عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئیسحاق یاقوبی بانگكرد و داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كرد، فه‌رمانی پێدا و پێی گوت: «له‌گه‌ڵ كچی كه‌نعانییه‌كان هاوسه‌رگیری مه‌كه‌.
2
هه‌سته‌ بڕۆ بۆ په‌دان ئارام[a] بۆ ماڵی بتوئێلی باوكی دایكت، له‌وێ له‌ كچه‌كانی لابانی برای دایكت ژنێك بۆ خۆت بخوازه‌.
3
با خودای هه‌ره‌ به‌ توانا به‌ره‌كه‌تدار و به‌ردار و زۆرت بكات، هه‌تا ببیته‌ كۆمه‌ڵێك گه‌ل.
4
به‌ره‌كه‌تی ئیبراهیمت ده‌داتێ[b] ، بۆ خۆت و نه‌وه‌كه‌ت له‌گه‌ڵتدا، له‌و زه‌وییه‌ی ئێستا ئاواره‌یت ده‌بیته‌ میراتگری، ئه‌وه‌ی خودا دایه‌ ئیبراهیم.»
5
ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئه‌ویش چوو بۆ په‌دان ئارام بۆ لای لابانی كوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقه‌ی دایكی یاقوب و عیسۆ.
6
عیسۆش بینی ئیسحاق داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ یاقوب كرد و ناردییه‌ په‌دان ئارام هه‌تا له‌وێ ژنێك بهێنێت، كاتێك داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كرد و فه‌رمانی پێدا، پێی گوت: «له‌ كچانی كه‌نعان ژن نه‌خوازیت.»
7
یاقوبیش گوێڕایه‌ڵی دایك و باوكی بوو، چوو بۆ په‌دان ئارام.
8
عیسۆ بینی كه‌ له‌پێش چاوی ئیسحاقی باوكی، كچانی كه‌نعانیان به‌دكرده‌وه‌ن.
9
ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحه‌له‌تی خوشكی نه‌بایۆتی كچی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیمی خواست، به‌سه‌ر ژنه‌كانی دیكه‌یدا.
خه‌ونی یاقوب له‌ بێت‌ئێل 
10
یاقوب بیری شابه‌عی به‌جێهێشت و به‌ره‌و حه‌ڕان ڕۆیشت.
11
ئیتر ڕێی كه‌وته‌ شوێنێك و له‌وێ مایه‌وه‌، چونكه‌ خۆر ئاواببوو. به‌ردێكیشی له‌ به‌رده‌كانی ئه‌و شوێنه‌ هێنا و خستییه‌ ژێر سه‌ری، له‌و شوێنه‌دا ڕاكشا.
12
خه‌ونێكی بینی، له‌م خه‌ونه‌ پێپلیكانه‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی ڕاگیراوه‌ و سه‌ریشی له‌ ئاسمان ده‌دات. بینی فریشته‌كانی خوداش پێیدا سه‌رده‌كه‌ون و دێنه‌ خواره‌وه‌.
13
وا یه‌زدان وه‌ستاوه‌ و ده‌فه‌رموێت: «من یه‌زدانم، خودای ئیبراهیمی باوكت و خودای ئیسحاق. ئه‌و زه‌وییه‌ی له‌سه‌ری ڕاكشاویت ده‌یده‌مه‌ خۆت و نه‌وه‌كه‌ت.
14
نه‌وه‌كه‌ت وه‌ك خۆڵی زه‌وی ده‌بێت، به‌ره‌و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات و باكوور و باشوور بڵاو ده‌بیته‌وه‌. هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی تۆ و نه‌وه‌ی تۆوه‌ به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن.
15
من له‌گه‌ڵتدام و بۆ هه‌ر لایه‌ك بچیت ده‌تپارێزم، ده‌شتگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌م خاكه‌، چونكه‌ وازت لێ ناهێنم هه‌تا ئه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌ده‌م كه‌ پێم فه‌رموویت.»
16
یاقوب له‌ خه‌ونه‌كه‌ی به‌ئاگا هات، گوتی: «بێگومان یه‌زدان له‌م شوێنه‌یه‌، منیش نه‌مزانی!»
17
ترسیش دایگرت و گوتی: «ئه‌م شوێنه‌ چه‌ند ترسناكه‌! ئه‌مه‌ هیچی دیكه‌ نییه‌ ماڵی خودا نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌روازه‌ی ئاسمانه‌.»
18
یاقوب به‌یانی زوو له‌ خه‌و هه‌ستا و ئه‌و به‌رده‌ی هێنا كه‌ له‌ژێر سه‌ری خۆی داینابوو به‌ ستوونی ڕاگیری كرد و زه‌یتی به‌سه‌ردا كرد.
19
ئه‌و شوێنه‌شی ناونا بێت‌ئێل[c] . به‌ڵام پێشتر شاره‌كه‌ ناوی لوز بوو.
20
یاقوب نه‌زرێكیشی نه‌زر كرد[d] و گوتی: «ئه‌گه‌ر خودا له‌گه‌ڵ من بێت و له‌م ڕێگایه‌ بمپارێزێت كه‌ پێیدا ده‌ڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبه‌رگیش بیپۆشم،
21
به‌ سه‌لامه‌تیش گه‌ڕامه‌وه‌ لای ماڵی باوكم، ئه‌وا یه‌زدان ده‌بێته‌ خودای من.
22
ئه‌م به‌رده‌ش كه‌ به‌ ستوونی ڕاگیرم كردووه‌، ده‌بێته‌ ماڵی خودا[e] و هه‌رچییه‌كیشم پێ ببه‌خشیت ئه‌وا ده‌یه‌كی لێ ده‌به‌خشم.»
  1. a. 28‏:2 ‏واته‌ باكووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.
  2. b. 28‏:4 مه‌به‌ست ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌یه‌ كه‌ خودا دابوویه‌ ئیبراهیم.
  3. c. 28‏:19 واته‌ ماڵی خودا. \+xt بڕوانه‌ 12‏:8‏\+xt*.
  4. d. 28‏:20 نه‌زر: داوا له‌ خودا ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی كارێك و پابه‌ند ده‌كرێت به‌ مه‌رجێكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر خودا ئه‌و كاره‌ بكات، ئه‌وا ده‌رئه‌نجام ئه‌میش ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ندی كردووه‌. \+xt بڕوانه‌ سه‌رژمێری 21‏:2.‏\+xt*‏
  5. e. 28‏:22 شوێنی خواپه‌رستی.