عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جیابوونه‌وه‌ی ئه‌برام و ڵوت 
1
ئیتر ئه‌برام خۆی و ژنه‌كه‌ی و هه‌رچییه‌كی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ڵوت له‌ میسره‌وه‌ چووه‌ نه‌قه‌ب.
2
ئه‌برام له‌ مه‌ڕوماڵات و له‌ زیو و زێڕ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو.
3
قۆناغ به‌ قۆناغ كۆچی كرد، له‌ نه‌قه‌به‌وه‌ هه‌تا بێت‌ئێل، هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌م جار چادره‌كه‌ی ئه‌وی لێبوو، له‌نێوان بێت‌ئێل و عای.
4
بۆ شوێنی قوربانگاكه‌ی كه‌ یه‌كه‌م جار دروستی كرد، له‌وێدا ئه‌برام به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ نزای كرد.
5
هه‌روه‌ها ڵوتیش كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌برام ده‌ڕۆیشت، مه‌ڕ و مانگا و چادری هه‌بوو.
6
به‌ڵام خاكه‌كه‌ هه‌ردووكیانی هه‌ڵنه‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ نیشته‌جێ بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتیان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو كه‌ ئیتر نه‌یانتوانی پێكه‌وه‌ نیشته‌جێ بن.
7
ناكۆكی له‌نێوان شوانه‌كانی مه‌ڕوماڵاتی ئه‌برام و شوانه‌كانی مه‌ڕوماڵاتی ڵوت ڕوویدا. له‌و كاته‌ش كه‌نعانییه‌كان و پریزییه‌كان نیشته‌جێی خاكه‌كه‌ بوون.
8
ئینجا ئه‌برام به‌ ڵوتی گوت: «با هیچ ناكۆكییه‌ك له‌نێوان من و تۆ و له‌نێوان شوانه‌كانم و شوانه‌كانی تۆ نه‌بێت، چونكه‌ ئێمه‌ مام و برازاین[a] .
9
ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو خاكه‌كه‌ له‌به‌رده‌مته‌؟ كه‌واته‌ له‌ من جیا ببه‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌لای چه‌پدا بڕۆیت، من به‌لای ڕاستدا ده‌ڕۆم و ئه‌گه‌ر به‌لای ڕاستدا بڕۆیت، من به‌لای چه‌پدا ده‌ڕۆم.»
10
ڵوت چاوی هه‌ڵبڕی و بینی هه‌موو ده‌وروبه‌ری ڕووباری ئوردون ئاوداره‌. وه‌ك به‌هه‌شتی یه‌زدانه‌، وه‌ك خاكی میسر كه‌ به‌ره‌و زۆعه‌ر ده‌ڕۆیت. ئه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی یه‌زدان سه‌دۆم و عه‌مۆرا وێران بكات.
11
ڵوت هه‌موو ده‌وروبه‌ری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد و به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات كۆچی كرد. ئیتر هه‌ردووكیان له‌ یه‌كتری جیا بوونه‌وه‌.
12
ئه‌برام له‌ خاكی كه‌نعان نیشته‌جێ بوو، ڵوتیش له‌ شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ر نیشته‌جێ بوو، ڕووه‌و سه‌دۆم چادره‌كانی هه‌ڵدا.
13
خه‌ڵكی سه‌دۆم له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌دكار و گوناهبار بوون، له‌ دژی یه‌زدان.
14
دوای جیابوونه‌وه‌ی ڵوت له‌ ئه‌برام، یه‌زدان به‌ ئه‌برامی فه‌رموو: «چاوت هه‌ڵبڕه‌ و له‌و شوێنه‌ی كه‌ لێیت، سه‌یری باكوور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا بكه‌،
15
چونكه‌ هه‌موو ئه‌و خاكه‌ی ده‌یبینیت بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌یده‌مه‌ تۆ و نه‌وه‌ی تۆ،
16
نه‌وه‌شت وه‌ك خۆڵی زه‌وی لێ ده‌كه‌م، تاكو ئه‌گه‌ر یه‌كێك توانی خۆڵی زه‌وی بژمێرێت، ئه‌وا نه‌وه‌ی تۆش ده‌ژمێردرێت.
17
بڕۆ، به‌ درێژایی و پانی خاكه‌كه‌دا هاتوچۆ بكه‌، چونكه‌ ده‌یده‌مه‌ تۆ.»
18
ئیتر ئه‌برام چادره‌كانی گواسته‌وه‌ و هات له‌لای دار به‌ڕووه‌كانی مه‌مرێ له‌ حه‌برۆن[b] نیشته‌جێ بوو، له‌وێ قوربانگایه‌كی بۆ یه‌زدان دروستكرد.
  1. a. 13‏:8 برازاین: عیبری: برا یان خزم. \+xt بڕوانه‌ 11‏:31‏\+xt*.
  2. b. 13‏:18 به‌ دووری 32 كم له‌ باشووری ئۆرشه‌لیمه‌، ئێستا به‌ ناوی (الخلیل) ناسراوه‌، به‌ ناوی ئیبراهیمی دۆستی خودا ناسراوه‌.