عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن 
1
«ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
یەزدان دەفەرموێت.
2
«شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
سنگەکانت توند بچەقێنە،
3
چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.
4
«مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت.
گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە،
5
چونکە مێردی[a] تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
6
وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
خودات دەفەرموێت.
7
«بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
8
بە زریانی تووڕەییەوە
بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی
بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.
9
«ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من
ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.
ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و
لێت ڕانەخوڕم.
10
هەرچەندە چیاکان نامێنن و
گردەکان دەهەژێن،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و
پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.
11
«ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێدراوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە،
ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە[b] لەسەر ڕیز دەکەم،
بە یاقووتی شین[c] داتدەمەزرێنم.
12
قوللەکانت دەکەم بە یاقووت[d] و
دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار،
هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.
13
هەموو منداڵەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و
ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.
14
بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت
دوور لە جەوروستەم،
چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت،
هەروەها دووریت لە تۆقینیش،
چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.
15
ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت،
ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت.
16
«ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا
کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات،
چەکی گونجاو دروستدەکات،
هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت.
17
هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و
هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە.
ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە،
بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  1. a. 54‏:5 پەیوەندی نێوان خودا و گەلەکەی بە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەچووێنرێت، لە ڕووی ئەرک و وەفا و گوێڕایەڵییەوە.‏
  2. b. 54‏:11 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.‏
  3. c. 54‏:11 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏
  4. d. 54‏:12 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏