عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ربازكردنی ڵوت له‌لایه‌ن ئه‌برامه‌وه‌ 
1
وا ڕوویدا كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌مرافه‌لی پاشای شینعار و ئه‌ریۆكی پاشای ئه‌لاسار و كدارلاعۆمه‌ری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم،
2
ئه‌مانه‌ جه‌نگیان به‌رپا كرد له‌ دژی به‌ره‌عی پاشای سه‌دۆم و بیرشه‌عی پاشای عه‌مۆرا و شینئابی پاشای ئه‌دما و شه‌مێڤه‌ری پاشای چه‌بۆئیم، له‌گه‌ڵ پاشای به‌له‌ع كه‌ شاری زۆعه‌ره‌.
3
هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ دۆڵی سیدیم هێزه‌كانیان یه‌كخست، كه‌ ئێستا پێی ده‌گوترێت ده‌ریای مردوو[a] .
4
بۆ ماوه‌ی دوازده‌ ساڵ ژێرده‌سته‌ی كدارلاعۆمه‌ر بوون، به‌ڵام له‌ ساڵی سێزده‌مین لێی یاخی بوون.
5
له‌ ساڵی چوارده‌مین، كدارلاعۆمه‌ر خۆی و ئه‌و پاشایانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون هات، ڕفائییه‌كانیان به‌زاند له‌ عه‌شترۆت قه‌رنه‌یم، هه‌روه‌ها زوزییه‌كان له‌ هام و ئێمییه‌كانیش له‌ شاڤێ قیریاته‌یم،
6
هه‌روه‌ها حۆرییه‌كان[b] له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی سێعیر، هه‌تا ئێیل پاران له‌ نزیك بیابان.
7
ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ و چوونه‌ كانی میشپات كه‌ قادێشه‌ و به‌سه‌ر هه‌موو هه‌رێمی عه‌مالێقییه‌كاندا زاڵ بوون، هه‌روه‌ها ئه‌مورییه‌كانیش كه‌ نیشته‌جێی حه‌چه‌چۆن تامار بوون.
8
ئینجا پاشای سه‌دۆم و پاشای عه‌مۆرا و پاشای ئه‌دما و پاشای چه‌بۆئیم و پاشای به‌له‌ع كه‌ شاری زۆعه‌ره‌، هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ دۆڵی سیدیم بۆ جه‌نگ ڕیزیان به‌ست،
9
له‌ دژی كدارلاعۆمه‌ری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئه‌مرافه‌لی پاشای شینعار و ئه‌ریۆكی پاشای ئه‌لاسار. چوار پاشا به‌رامبه‌ر به‌ پێنج.
10
دۆڵی سیدیمیش پڕ بوو له‌ چاڵه‌ قیڕ. كاتێك هه‌ردوو پاشای سه‌دۆم و عه‌مۆرا هه‌ڵاتن و له‌وێ كه‌وتن، ئه‌وانی دیكه‌ش بۆ چیاكان هه‌ڵاتن.
11
ئیتر چوار پاشاكه‌ هه‌موو شتومه‌كه‌كانی سه‌دۆم و عه‌مۆرا و هه‌موو خۆراكه‌كانیان بردن و ڕۆیشتن.
12
هه‌روه‌ها ڵوتی برازای ئه‌برامیان له‌گه‌ڵ هه‌موو شتومه‌كه‌كه‌یان برد كه‌ له‌ سه‌دۆم نیشته‌جێ بوو.
13
یه‌كێك له‌ ده‌ربازبووان هات و به‌ ئه‌برامی عیبرانی[c] ڕاگه‌یاند. ئه‌و كاته‌ له‌لای دار به‌ڕووه‌كانی مه‌مرێی ئه‌موری، براكه‌ی ئه‌شكۆل و عانێر، نیشته‌جێ بوو. ئه‌مانیش له‌گه‌ڵ ئه‌برام هاوپه‌یمان بوون.
14
كاتێك ئه‌برام بیستی كه‌ برازاكه‌ی ڕاپێچ كراوه‌، بانگه‌وازی بۆ خزمه‌تكاره‌ مه‌شقپێكراوه‌كانی ده‌ركرد كه‌ له‌دایكبووی ماڵه‌كه‌ی بوون و سێ سه‌د و هه‌ژده‌ كه‌س بوون، ئیتر هه‌تا شاری دان به‌دوایان كه‌وت.
15
كه‌ شه‌ویش داهات خۆی و پیاوه‌كانی دابه‌ش بوون، جا هێرشی برده‌ سه‌ریان و ته‌فروتونایان كردن و تاكو حۆڤا ده‌ریپه‌ڕاندن، كه‌ له‌ باكووری دیمه‌شقه‌.
16
جا هه‌موو شتومه‌كه‌كان و هه‌روه‌ها ڵوتی برازای و شتومه‌كه‌كانی و ژنه‌كان و خه‌ڵكه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌.
17
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌برام له‌ به‌زاندنی كدارلاعۆمه‌ر و پاشاكانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی، پاشای سه‌دۆم له‌ دۆڵی شاڤێ كه‌ دۆڵی پاشایه‌ بۆ پێشوازیكردنی هاته‌ ده‌ره‌وه‌.
18
مه‌لكیسادقی پاشای شالیمیش[d] نان و شه‌رابی ده‌رهێنا. ئه‌و كاهینی خودای هه‌ره‌به‌رز بوو.
19
داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كرد و گوتی:
«با خودای هه‌ره‌به‌رز، دروستكه‌ری ئاسمان و زه‌وی،
ئه‌برام به‌ره‌كه‌تدار بكات.
20
ستایش بۆ خودای هه‌ره‌به‌رز
كه‌ دوژمنه‌كانتی دایه‌ ده‌ستت.»
ئه‌برامیش ده‌یه‌كی هه‌موو شتێكی پێدا.
21
ئینجا پاشای سه‌دۆم به‌ ئه‌برامی گوت: «خه‌ڵكه‌كه‌ بده‌ من و شتومه‌كه‌كانیش بۆ خۆت ببه‌.»
22
به‌ڵام ئه‌برام به‌ پاشای سه‌دۆمی گوت: «سوێندم خواردووه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌به‌رز، دروستكه‌ری ئاسمان و زه‌وی،
23
كه‌ ئه‌گه‌ر تاڵه‌ ده‌زووێك یان ئاوزه‌نگییه‌كی[e] پێڵاوه‌كانت یان هه‌ر شتێك له‌ شته‌كانی تۆ ببه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌ڵێیت: ”من ئه‌برامم ده‌وڵه‌مه‌ند كرد.“
24
ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌رزه‌كاره‌كان خواردوویانه‌، به‌شه‌كه‌ی ئه‌و پیاوانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵم هاتن، عانێر و ئه‌شكۆل و مه‌مرێ، ئه‌وان به‌شی خۆیان وه‌رده‌گرن.»
  1. a. 14‏:3 ده‌ریای مردوو: عیبری: ده‌ریای خوێ.
  2. b. 14‏:6 حۆرییه‌كان. گه‌لێكی ڕه‌سه‌نی نیشته‌جێی سێعیر بوون كه‌ دواتر له‌لایه‌ن عیسۆوه‌ له‌ناوده‌بردرێن.
  3. c. 14‏:13 له‌ نه‌وه‌ی عێبه‌ر، یه‌كه‌م جاره‌ پێی ده‌گوترێ عیبرانی.
  4. d. 14‏:18 شالیم واته‌ (ئۆرشه‌لیم).
  5. e. 14‏:23 ئاوه‌زێنه‌