عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گه‌شتی دووه‌م بۆ میسر 
1
قاتوقڕی له‌ خاكه‌كه‌ درێژه‌ی كێشا و هه‌ر سه‌خت بوو.
2
كاتێك له‌ خواردنی گه‌نمه‌كه‌ بوونه‌وه‌ كه‌ له‌ میسره‌وه‌ هێنابوویان، باوكیان پێی گوتن: «بگه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌ندێك خۆراكمان بۆ بكڕن.»
3
به‌ڵام یه‌هودا پێی گوت: «ئه‌و پیاوه‌ به‌ ته‌واوی ئاگاداری كردینه‌وه‌ و گوتی: ”به‌بێ ئه‌وه‌ی براكه‌تان له‌گه‌ڵ بێت، چاوتان به‌ چاوم ناكه‌وێت.“
4
ئه‌گه‌ر براكه‌مان له‌گه‌ڵ بنێریت ئه‌وا به‌ره‌و خوار ده‌چین و خۆراكت بۆ ده‌كڕین.
5
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناینێریت ئه‌وا به‌ره‌و خوار ناچین، چونكه‌ پیاوه‌كه‌ پێی گوتین: ”چاوتان به‌ چاوم ناكه‌وێت، بێ ئه‌وه‌ی براكه‌تان له‌گه‌ڵتان بێت.“»
6
ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپه‌تان له‌گه‌ڵ كردم به‌وه‌ی به‌ پیاوه‌كه‌تان ڕاگه‌یاند برایه‌كی دیكه‌شتان هه‌یه‌؟»
7
ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «پیاوه‌كه‌ ده‌رباره‌ی خۆمان و كه‌سوكارمان پرسیاری لێكردین: ”ئایا باوكتان ماوه‌؟ برای دیكه‌تان هه‌یه‌؟“ ئێمه‌ش به‌پێی ئه‌م قسانه‌ پێمان ڕاگه‌یاند. ئایا ده‌مانزانی كه‌ پێمان ده‌ڵێت: ”براكه‌تان بۆ ئێره‌ بهێنن“؟»
8
یه‌هودا به‌ ئیسرائیلی باوكی گوت: «كوڕه‌كه‌ له‌گه‌ڵ من بنێره‌، هه‌ڵده‌ستین و ده‌ڕۆین، ئیتر ئێمه‌ و تۆ و منداڵه‌كانمان ده‌ژین و نامرین.
9
خۆم زامنی ده‌بم، له‌ ده‌ستی من داوای ده‌كه‌یته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بۆم نه‌هێنایته‌وه‌ و له‌به‌رده‌مت ڕام نه‌گرت ئه‌وا هه‌تاهه‌تایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تۆ تاوانبارم،
10
چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئاوا دوانه‌كه‌وتباین، ئێستا ئه‌مه‌ دووه‌م جار بوو هاتبووینه‌وه‌.»
11
ئیسرائیلی باوكیشیان پێی گوتن: «ئه‌گه‌ر وایه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌ بكه‌ن، له‌ باشترین به‌رهه‌می زه‌وی بخه‌نه‌ ناو جه‌واڵه‌كانتان و به‌ دیاری بۆ پیاوه‌كه‌ی ببه‌ن، هه‌ندێك هه‌تووان و هه‌نگوین و به‌هارات و موڕ[a] و بسته‌ و باده‌م.
12
دوو هێنده‌ش زیو له‌گه‌ڵ ده‌ستتان ببه‌ن، ئه‌و زیوه‌ش كه‌ له‌ ده‌می هه‌گبه‌كانتان گه‌ڕێنرابووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆتان بیبه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ چووبێت.
13
براكه‌تان ببه‌ن و هه‌ستن بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای پیاوه‌كه‌.
14
خودای هه‌ره‌ به‌ توانا وا بكات ئه‌و پیاوه‌ به‌زه‌یی هه‌بێت به‌رامبه‌رتان، تاكو واز له‌ براكه‌ی دیكه‌تان و بنیامین بهێنێت. منیش ئه‌گه‌ر له‌ منداڵان بێبه‌ش بووم، ئه‌وا لێیان بێبه‌شم.»
15
پیاوه‌كانیش ئه‌م دیارییه‌یان هه‌ڵگرت و دوو هێنده‌ زیویشیان له‌گه‌ڵ ده‌ستیان هه‌ڵگرت و له‌گه‌ڵ بنیامین، هه‌ستان و به‌ره‌و خوار چوون بۆ میسر و له‌به‌رده‌م یوسف ڕاوه‌ستان.
16
كاتێك یوسف بنیامینی له‌گه‌ڵیان بینی، به‌ سه‌ركاری ماڵه‌كه‌ی گوت: «ئه‌م پیاوانه‌ ببه‌ ماڵه‌وه‌ و ئاژه‌ڵێكیش سه‌ر ببڕه‌ و ئاماده‌ی بكه‌، چونكه‌ ئه‌م پیاوانه‌ بۆ نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ خۆم نان ده‌خۆن.»
17
ئیتر یوسف چۆنی گوت، پیاوه‌كه‌ ئاوای كرد، پیاوه‌كانی برده‌ ماڵی یوسف.
18
پیاوه‌كان ترسان كاتێك برانه‌ ماڵی یوسف، گوتیان: «به‌هۆی ئه‌و زیوه‌ی جاری یه‌كه‌م گه‌ڕێنرابووه‌وه‌ ناو هه‌گبه‌كانمان ئێمه‌یان هێناوه‌ته‌ ژووره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌لامارمان بدات و بكه‌وێته‌ سه‌رمان و بمانكاته‌ كۆیله‌ و گوێدرێژه‌كانمان ببات.»
19
ئیتر له‌ سه‌ركاری ماڵه‌كه‌ی یوسف چوونه‌ پێشه‌وه‌ و له‌ناو ده‌رگای ماڵه‌كه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كرد.
20
پێیان گوت: «ئه‌ی گه‌وره‌م، تكایه‌، ئێمه‌ یه‌كه‌م جار هاتینه‌ ئێره‌ بۆ كڕینی خۆراك.
21
به‌ڵام كه‌ له‌ شوێنی شه‌ومانه‌وه‌كه‌مان ڕاوه‌ستاین، هه‌گبه‌كانمان كرده‌وه‌، بینیمان زیوی هه‌ریه‌كه‌مان له‌ ده‌می هه‌گبه‌كه‌ی بوو، به‌ كێشی ته‌واوی خۆی، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆمان هێنامانه‌وه‌.
22
هه‌روه‌ها زیوی دیكه‌شمان له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆمان هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆراك بكڕین. ناشزانین كێ زیوه‌كانمانی خستبووه‌ ناو هه‌گبه‌كانمان.»
23
ئه‌ویش پێی گوتن: «ئاشتیتان بۆ ببێت، مه‌ترسن. خوداكه‌ی ئێوه‌ و خوداكه‌ی باوكتان هه‌گبه‌كانتانی كرده‌ گه‌نجینه‌، من زیوه‌كانی ئێوه‌م وه‌رگرتووه‌.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌.
24
پیاوه‌كه‌ ئه‌وانی هێنایه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی یوسف و ئاوی دانێ هه‌تا پێیان بشۆن و ئالیكی دایه‌ گوێدرێژه‌كانیان.
25
ئه‌وانیش دیارییه‌كه‌یان ئاماده‌ كرد بۆ كاتی گه‌یشتنی یوسف له‌ ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ، چونكه‌ بیستبوویان ئه‌وان له‌وێ نان ده‌خۆن.
26
كه‌ یوسف گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ، دیارییه‌كه‌یان بۆ هێنا كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵه‌كه‌، كڕنۆشیان بۆ برد.
27
ئه‌ویش هه‌واڵی پرسین و گوتی: «باوكه‌ پیره‌كه‌تان چۆنه‌ كه‌ بۆتان باسكردم؟ ئایا هێشتا ماوه‌؟»
28
ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «خزمه‌تكاری خۆت باوكی ئێمه‌ باشه‌ و هێشتاش زیندووه‌.» ئیتر بۆی نوشتانه‌وه‌ و كڕنۆشیان بۆی برد.
29
ئه‌ویش چاوی هه‌ڵبڕی و سه‌یری بنیامینی برای كوڕی دایكی خۆی كرد و گوتی: «ئه‌مه‌یه‌ برا بچووكه‌كه‌تان كه‌ بۆتان باسكردم؟» ئینجا گوتی: «كوڕم، خودا میهره‌بان بێت له‌گه‌ڵت.»
30
ئیتر یوسف په‌له‌ی كرد، چونكه‌ هه‌ناوی گڕی گرت بۆ براكه‌ی و داوای شوێنێكی كرد هه‌تا تێیدا بگریێت. ئینجا چووه‌ ژووره‌كه‌ی خۆی و له‌وێ گریا.
31
پاشان ده‌موچاوی شوشت و هاته‌ ده‌ره‌وه‌، دانی به‌خۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.»
32
ئه‌وانیش به‌ جیا خواردنیان بۆ ئه‌م هێنا و بۆ ئه‌وانیش به‌ جیا، بۆ میسرییه‌كانیشیان به‌ جیا هێنا كه‌ لای ئه‌و نانیان ده‌خوارد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی میسرییه‌كان نه‌یانده‌توانی له‌گه‌ڵ عیبرانییه‌كان پێكه‌وه‌ نان بخۆن، چونكه‌ له‌لای میسرییه‌كان كارێكی قێزه‌ون بوو.
33
كاتێك به‌پێی ته‌مه‌نیان له‌به‌رده‌می دانیشتبوون، له‌ نۆبه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌تا بچووكه‌كه‌یان. به‌ سه‌رسامیشه‌وه‌ ده‌یانڕوانییه‌ یه‌كتری.
34
كاتێك له‌ خوانه‌كه‌ی یوسف خواردن دابه‌ش كرا، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی بنیامین پێنج ئه‌وه‌نده‌ی به‌شه‌كانی هه‌موویان بوو. ئیتر له‌گه‌ڵی خواردیانه‌وه‌ و خه‌یاڵ بوون[b] .
  1. a. 43‏:11 مۆر: \+xt بڕوانه‌ 37‏:25‏\+xt*.
  2. b. 43‏:34 خه‌یاڵبوون حاڵه‌تی پێش سه‌رخۆشبوونه‌.