عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جامه‌ زیوه‌كه‌ی نێو هه‌گبه‌كه‌ 
1
ئینجا یوسف فه‌رمانی دا به‌ سه‌ركاری ماڵه‌كه‌ی خۆی و گوتی: «هه‌گبه‌ی پیاوه‌كان پڕ بكه‌ن له‌ خۆراك، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ توانایاندایه‌ هه‌ڵیبگرن، زیوی هه‌ریه‌كه‌شیان بخه‌وه‌ ده‌می هه‌گبه‌كه‌ی.
2
جامه‌كه‌ی خۆشم، جامه‌ زیوه‌كه‌، له‌ ده‌می هه‌گبه‌ی بچووكه‌كه‌یان دابنێ له‌گه‌ڵ نرخی گه‌نمه‌كه‌ی.» ئه‌ویش به‌پێی قسه‌كه‌ی یوسف كاره‌كه‌ی ئه‌نجام دا.
3
كه‌ ڕۆژ بووه‌وه‌، پیاوه‌كان خۆیان و گوێدرێژه‌كانیان ڕۆیشتن.
4
كاتێك كه‌ له‌ شار ڕۆیشتن، هێشتا دوور نه‌كه‌وتبوونه‌وه‌، یوسف به‌ سه‌ركاری ماڵه‌كه‌ی خۆی گوت: «هه‌سته‌ و دوای ئه‌و پیاوانه‌ بكه‌وه‌، كه‌ پێیان گه‌یشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی به‌ خراپه‌ پاداشتی چاكه‌تان دایه‌وه‌؟
5
ئایا ئه‌مه‌ ئه‌و جامه‌ نییه‌ كه‌ گه‌وره‌كه‌م تێیدا ده‌خواته‌وه‌ و فاڵی پێ ده‌گرێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ی كردتان كارێكی خراپ بوو.“»
6
ئه‌ویش پێیان گه‌یشته‌وه‌ و ئه‌م قسانه‌ی پێ گوتن.
7
به‌ڵام ئه‌وان پێیان گوت: «بۆچی گه‌وره‌مان قسه‌ی وا ده‌كات؟ دوور بێت له‌ خزمه‌تكاره‌كانت شتی وا بكه‌ن.
8
ئه‌و زیوه‌ی له‌ ده‌می هه‌گبه‌كانمان دۆزیبوومانه‌وه‌، وا له‌ خاكی كه‌نعانه‌وه‌ بۆمان هێنایته‌وه‌. ئیتر چۆن له‌ ماڵی گه‌وره‌كه‌ت زیو یان زێڕ ده‌دزین؟
9
له‌لای هه‌ركام له‌ خزمه‌تكاره‌كانت دۆزرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌مرێت. ئێمه‌ش ده‌بینه‌ كۆیله‌ی گه‌وره‌ی خۆمان.»
10
ئه‌ویش گوتی: «باشه‌، ئێستا به‌پێی قسه‌كه‌ی خۆتان ده‌بێت. ئه‌وه‌ی له‌لای ده‌دۆزرێته‌وه‌ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی من. ئێوه‌ش بێتاوان ده‌بن.»
11
ئیتر هه‌ریه‌كه‌یان خێرا هه‌گبه‌كه‌ی خۆی داگرته‌ سه‌ر زه‌وی و هه‌ریه‌كه‌یان هه‌گبه‌كه‌ی خۆی كرده‌وه‌.
12
ئه‌ویش كه‌وته‌ پشكنین، له‌ گه‌وره‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌ بچووكه‌كه‌یان ته‌واو بوو. ئیتر جامه‌كه‌ی له‌ هه‌گبه‌كه‌ی بنیامین دۆزییه‌وه‌!
13
ئه‌وانیش جله‌كانی به‌ری خۆیان دادڕی و گوێدرێژه‌كانیان باركرده‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌.
14
ئینجا یه‌هودا و براكانی هاتنه‌ ناو ماڵه‌كه‌ی یوسف، ئه‌ویش خۆی هێشتا له‌وێ بوو، ئیتر له‌به‌رده‌می كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی.
15
یوسفیش پێی گوتن: «ئه‌م كاره‌ چییه‌ ئێوه‌ كردووتانه‌؟ ئایا نه‌تانده‌زانی پیاوێكی وه‌ك من فاڵ ده‌گرێته‌وه‌؟»
16
یه‌هوداش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «چی به‌ گه‌وره‌ی خۆم بڵێین؟ قسه‌ی چی بكه‌ین و به‌ چی پاكانه‌ی خۆمان بكه‌ین. خودا تاوانی خزمه‌تكاره‌كانتی ده‌رخستووه‌. ئێستاش ئێمه‌ كۆیله‌ی گه‌وره‌ی خۆمانین، ئێمه‌ و ئه‌وه‌ی جامه‌كه‌ش له‌ ده‌ستی گیراوه‌.»
17
به‌ڵام یوسف گوتی: «له‌ من دوور بێت شتی وا بكه‌م! ئه‌و پیاوه‌ی جامه‌كه‌ی له‌ ده‌ست گیراوه‌ ئه‌و ده‌بێته‌ كۆیله‌م. ئێوه‌ش به‌ سه‌لامه‌تی سه‌ربكه‌ونه‌وه‌ بۆ لای باوكتان.»
18
ئینجا یه‌هودا لێی چووه‌ پێشه‌وه‌ و گوتی: «ئه‌ی گه‌وره‌م، تكایه‌، با خزمه‌تكاری خۆت قسه‌یه‌ك بۆ گه‌وره‌كه‌ی بكات. ڕقیشت له‌ خزمه‌تكاری خۆت هه‌ڵنه‌ستێت، چونكه‌ تۆ وه‌ك خودی فیرعه‌ونیت.
19
گه‌وره‌م له‌ خزمه‌تكارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوك یان براتان هه‌یه‌؟“
20
ئێمه‌ش به‌ گه‌وره‌مان گوت: ”باوكێكی پیرمان هه‌یه‌، كوڕێكی بچووكی ته‌مه‌نی پیری ئه‌ویشمان هه‌یه‌، براكه‌ی مردووه‌ و خۆی به‌ ته‌نها بۆ دایكی ماوه‌ته‌وه‌، باوكیشی خۆشی ده‌وێت.“
21
«تۆش به‌ خزمه‌تكارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن هه‌تا به‌ چاوی خۆم بیبینم.“
22
ئێمه‌ش به‌ گه‌وره‌مان گوت: ”كوڕه‌كه‌ ناتوانێت باوكی به‌جێبهێڵێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر باوكی به‌جێبهێڵێت باوكی ده‌مرێت.“
23
به‌ڵام تۆ به‌ خزمه‌تكاره‌كانی خۆتت گوت: ”ئه‌گه‌ر برا بچووكه‌كه‌تان له‌گه‌ڵتان به‌ره‌و خوار نه‌هات، ئه‌وا چاوتان به‌ چاوم ناكه‌وێته‌وه‌.“
24
ئه‌وه‌ بوو كاتێك گه‌ڕاینه‌وه‌ لای خزمه‌تكاری خۆت، باوكمان، قسه‌كانی گه‌وره‌ی خۆممان پێی ڕاگه‌یاند.
25
«پاشان باوكمان پێی گوتین: ”بگه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌ندێك خواردنمان بۆ بكڕن.“
26
به‌ڵام ئێمه‌ گوتمان: ”ناتوانین به‌ره‌و خوار بچین، ته‌نها ئه‌گه‌ر برا بچووكه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ بێت به‌ره‌و خوار ده‌چین، چونكه‌ ناتوانین چاومان به‌ چاوی پیاوه‌كه‌ بكه‌وێت و برا بچووكه‌كه‌شمان له‌گه‌ڵ نه‌بێت.“
27
«خزمه‌تكاره‌كه‌ت، باوكمان پێی گوتین: ”ئێوه‌ ده‌زانن ژنه‌كه‌م دوو كوڕی بۆم بووه‌،
28
یه‌كێكیان له‌لای من ڕۆیشت، گوتم، ’هه‌بێت و نه‌بێت پارچه‌پارچه‌ كراوه‌.‘ هه‌تا ئێستاش چاوم پێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.
29
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شیان له‌به‌رده‌مم ببه‌ن و به‌ڵایه‌كی به‌سه‌ربێت، ئه‌وا مووه‌ سپییه‌كانم به‌ خه‌م و په‌ژاره‌وه‌ ده‌نێنه‌ ناو جیهانی مردووانه‌وه‌.“
30
«ئێستاش ئه‌گه‌ر بچمه‌وه‌ لای خزمه‌تكاری خۆت، باوكم، كوڕه‌كه‌شمان له‌گه‌ڵ نه‌بێت و گیانیشی په‌یوه‌سته‌ به‌ گیانی ئه‌مه‌وه‌،
31
ئیتر هه‌ر كه‌ بینی كوڕه‌كه‌ دیار نییه‌، ئه‌وا بۆ خۆی ده‌مرێت. ئێمه‌ی خزمه‌تكارانیشت سه‌ر سپی خزمه‌تكارت، باوكمان، به‌ خه‌م و په‌ژاره‌وه‌ داده‌گرینه‌ ناو جیهانی مردووان،
32
چونكه‌ خزمه‌تكاری خۆت زامنی سه‌لامه‌تی كوڕه‌كه‌ی كردووه‌ له‌لای باوكم. گوتوومه‌: ”ئه‌گه‌ر بۆم نه‌هێنایته‌وه‌ ئه‌وا هه‌تاهه‌تایه‌ تاوانبارم به‌رامبه‌ر به‌ باوكم!“
33
«ئێستاش با خزمه‌تكاری خۆت له‌ جیاتی كوڕه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ و ببێته‌ كۆیله‌ی گه‌وره‌ی خۆم، كوڕه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ براكانی بگه‌ڕێته‌وه‌.
34
چۆن بگه‌ڕێمه‌وه‌ لای باوكم و ئه‌و كوڕه‌ له‌گه‌ڵ من نه‌بێت؟ نه‌وه‌ك ئه‌و مه‌ینه‌تییه‌ ببینم كه‌ به‌سه‌ر باوكمدا دێت.»