عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشگەزبوونەوە لە باوەڕ 
1
بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا،
2
فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی.
3
ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.
4
ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز،
5
هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە،
6
ئەگەر هەڵگەڕانەوە[a] ، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.
7
لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانە دەخواتەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێکی بە سوود دەدات بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە بەرەکەتدار دەبێت.
8
بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی[b] بەرهەم هێنا، ئەوا پووچە و نزیکە لە نەفرەت، کۆتاییەکەشی سووتانە.
9
خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری.
10
خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن.
11
ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا هەتا کۆتایی،
12
بۆ ئەوەی تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.
خودا بەڵێنی خۆی دەباتەسەر 
13
کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات،
14
فەرمووی: ﴿بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت زۆر دەکەم.﴾[c]
15
بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.
16
خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە.
17
خودا سوێندی خوارد، چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات.
18
خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە[d] کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، دەیەوێت ئێمە زۆر هانبدرێین، کە پەنامان بۆ ئەو بردووە بۆ ئەوەی دەستبگرین بەو هیوایەی کە پێمان دراوە.
19
ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە،
20
لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆکی کاهینان، لە پلەی مەلکیسادق.
  1. a. 6‏:6 یۆنانی: کەوتن.‏
  2. b. 6‏:8 بڕوانە پەیدابوون 3‏:18‏‏.‏
  3. c. 6‏:14 پەیدابوون 22‏:17‏‏.‏
  4. d. 6‏:18 بەڵێن و سوێند.‏