عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سییۆن ناوێكی نوێی هه‌یه‌ 
1
له‌ پێناوی سییۆن بێده‌نگ نابم و
له‌ پێناوی ئۆرشه‌لیم هێمن نابم
هه‌تا بێتاوانییه‌كه‌ی وه‌ك گزنگی خۆر ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و
ڕزگاریشی وه‌ك مه‌شخه‌ڵ داگیرسێت.
2
ئه‌و كاته‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بێتاوانییه‌كه‌ت و
هه‌موو پاشاكان شكۆمه‌ندییه‌كه‌ت ده‌بینن.
ناوێكی نوێت لێ ده‌نرێت
كه‌ ده‌می یه‌زدان دیاری ده‌كات.
3
ده‌بیت به‌ تاجی جوانی له‌ ده‌ست یه‌زدان و
تاجه‌گوڵینه‌ له‌ناو له‌پی خودات.
4
چیتر ناوت نانرێت «به‌جێماو» و
چیتر به‌ خاكه‌كه‌ت ناگوترێت «وێرانه‌»،
به‌ڵكو پێت ده‌گوترێت «حه‌فچیڤا[a] »،
خاكه‌كه‌شت، «به‌عوله‌[b] »،
چونكه‌ یه‌زدان به‌ تۆ دڵخۆش ده‌بێت،
خاكه‌كه‌شت مێردی ده‌بێت.
5
چونكه‌ چۆن گه‌نج ده‌بێت به‌ مێردی كچێكی پاكیزه‌،
ئاواش كوڕه‌كانت ده‌بن به‌ مێردت.
وه‌ك دڵخۆشی زاوا به‌ بووك،
ئاواش خودات به‌ تۆ دڵخۆش ده‌بێت.
6
ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، ئێشكگرم له‌سه‌ر شووراكانت داناوه‌،
به‌رده‌وام شه‌و و ڕۆژ بێده‌نگ نابن.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی یه‌زدانتان له‌ یاده‌،
ئۆقره‌ مه‌گرن،
7
لێ مه‌گه‌ڕێن یه‌زدان ئۆقره‌ بگرێت هه‌تا ئۆرشه‌لیم ده‌چه‌سپێنێت و
ناوداری ده‌كات له‌ زه‌ویدا.
8
یه‌زدان به‌ ده‌ستی ڕاستی خۆی و
به‌ هێزی بازووی سوێندی خوارد:
«چیتر دانه‌وێڵه‌كه‌ت
ناكه‌م به‌ خۆراك بۆ دوژمنه‌كانت و
شه‌رابه‌ نوێیه‌كه‌شت كه‌ پێوه‌ی ماندوو بوویت،
نامۆكان نایخۆنه‌وه‌،
9
به‌ڵكو ئه‌وانه‌ ده‌یخۆن كه‌ گه‌نمیان به‌رهه‌م هێناوه‌ و
ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی ترێیان ڕنیوه‌ته‌وه‌
له‌ حه‌وشه‌ی پیرۆزگاكه‌م ده‌یخۆنه‌وه‌.»
10
تێپه‌ڕ بن! تێپه‌ڕ بن له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌!
ڕێگای گه‌ل خۆش بكه‌ن.
ئاماده‌ی بكه‌ن! ڕێڕه‌و ئاماده‌ بكه‌ن!
له‌ به‌رد پاكی بكه‌نه‌وه‌.
ئاڵا بۆ گه‌ل به‌رز بكه‌نه‌وه‌.
11
ئه‌وه‌تا یه‌زدان
به‌ هه‌ر چوار لای زه‌ویدا ڕایگه‌یاندووه‌:
«به‌ شاری سییۆن بڵێن،
”وا ڕزگاركه‌ره‌كه‌ت دێت!
وا پاداشته‌كه‌ی له‌گه‌ڵیه‌تی و
خه‌ڵاته‌كه‌ی له‌به‌رده‌مییه‌تی.“»
12
ناویان لێ ده‌نێن، «گه‌له‌ پیرۆزه‌كه‌»،
«ئه‌وانه‌ی یه‌زدان كڕیونیه‌تیه‌وه‌»،
تۆش ناوت لێ ده‌نرێت، «داواكراوه‌كه‌»،
«شاره‌ به‌جێنه‌ماوه‌كه‌».
  1. a. 62‏:4 واته‌ (شادیم له‌ ئه‌ودایه‌).
  2. b. 62‏:4 واته‌ به‌ مێرد.