عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌هودا و تامار 
1
ئه‌وه‌ بوو یه‌هودا له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌لای براكانی دابه‌زی و چوو بۆ لای پیاوێكی عه‌دولامی كه‌ ناوی حیره‌ بوو.
2
له‌وێ یه‌هودا چاوی به‌ كچی پیاوێكی كه‌نعانی كه‌وت، پیاوه‌كه‌ش ناوی شوه‌ع بوو. ئه‌و كچه‌ی خواست و له‌گه‌ڵی نوست.
3
ئه‌ویش سكی پڕ بوو، كوڕێكی بوو ناوی لێنا ئێر.
4
جارێكی دیكه‌ سكی پڕ بووه‌وه‌، كوڕێكی دیكه‌ی بوو ناوی لێنا ئۆنان.
5
دیسان سكی پڕ بووه‌وه‌، كوڕێكی دیكه‌ی بوو ناوی لێنا شاله‌ح. كاتێك یه‌هودا له‌ كه‌زیب[a] بوو، ئه‌م كوڕه‌ی بوو.
6
یه‌هودا ژنێكی بۆ ئێری كوڕه‌ نۆبه‌ره‌ی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو.
7
به‌ڵام ئێری كوڕه‌ نۆبه‌ره‌ی یه‌هودا له‌به‌رده‌م یه‌زدان به‌دكار بوو، یه‌زدانیش له‌ناوی برد.
8
ئینجا یه‌هودا به‌ ئۆنانی گوت: «ژنی براكه‌ت بخوازه‌وه‌ و بڕۆ به‌لای، به‌ ئه‌ركی برایه‌تی هه‌سته‌ و نه‌وه‌ بۆ براكه‌ت بخه‌ره‌وه‌.»
9
به‌ڵام ئۆنان ئه‌وه‌ی زانی كه‌ نه‌وه‌كه‌ هی ئه‌م نابێت، ئیتر هه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ ژنی براكه‌ی ده‌نوست، تۆوه‌كه‌ی خۆی ده‌ڕژانده‌ سه‌ر زه‌وی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ بۆ براكه‌ی نه‌خاته‌وه‌.
10
ئه‌م كرداره‌ی ئه‌و له‌لای یه‌زدان كارێكی خراپ بوو، ئیتر ئه‌ویشی مراند.
11
یه‌هودا به‌ تاماری بووكی خۆی گوت: «له‌ ماڵی باوكت به‌ بێوه‌ژنی دابنیشه‌، هه‌تا شاله‌حی كوڕم گه‌وره‌ ده‌بێت.» چونكه‌ بیری كرده‌وه‌ و گوتی: «نه‌وه‌ك ئه‌میشیان وه‌ك دوو براكه‌ی بمرێت.» تاماریش چوو له‌ ماڵی باوكی دانیشت.
12
دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كچه‌كه‌ی شوه‌ع كه‌ ژنی یه‌هودا بوو مرد. دوای ئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی بووه‌، یه‌هودا له‌گه‌ڵ حیره‌ی عه‌دولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئه‌وانه‌ی خوری مه‌ڕه‌كانیان بۆ ده‌بڕییه‌وه‌.
13
كاتێك به‌ تاماریان ڕاگه‌یاند: «وا خه‌زوورت هاتووه‌ بۆ تیمنا، بۆ بڕینه‌وه‌ی خوری مه‌ڕه‌كانی،»
14
ئه‌ویش جلوبه‌رگی بێوه‌ژنی داكه‌ند و به‌ ڕووپۆش خۆی داپۆشی و خۆی پێچایه‌وه‌، له‌به‌ر ده‌روازه‌ی عێینه‌یم دانیشت، كه‌ له‌سه‌ر ڕێگای تیمنایه‌، چونكه‌ سه‌یری كرد وا شاله‌ح گه‌وره‌ش بووه‌، كه‌چی ئه‌میان نه‌دایێ ببێته‌ ژنی.
15
كه‌ یه‌هودا بینی وایزانی ئافره‌تی له‌شفرۆشییه‌، چونكه‌ ڕووی خۆی داپۆشی بوو.
16
ئیتر له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ لایدا به‌لای ئه‌ودا و پێی گوت: «وه‌ره‌ با له‌گه‌ڵت بنووم،» چونكه‌ نه‌یزانی ئه‌وه‌ بووكه‌كه‌یه‌تی.
ئه‌ویش پێی گوت: «چیم پێده‌ده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم بنوویت؟»
17
ئه‌ویش گوتی: «له‌ ماڵاته‌كه‌م گیسكێكت بۆ ده‌نێرم.»
ئه‌میش گوتی: «ئه‌ی شتێكم وه‌ك بارمته‌ ده‌ده‌یتێ هه‌تا ده‌ینێریت؟»
18
ئه‌ویش گوتی: «چ بارمته‌یه‌كت بده‌مێ؟»
ئه‌میش گوتی: «مۆر و قه‌یتان و گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستت.» ئه‌ویش ئه‌مانه‌ی دایێ و له‌گه‌ڵی نوست، ئیتر سكی لێی پڕبوو.
19
ئینجا هه‌ستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشه‌كه‌ی له‌ خۆی كرده‌وه‌ و جلوبه‌رگی بێوه‌ژنی له‌به‌ركرده‌وه‌.
20
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌هودا گیسكه‌كه‌ی به‌ هاوڕێ عه‌دولامییه‌كه‌یدا نارد بۆ ئه‌وه‌ی بارمته‌كه‌ له‌ ده‌ست ژنه‌كه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و نه‌یبینییه‌وه‌.
21
ئیتر پرسیاری له‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوه‌ كرد و گوتی: «ئه‌رێ ئه‌و ئافره‌ته‌ له‌شفرۆشه‌ی[b] له‌ نزرگه‌ له‌ كه‌ناری ڕێی عێینه‌یم بوو له‌كوێیه‌؟»
ئه‌وانیش گوتیان: «ئه‌م ناوه‌ هیچ ئافره‌تێكی له‌شفرۆشی لێ نه‌بووه‌.»
22
ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه‌ لای یه‌هودا و پێی گوت: «نه‌مبینییه‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌و ناوه‌ش گوتیان: ”هیچ ئافره‌تی له‌شفرۆش له‌و ناوه‌دا نییه‌.“»
23
یه‌هوداش گوتی: «با بۆ خۆی هه‌ڵیانبگرێت نه‌وه‌ك ڕیسوا بین. ئه‌وه‌تا ئه‌م گیسكه‌م بۆ ناردووه‌، به‌ڵام تۆ ئه‌وت نه‌بینییه‌وه‌.»
24
نزیكه‌ی سێ مانگ دوای ئه‌وه‌ به‌ یه‌هودا ڕاگه‌یه‌نرا و گوترا: «تاماری بووكت له‌شفرۆشی كردووه‌، به‌هۆی ئه‌و له‌شفرۆشییه‌وه‌ سكیشی پڕه‌.»
یه‌هوداش گوتی: «بیهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بسووتێنرێت!»
25
ئه‌وه‌ بوو كه‌ هێنرایه‌ ده‌ره‌وه‌، ناردییه‌ لای خه‌زووری و گوتی: «سكم له‌و پیاوه‌ پڕه‌ كه‌ خاوه‌نی ئه‌مانه‌یه‌.» هه‌روه‌ها گوتی: «وردبه‌ره‌وه‌ ئه‌م مۆر و قه‌یتان و گۆچانه‌ هی كێیه‌؟»
26
یه‌هوداش ئه‌وانی ناسییه‌وه‌ و گوتی: «ئه‌و له‌ من ڕاستودروستتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مداوه‌ به‌ شاله‌حی كوڕم.» دوای ئه‌مه‌ ئیتر له‌گه‌ڵی نه‌نوسته‌وه‌.
27
كه‌ هاته‌ سه‌ر منداڵبوون، دووانه‌یه‌ك[c] له‌ سكی بوو.
28
له‌ كاتی منداڵبوونی یه‌كێكیان ده‌ستی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌، مامانه‌كه‌ش ده‌زووێكی سووری له‌ ده‌ستی به‌ست و گوتی: «ئه‌مه‌یان یه‌كه‌م جار هاته‌ ده‌ره‌وه‌.»
29
به‌ڵام كه‌ ده‌ستی كێشایه‌وه‌ دواوه‌، براكه‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، مامانه‌كه‌ش گوتی: «ئه‌وه‌ بۆ هه‌ڵتكوتا، ده‌ك هه‌ڵبكوترێته‌ سه‌رت!» ئه‌مه‌یان ناونرا پێرێز[d] .
30
له‌دوای براكه‌ی، كه‌ ده‌زووه‌ سووره‌كه‌ به‌ ده‌ستییه‌وه‌ بوو، هاته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌شیان ناونرا زه‌ره‌ح[e] .
  1. a. 38‏:5 كه‌زیب: شارۆچكه‌یه‌ك بووه‌ 5 كیلۆمه‌تر باشووری عه‌دولام.
  2. b. 38‏:21 به‌پێی باوه‌ڕی ئایینی كه‌نعانی بۆ به‌رداركردنی كێڵگه‌ له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشی نزرگه‌ جووت ده‌بوون. هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌م باوه‌ڕه‌ی كه‌نعانییه‌كانیان په‌یڕه‌و كردووه‌. بڕوانه‌ دواوتار 23‏:17‏-18.
  3. c. 38‏:27 جمك
  4. d. 38‏:29 پێرێز: واته‌ هه‌ڵكوتان.
  5. e. 38‏:30 زه‌ره‌ح: واته‌ سووره‌ یان بریقه‌دار.