عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یوسف و ژنی پۆتی‌فه‌ر 
1
یوسف به‌ره‌و خوار بردرا بۆ میسر. له‌وێ پیاوێكی میسری به‌ ناوی پۆتی‌فه‌ر كه‌ كاربه‌ده‌ستی فیرعه‌ون و سه‌رۆكی پاسه‌وانه‌كانی بوو، له‌ ئیسماعیلییه‌كانی كڕی كه‌ به‌ره‌و میسر هێنابوویان.
2
یه‌زدان له‌گه‌ڵ یوسف بوو، ئیتر پیاوێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، له‌ ماڵی گه‌وره‌ میسرییه‌كه‌یدا بوو.
3
گه‌وره‌كه‌ی بینی كه‌ یه‌زدانی له‌گه‌ڵدایه‌ و ده‌ست بداته‌ هه‌ر كارێكیش یه‌زدان سه‌ركه‌وتووی ده‌كات.
4
یوسف له‌به‌رچاوی په‌سه‌ند بوو و خزمه‌تی كرد. پۆتی‌فه‌ریش كردی به‌ گه‌وره‌ لێپرسراوی ماڵه‌كه‌ی و هه‌رچییه‌كی هه‌بوو دایه‌ ده‌ست ئه‌م.
5
ئیتر له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌می كرد به‌ گه‌وره‌ لێپرسراوی ماڵه‌كه‌ی و هه‌رچی كه‌ هه‌یبوو، یه‌زدان له‌به‌ر یوسف ماڵی ئه‌و میسرییه‌ی به‌ره‌كه‌تدار كرد. به‌ره‌كه‌ته‌كه‌ی یه‌زدانیش بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بوو كه‌ هی پۆتی‌فه‌ر بوو، چ له‌ناو ماڵه‌كه‌ی و چ له‌ ده‌شتوده‌ر.
6
ئیتر هه‌رچییه‌كی هه‌بوو بۆ یوسفی به‌جێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نه‌بوو، ته‌نها ئه‌و نانه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌یخوارد.
یوسفیش ڕوخسار جوان و به‌ژن ڕێك بوو.
7
دوای ماوه‌یه‌ك ژنی گه‌وره‌كه‌ی چاوی بڕییه‌ یوسف و پێی گوت: «وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم بنوو.»
8
به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تی كرده‌وه‌ و به‌ ژنی گه‌وره‌كه‌ی گوت: «ته‌ماشا بكه‌، گه‌وره‌م سه‌رقاڵی هیچ شتێك نییه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی هه‌یه‌، هه‌رچییه‌كیشی هه‌یه‌ به‌ منی سپاردووه‌.
9
كه‌سیش له‌ ماڵه‌كه‌دا له‌ من گه‌وره‌تر نییه‌. هیچیشی لێ قه‌ده‌غه‌ نه‌كردووم، ته‌نها تۆ نه‌بێت، چونكه‌ تۆ ژنی ئه‌ویت. ئیتر چۆن ده‌بێت به‌دكارییه‌كی ئاوا گه‌وره‌ بكه‌م و گوناه به‌رامبه‌ر به‌ خودا بكه‌م؟»
10
هه‌روه‌ها ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ یوسفی ده‌گوته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ قسه‌ی نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی بنووێت و له‌گه‌ڵی بێت.
11
ئه‌وه‌ بوو ڕۆژێكیان بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی هاته‌ ناو ماڵه‌كه‌، هیچ كه‌سێكی ماڵه‌كه‌ش له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌بوو.
12
ژنه‌كه‌ كه‌واكه‌ی گرت و گوتی: «له‌گه‌ڵم بنوو!» به‌ڵام ئه‌و كه‌واكه‌ی له‌ ده‌ستی ئه‌و به‌جێهێشت و هه‌ڵات، چووه‌ ده‌ره‌وه‌.
13
كه‌ بینی وا كه‌واكه‌ی له‌ ده‌ستی ئه‌م به‌جێهێشت و هه‌ڵاته‌ ده‌ره‌وه‌،
14
بانگی كه‌سانی ماڵه‌كه‌ی كرد و پێی گوتن: «سه‌یر بكه‌ن، پیاوێكی عیبرانی بۆ هێناوین ده‌ستبازیمان له‌گه‌ڵ بكات. بۆم هاتووه‌ته‌ ژووره‌وه‌ هه‌تا لاقه‌م بكات، به‌ڵام من به‌ ده‌نگی به‌رز قیژاندم.
15
ئیتر كه‌ گوێی لێبوو ده‌نگم هه‌ڵبڕی و قیژاندم، كه‌واكه‌ی له‌لام به‌جێهێشت و هه‌ڵات، چووه‌ ده‌ره‌وه‌.»
16
كه‌واكه‌ی ئه‌وی له‌لای خۆی دانا هه‌تا گه‌وره‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.
17
ئیتر هه‌مان قسه‌ی بۆ ئه‌و گێڕایه‌وه‌، پێی گوت: «خزمه‌تكاره‌ عیبرانییه‌كه‌ی تۆ بۆت هێناوین، بۆم هاته‌ ژووره‌وه‌ هه‌تا ده‌ستبازیم له‌گه‌ڵ بكات.
18
به‌ڵام كه‌ ده‌نگم هه‌ڵبڕی و قیژاندم، كه‌واكه‌ی له‌لام به‌جێهێشت و هه‌ڵاته‌ ده‌ره‌وه‌.»
19
كه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی ژنه‌كه‌ی خۆی بیست كه‌ بۆی كرد و پێی گوت، «خزمه‌تكاره‌كه‌ت ئاوای پێكردم،» تووڕه‌یی جۆشا.
20
ئینجا گه‌وره‌كه‌ی یوسفی هێنا و خستییه‌ زیندانه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی زیندانییه‌كانی پاشای لێ به‌ند كرابوون. ئیتر له‌وێ له‌ زیندان مایه‌وه‌.
21
به‌ڵام یه‌زدان له‌گه‌ڵ یوسف بوو، خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ردا كێشا و له‌به‌رچاو كارگێڕی زیندانه‌كه‌ په‌سه‌ندی كرد.
22
ئیتر كارگێڕی زیندانه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و زیندانییانه‌ی خسته‌ ژێر ده‌ستی یوسف كه‌ له‌ زیندانه‌كه‌دا بوون، كردیشی به‌ لێپرسراوی هه‌ر كارێك له‌وێ هه‌بوو.
23
كارگێڕی زیندانه‌كه‌ش سه‌یری هیچ شتێكی نه‌ده‌كرد كه‌ به‌ ده‌ست یوسف بووایه‌، چونكه‌ یه‌زدان له‌گه‌ڵ یوسف بوو، هه‌ر كارێكیشی ده‌كرد یه‌زدان سه‌ری ده‌خست.