عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نزای عه‌زرا له‌باره‌ی ژنهێنان و شووكردن 
1
پاش ته‌واوبوونی ئه‌مه‌، ڕابه‌ره‌كان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گه‌لی ئیسرائیل و كاهین و لێڤییه‌كان خۆیان جیا نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌لانی دراوسێ و نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانیان، له‌ كه‌نعانی، حیتی، پریزی، یه‌بوسی، عه‌مۆنی، مۆئابی، میسری و ئه‌مورییه‌كان،
2
چونكه‌ له‌ كچه‌كانی ئه‌وانیان بۆ خۆیان و كوڕه‌كانیان هێناوه‌ و نه‌ژادی پیرۆز تێكه‌ڵ به‌ گه‌لانی خاكه‌كان بووه‌. ده‌ستی ڕابه‌ر و كاربه‌ده‌سته‌كانیش له‌م ناپاكییه‌ یه‌كه‌م بووه‌.»
3
كه‌ گوێم له‌م شته‌ بوو، كراسه‌كه‌م و كه‌واكه‌م دادڕی و مووی سه‌ر و ڕیشی خۆمم ڕنییه‌وه‌ و به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ دانیشتم.
4
جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ترسی وشه‌كانی خودای ئیسرائیل له‌رزین لێم كۆبوونه‌وه‌، له‌به‌ر ناپاكی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاپێچكراوی گه‌ڕابوونه‌وه‌. منیش هه‌تا كاتی قوربانی ئێواره‌ به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ دانیشتم.
5
له‌ كاتی قوربانی ئێواره‌دا له‌ زه‌لیلكردنی خۆم هه‌ستام و به‌ كراس و كه‌وا دڕاوه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌وتمه‌ سه‌ر چۆك و ده‌ستم بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم پانكرده‌وه‌ و
6
گوتم:
«خودایه‌، من شه‌رمه‌زار و سه‌رشۆڕم له‌وه‌ی ڕووم ڕووه‌و تۆ هه‌ڵبڕم، چونكه‌ تاوانه‌كانمان له‌سه‌ر سه‌رمان به‌رزبوونه‌وه‌ و خراپه‌كانمان بۆ ئاسمان به‌رزبوونه‌ته‌وه‌.
7
له‌ سه‌رده‌می باوباپیرانمانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ خراپه‌یه‌كی گه‌وره‌داین، له‌به‌ر تاوانه‌كانمان ئێمه‌ و پاشا و كاهینه‌كانمان دراینه‌ ده‌ست پاشایانی خاكه‌كان و كه‌وتنه‌ به‌ر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سه‌رشۆڕی، وه‌ك ئه‌مڕۆ.
8
«به‌ڵام ئێستا بۆ ساتێك میهره‌بانی له‌لایه‌ن یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمانه‌وه‌ بوو، هه‌تا ده‌ربازبوونمان بۆ بهێڵێته‌وه‌ و سنگێكمان له‌ پیرۆزگای خۆی بداتێ، تاكو خودامان چاومان ڕووناك بكاته‌وه‌ و كه‌مێك ژیانمان بداتێ له‌ كۆیلایه‌تییه‌كه‌مان.
9
هه‌ر چه‌نده‌ ئێمه‌ كۆیله‌ین، به‌ڵام خودامان له‌ كۆیلایه‌تییمان به‌جێی نه‌هێشتین، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م پاشاكانی فارس به‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی دایپۆشین، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانمان پێبدات، بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی خوداكه‌مان بنیاد بنێینه‌وه‌ و كه‌لاوه‌كانی نۆژه‌ن بكه‌ینه‌وه‌، تاوه‌كو له‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم دیوارێكمان بداتێ.
10
«ئێستاش ئه‌ی خودای ئێمه‌، پاش ئه‌وه‌ ئێمه‌ چی بڵێن؟ چونكه‌ وازمان له‌ فه‌رمانه‌كانت هێنا،
11
ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانت فه‌رمانت پێدا و فه‌رمووت: ”ئه‌و خاكه‌ی ده‌چنه‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، خاكێكی گڵاوه‌ به‌ گڵاوی گه‌لانی خاكه‌كان، كه‌ به‌هۆی نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانیان له‌ سه‌ره‌تای خاكه‌كه‌وه‌ هه‌تا كۆتایی پڕیان كردووه‌ له‌ گڵاوی.
12
ئێستاش كچتان مه‌ده‌نه‌ كوڕیان و كچیشیان بۆ كوڕه‌كانتان مه‌هێنن. هه‌تاهه‌تایه‌ داوای خێر و خۆشییان بۆ مه‌كه‌ن، تاوه‌كو ئێوه‌ به‌هێز بن و خێری خاكه‌كه‌ بخۆن و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ میرات بۆ كوڕه‌كانتانی به‌جێبهێڵن.“
13
«هه‌موو ئه‌وه‌ به‌هۆی كاره‌ خراپه‌كانمان و به‌دكارییه‌ گه‌وره‌كانمان به‌سه‌رمان هات. ئه‌ی خودای ئێمه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆ له‌ تاوانه‌كانمان كه‌متر سزات داین و ده‌ربازبوونێكی به‌م شێوه‌یه‌ت به‌ ئێمه‌ به‌خشی.
14
ئایا بگه‌ڕێینه‌وه‌ و سه‌رپێچی فه‌رمانه‌كانت بكه‌ین و خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌لانه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌م جۆره‌ نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌ ده‌كه‌ن؟ ئایا لێمان تووڕه‌ نابیت و له‌ناومان نابه‌یت هه‌تا ئه‌وه‌ی هیچ پاشماوه‌ و ده‌ربازبووێكمان نه‌بێت؟
15
ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونكه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ربازبوویی ماوینه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌تا ئێمه‌ به‌ تاوانه‌كانمانه‌وه‌ له‌به‌رده‌متداین، چونكه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ نییه‌ له‌به‌رده‌مت ڕابوه‌ستین.»