عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نامەی تەتەنەی بۆ داریوش 
1
حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای پێغەمبەر لە نەوەی عیدۆ، بە ناوی خودای ئیسرائیل کە دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەبوو پەیامی خودایان بۆ ئەو جولەکانە ڕاگەیاند کە لە یەهودا و ئۆرشەلیم بوون.
2
ئیتر زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یۆچاداق هەستان و دەستیان بە بنیادنانەوەی ماڵەکەی خودا کرد لە ئۆرشەلیم، پێغەمبەرەکانی خوداش لەگەڵیان بوون و یارمەتییان دەدان.
3
لەو کاتەدا تەتەنەیی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان چوونە لایان و لێیان پرسین: «کێ ڕێگای پێدان ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟»
4
هەروەها لێیان پرسین: «ئەو پیاوانە ناویان چییە کە ئەم تەلارە بنیاد دەنێنەوە؟»
5
بەڵام پیرانی جولەکەش خودای خۆیان چاودێری دەکردن، ئیتر لە کارەکە ڕایاننەگرتن هەتا هەواڵەکە بە داریوش گەیشتەوە، ئینجا بە نامەیەک دەربارەی ئەمە وەڵامیان دایەوە.
6
ئەمەش وێنەیەکی ئەو نامەیەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان، ئەوانەی کە کاربەدەستەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، بۆ داریوشیان نارد.
7
ئەو هەواڵەی کە بۆیان نارد بەم شێوەیە نووسرابوو:
بۆ داریوشی پاشا:
سڵاوێکی گەرم.
8
با لەلای پاشا زانراو بێت کە ئێمە چووینە ناوچەی یەهودا، بۆ پەرستگای خودای گەورە، بینیمان بە بەردی گەورە بنیاد دەنرێتەوە و کاریتە لەناو دیوارەکانی دادەنرێت، ئەم کارەش بە وردی دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتییان سەرکەوتووانەیە.
9
پرسیارمان لەو پیرانە کرد و لێمان پرسین: «کێ ڕێگای پێداون ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟»
10
هەروەها پرسیاری ناوەکانیانمان لێکردن تاوەکو بتوانین ناوی ڕابەرەکانیان بۆ زانیاریت بنووسین.
11
بەم شێوەیە وەڵامیان داینەوە و گوتیان:
«ئێمە خزمەتکارانی خودای ئاسمان و زەوین، ئەم پەرستگایە بنیاد دەنێینەوە کە پێش ساڵانێکی زۆر بنیاد نرابوو، پاشایەکی گەورەی ئیسرائیل بنیادی نا و تەواوی کرد.
12
بەڵام دوای ئەوەی باوباپیرانمان خودای ئاسمانیان تووڕە کرد، ئەوانی دا بەدەست نەبوخودنەسری پاشای بابلی کلدانییەوە، ئەوەی کە ئەم پەرستگایەی وێران کرد و گەلەکەی بۆ بابل ڕاپێچ کرد.
13
«بەڵام لە یەکەم ساڵی کۆرشی پاشای بابل، کۆرشی پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا.
14
کۆرشی پاشا تەنانەت قاپوقاچاغەکانی ئەم پەرستگایەی خودای لە پەرستگای بابلەوە دەرهێنا، کە لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەم پەرستگایەی ئۆرشەلیمی دەرهێنابوو و بۆ ئەو پەرستگایەی بردبوو کە لە بابلە. ئینجا کۆرشی پاشا قاپوقاچاغەکانی دایە یەکێک کە ناوی شێشبەچەر بوو، ئەوەی کردییە پارێزگار.
15
پێی گوت: ”ئەم قاپوقاچاغە ببە، بڕۆ و لە پەرستگاکەی ئۆرشەلیمی دابنێ، با پەرستگای خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنرێتەوە.“
16
«لەبەر ئەوە ئەم شێشبەچەرە هات و بناغەکەی ماڵی خودای دانا ئەوەی لە ئۆرشەلیمە، لەو کاتەوە بنیاد دەنرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.»
17
ئێستاش ئەگەر پاشا پێی باشە، با لەنێو ئەرشیفی شاهانەدا بگەڕێن کە لە بابلە، بۆ ئەوەی بزانین بەڕاستی لە کۆرشی پاشاوە فەرمان دەرچووە بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە؟ با پاشا لەم کارەدا خواستی خۆیمان بۆ بنێرێت.