عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پایەبەرزی عیسای مەسیح 
1
لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە،
2
بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە.
3
کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی[a] ، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.
4
بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.
5
ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:
﴿تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾[b] ؟
هەروەها:
﴿من دەبمە باوکی ئەو و
ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾[c] ؟
6
دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت:
﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾[d]
7
لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:
﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،
خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾[e]
8
بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت:
﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
9
تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە،
بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی[f] کردیت.﴾[g]
10
هەروەها:
﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
11
ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
12
وەک کەوا دەیپێچیتەوە،
وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،
بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،
ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾[h]
13
ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:
﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[i] بۆ پێیەکانت﴾[j] ؟
14
ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟
  1. a. 1‏:3 وێنەی کڕۆکیەتی: مەبەستی لەوەیە کە مەسیح دەربڕینێکی ڕاستەقینەی ناخی خودایە.‏
  2. b. 1‏:5 زەبوورەکان 2‏:7.‏‏
  3. c. 1‏:5 دووەم ساموئێل 7‏:14 و یەکەم پوختەی مێژوو 17‏:13.‏‏
  4. d. 1‏:6 لە وەرگێڕانی یۆنانی بۆ پەیمانی کۆن، دواوتار 32‏:43‏.‏
  5. e. 1‏:7 زەبوورەکان 104‏:4.‏‏
  6. f. 1‏:9 لە پەیمانی کۆن داود لەلایەن ساموئێلەوە چەورکرا کە هەڵبژاردەی خودایە، ئەم چەورکردنەش وەک نەریتێک بەردەوام بوو بۆ ڕزگاریی خودا.‏
  7. g. 1‏:9 زەبوورەکان 45‏:6‏،7‏‏.‏
  8. h. 1‏:12 زەبوورەکان 102‏:25‏-27.‏‏
  9. i. 1‏:13 بەهۆی ئەوەی پاشا کورسییەکەی بەرز بووە، تەختەیەک لەژێر پێی دانراوە کە وێنەی دوژمنەکانی لەسەر کێشراوە، وەک هێمایەک بۆ خستنە ژێر پێیان.‏
  10. j. 1‏:13 زەبوورەکان 110‏:1.‏‏