عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
له‌دایكبوونی ئیسحاق 
1
یه‌زدان به‌و شێوه‌یه‌ی فه‌رمووی سارای به‌سه‌ركرده‌وه‌، یه‌زدان چۆنی فه‌رموو ئاوای بۆ سارا كرد.
2
ئینجا سارا له‌ پیره‌مێردیێتی ئیبراهیمدا سكی پڕ بوو و منداڵێكی بۆی بوو، له‌و كاته‌ی كه‌ خودا پێی فه‌رموو.
3
ئیبراهیم كوڕه‌ له‌دایكبووه‌كه‌ی خۆی كه‌ سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق.
4
كاتێك ئیسحاقی كوڕی بووه‌ هه‌شت ڕۆژ، ئیبراهیم خه‌ته‌نه‌ی كرد، هه‌روه‌ك چۆن خودا ڕایسپاردبوو.
5
ته‌مه‌نی ئیبراهیم سه‌د ساڵ بوو كاتێك ئیسحاقی كوڕی له‌دایك بوو.
6
سارا گوتی: «خودا منی خستووه‌ته‌ پێكه‌نین، هه‌ركه‌سێكیش ئه‌مه‌ ببیستێت له‌گه‌ڵ من پێده‌كه‌نێت.»
7
هه‌روه‌ها گوتی: «كێ به‌ ئیبراهیمی ده‌گوت سارا شیر ده‌داته‌ منداڵان؟ چونكه‌ له‌ پیره‌مێردی ئه‌ودا كوڕێكم بوو.»
به‌ڕێكردنی هاجه‌ر و ئیسماعیل 
8
كوڕه‌ گه‌وره‌ بوو و له‌ شیر بڕایه‌وه‌. له‌و ڕۆژه‌ی ئیسحاق له‌ شیر بڕایه‌وه‌، ئیبراهیم خوانێكی گه‌وره‌ی ساز كرد.
9
به‌ڵام سارا كوڕه‌كه‌ی هاجه‌ری میسری بینی كه‌ له‌ ئیبراهیم بوو، گاڵته‌ی ده‌كرد.
10
جا به‌ ئیبراهیمی گوت: «ئه‌م كه‌نیزه‌یه‌ و كوڕه‌كه‌ی ده‌ربكه‌، چونكه‌ كوڕی ئه‌م كه‌نیزه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئیسحاقی كوڕی من نابێته‌ میراتگر.»
11
ئه‌م بابه‌ته‌ ئیبراهیمی زۆر ناڕه‌حه‌ت كرد، به‌هۆی كوڕه‌كه‌ی.
12
به‌ڵام خودا به‌ ئیبراهیمی فه‌رموو: «له‌لات ناڕه‌حه‌ت نه‌بێت له‌به‌ر كوڕه‌كه‌ و له‌به‌ر كه‌نیزه‌كه‌ت. هه‌رچی سارا پێت ده‌ڵێت به‌ قسه‌ی بكه‌، چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئیسحاقه‌وه‌ نه‌وه‌ی تۆ ناوده‌بردرێت.
13
هه‌روه‌ها كوڕی كه‌نیزه‌كه‌ش ده‌كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌، چونكه‌ وه‌چه‌ی تۆیه‌.»
14
سبه‌ی به‌یانی زوو ئیبراهیم له‌ خه‌و هه‌ستا و نان و مه‌شكه‌یه‌ك ئاوی هێنا و دایه‌ هاجه‌ر. خستییه‌ سه‌ر شانی و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ به‌ڕێی كرد. ئه‌ویش ڕۆیشت و له‌ چۆڵه‌وانی بیری شابه‌ع وێڵ بوو.
15
كه‌ مه‌شكه‌كه‌ ئاوی تێدا نه‌ما، كوڕه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌وه‌نێك دانا.
16
ئینجا ڕۆیشت و له‌ دووره‌وه‌ له‌ دووری تیرهاوێژێك به‌رامبه‌ری دانیشت، چونكه‌ گوتی: «با مه‌رگی كوڕه‌كه‌ نه‌بینم.» ئیتر به‌رامبه‌ری دانیشت و ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ و گریا.
17
خودا ده‌نگی كوڕه‌كه‌ی بیست و فریشته‌ی خودا له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاجه‌ری بانگكرد و پێی فه‌رموو: «چیته‌ هاجه‌ر؟ مه‌ترسه‌، خودا ده‌نگی كوڕه‌كه‌ی بیست له‌و شوێنه‌ی لێی دانراوه‌.
18
هه‌سته‌، كوڕه‌كه‌ هه‌ڵبگره‌ و ده‌ستت به‌هێز بكه‌، چونكه‌ ده‌یكه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن.»
19
ئینجا خودا هه‌ردوو چاوی هاجه‌ری كرده‌وه‌، ئه‌ویش بیرێكی ئاوی به‌دی كرد. ئیتر چوو مه‌شكه‌كه‌ی پڕكرد له‌ ئاو و ئاوی دایه‌ كوڕه‌كه‌.
20
خودا له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ بوو، گه‌وره‌ بوو و له‌ چۆڵه‌وانیدا ده‌ژیا، بووه‌ تیرهاوێژ.
21
له‌ چۆڵه‌وانی پاران نیشته‌جێ بوو، دایكیشی له‌ خاكی میسر ژنێكی بۆ هێنا.
په‌یمانی بیری شابه‌ع 
22
له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌بیمه‌له‌خ له‌گه‌ڵ فیكۆل كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی سوپاكه‌ی بوو، به‌ ئیبراهیمیان گوت: «له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خودات له‌گه‌ڵدایه‌.
23
ئێستاش ئا لێره‌دا سوێندم بۆ بخۆ به‌ خودا كه‌ ناپاكی نه‌ له‌ خۆم و نه‌ له‌ منداڵم و نه‌ له‌ نه‌وه‌م نه‌كه‌یت. به‌ڵكو وه‌ك ئه‌و چاكه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ تۆدا كردم له‌گه‌ڵم ده‌كه‌یت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و خاكه‌ی كه‌ تێیدا ئاواره‌ بوویت.»
24
ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند ده‌خۆم.»
25
ئینجا ئیبراهیم گله‌یی له‌ ئه‌بیمه‌له‌خ كرد سه‌باره‌ت به‌و بیره‌ ئاوه‌ی كه‌ خزمه‌تكاره‌كانی ئه‌بیمه‌له‌خ داگیریان كردبوو.
26
به‌ڵام ئه‌بیمه‌له‌خ گوتی: «ئاگادار نیم كێ ئه‌م شته‌ی كردووه‌. هه‌روه‌ها تۆ پێت ڕانه‌گه‌یاندووم، منیش ئه‌مڕۆ نه‌بێت نه‌مبیستووه‌.»
27
ئیتر ئیبراهیم مه‌ڕ و مانگای هێنا و دایه‌ ئه‌بیمه‌له‌خ، ئیتر هه‌ردووكیان په‌یمانیان به‌ست.
28
ئیبراهیم له‌ مێگه‌له‌كه‌ حه‌وت كاوڕه‌مێی به‌ ته‌نها ڕاگرت.
29
ئه‌بیمه‌له‌خیش به‌ ئیبراهیمی گوت: «ئه‌م حه‌وت كاوڕه‌مێیه‌ چییه‌ كه‌ به‌ ته‌نها ڕات گرتوون؟»
30
ئه‌ویش گوتی: «ئه‌م حه‌وت كاوڕه‌مێیه‌ له‌ ده‌ستی من وه‌رده‌گریت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ شایه‌تییه‌ك بۆم كه‌ من ئه‌م بیره‌م هه‌ڵكه‌ندووه‌.»
31
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی ناونا به‌ بیری شابه‌ع[a] ، چونكه‌ هه‌ردووكیان له‌وێ سوێندیان خوارد.
32
له‌دوای ئه‌وه‌ی له‌ بیری شابه‌ع په‌یمانیان به‌ست، ئه‌بیمه‌له‌خ و فیكۆلی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپاكه‌ی هه‌ستان و گه‌ڕانه‌وه‌ خاكی فه‌له‌ستییه‌كان.
33
ئینجا ئیبراهیم داری گه‌زی له‌ بیری شابه‌ع چاند، له‌وێش به‌ ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری هه‌تاهه‌تاییه‌وه‌ نزای كرد.
34
ئیتر ئیبراهیم له‌ خاكی فه‌له‌ستییه‌كان ماوه‌یه‌كی زۆری به‌ ئاواره‌یی به‌سه‌ربرد.
  1. a. 21‏:31 بیری شابه‌ع: واته‌ (بیری حه‌وت) یان (بیری سوێندخواردنه‌كه‌).