عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات.
2
دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە.
3
لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.
4
کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد.
5
بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆکی کاهینان، بەڵکو خودا پێی فەرموو:
﴿تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾[a]
6
وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ:
﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
لە پلەی مەلکیسادق[b] ‏.﴾[c]
7
عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا.
8
هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و
9
لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن.
10
ئیتر لەلای خوداشەوە بە سەرۆکی کاهینان ناونرا، لە پلەی مەلکیسادق.
11
لەم بارەیەوە قسەمان زۆرە بیکەین، بەڵام ڕوونکردنەوەی زەحمەتە، چونکە گوێتان گران بووە.
12
هەرچەندە دەبووایە ئێوە ئێستا مامۆستا بوونایە، پێویستتان بە کەسێکە دیسان بنەما سەرەکییەکانی وشەی خوداتان فێر بکات. واتان لێ هاتووە پێویستتان بە شیر بێت نەک خۆراکی بەهێز.
13
هەر یەکێک شیرەخۆرە بێت ئەوا لە فێرکردنی ڕاستودروستی ڕانەهاتووە، چونکە ساوایە.
14
بەڵام خۆراکی بەهێز بۆ ئەوانەیە کە پێگەیشتوون، ئەوانەی کە بە بەردەوامی مەشقیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن چاکە و خراپە جیا بکەنەوە.
  1. a. 5‏:5 زەبوورەکان 2‏:7‏‏
  2. b. 5‏:6 بڕوانە عیبرانییەکان 7‏:1‏-10.‏‏
  3. c. 5‏:6 زەبوورەکان 110‏:4‏‏