوو
وه‌ك خۆشی كاتی دروێنه‌،
وه‌ك ئه‌وانه‌ی شاد ده‌بن
به‌ دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وت.
4
چونكه‌ نیری بارگرانی ئه‌و و
داری پشتی ئه‌و و
كوته‌كی بێگاری پێكردنی ئه‌وت
وه‌ك ڕۆژی میدیان شكاند.
5
چونكه‌ هه‌موو پۆستاڵی جه‌نگاوه‌ران له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا و
به‌رگی له‌ناو خوێن گه‌وزاو
بۆ سووتان ده‌بێت،
سووته‌مه‌نییه‌ بۆ ئاگر،
6
چونكه‌ كوڕێكمان ده‌بێت،
كوڕێكمان پێده‌درێت و
سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی.
ناوی لێ ده‌نرێت
سه‌رسوڕهێنه‌ر و ڕاوێژكار، خودای به‌ توانا،
باوكی هه‌تاهه‌تایی، میری ئاشتی.
7
گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌رۆكایه‌تی و ئاشتییه‌كه‌ی
بێ كۆتایی ده‌بێت.
له‌سه‌ر ته‌ختی داود و به‌سه‌ر شانشینه‌كه‌ی
پاشایه‌تی ده‌كات
بۆ چه‌سپاندنی و به‌هێزكردنی،
به‌ دادپه‌روه‌ری و به‌ ڕاستودروستی
له‌ ئێستاوه‌ و هه‌تاهه‌تایه‌.
دڵگه‌رمی یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌كات.
تووڕه‌یی یه‌زدان له‌ دژی ئیسرائیل 
8
په‌روه‌ردگار وشه‌یه‌كی له‌ دژی یاقوب نارد و
به‌سه‌ر ئیسرائیلدا كه‌وت.
9
گه‌ل هه‌موو ده‌زانن،
ئه‌فرایم و دانیشتووانی سامیره‌،
به‌ لووتبه‌رزی و
فیزی دڵه‌وه‌ ده‌ڵێن:
10
«خشت ڕووخا،
به‌ڵام به‌ به‌ردی تاشراو بنیاد ده‌نێینه‌وه‌،
هه‌نجیره‌ كێوی بڕایه‌وه‌،
به‌ڵام داری ئورز له‌ شوێنی داده‌نێین.»
11
یه‌زدان دوژمنانی ڕه‌چینی پاشای لێ هه‌ڵده‌ستێنێت،
ناحه‌زانی جۆش ده‌دات.
12
ئارامییه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ و فه‌له‌ستییه‌كان له‌ ڕۆژئاواوه‌
پڕ به‌ ده‌م ئیسرائیل هه‌ڵده‌لووشن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا تووڕه‌ییه‌كه‌ی دانه‌مركایه‌وه‌،
هێشتا ده‌ستی درێژكردووه‌.
13
گه‌ل هێشتا نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ لای لێده‌ره‌كه‌ی،
ڕوویان له‌ یه‌زدانی سوپاسالار نه‌كرد.
14
یه‌زدان له‌ ئیسرائیل سه‌ر و كلك ده‌بڕێت،
دار خورما و قامیش له‌ یه‌ك ڕۆژدا،
15
پیر و پیاوماقوڵ سه‌ره‌،
پێغه‌مبه‌ر كه‌ به‌ درۆ فێر ده‌كات كلكه‌.
16
ڕابه‌رانی ئه‌م گه‌له‌ بوون به‌ چه‌واشه‌كار،
ئه‌وانه‌ی ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرێن سه‌ریان لێ شێواوه‌.
17
له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگار دڵخۆش نابێت به‌ گه‌نجه‌كانیان،
به‌زه‌یی نایه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌تیو و بێوه‌ژنه‌كانیان،
چونكه‌ هه‌موو خوانه‌ناس و خراپه‌كارن،
هه‌موو ده‌مه‌كان به‌ گێلی ده‌دوێن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا تووڕه‌ییه‌كه‌ی دانه‌مركایه‌وه‌،
هێشتا ده‌ستی درێژكردووه‌.
18
بێگومان به‌دكاری وه‌ك ئاگر ده‌سووتێت،
دڕكوداڵ ده‌خوات،
گڕ له‌ ده‌وه‌نی دارستان به‌رده‌دات،
ستوونی دووكه‌ڵ لوول ده‌خوات.
19
به‌ جۆشی تووڕه‌یی یه‌زدانی سوپاسالار
خاكه‌كه‌ ده‌سووتێت،
گه‌لیش ده‌بێت به‌ سووته‌مه‌نی ئاگر،
پیاو دڵی به‌ برای خۆی ناسووتێ.
20
لای ڕاست لێ ده‌كاته‌وه‌ و
هه‌ر برسییه‌،
لای چه‌پ ده‌خوات و
تێر نابێت.
پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی ده‌خوات:
21
مه‌نه‌شه‌ ئه‌فرایم ده‌خوات و ئه‌فرایمیش مه‌نه‌شه‌،
هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ له‌ دژی یه‌هودا هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا تووڕه‌ییه‌كه‌ی دانه‌مركایه‌وه‌،
هێشتا ده‌ستی درێژكردووه‌.