عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دژایه‌تییه‌كانی بنیادنانه‌وه‌ 
1
كاتێك دوژمنه‌كانی یه‌هودا و بنیامین بیستیانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاپێچكراوی گه‌ڕابوونه‌وه‌ په‌رستگایه‌كیان بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل بنیاد ده‌نایه‌وه‌،
2
هاتن بۆ لای زروبابل و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كان و پێیان گوتن: «با له‌گه‌ڵتان بنیاد بنێین، چونكه‌ ئێمه‌ش وه‌ك ئێوه‌ین و داوا له‌ خوداكه‌تان ده‌كه‌ین، له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی ئێسه‌رحه‌دۆنی پاشای ئاشوره‌وه‌ ئێمه‌ی بۆ ئێره‌ هێناوه‌، قوربانیمان سه‌ربڕیوه‌.»
3
به‌ڵام زروبابل و یه‌شوع و پاشماوه‌ی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانی ئیسرائیل وه‌ڵامیان دانه‌وه‌: «بۆتان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ په‌رستگای خودامان بنیاد بنێنه‌وه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ به‌ ته‌نها بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیلی بنیادی ده‌نێین، به‌و شێوه‌یه‌ی كۆرشی پاشا، پاشای فارس فه‌رمانی پێ كردووین.»
4
جا گه‌لانی خاكه‌كه‌ ده‌ستی گه‌لی یه‌هودایان شل ده‌كرده‌وه‌ و له‌ بیناكردنه‌كه‌ ده‌یانترساندن،
5
چه‌ند ڕاوێژكارێكیان بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پلانه‌كه‌یان به‌ كرێ گرت، به‌ درێژایی سه‌رده‌می كۆرشی پاشای فارس هه‌تا پاشایه‌تی داریوشی پاشای فارس. [a]
به‌ربه‌ره‌كانێ له‌ دژی بنیادنانه‌وه‌ی شار 
6
له‌ سه‌ره‌تای پاشایه‌تی ئه‌حه‌شوێرۆش، سكاڵانامه‌یه‌كیان له‌ دژی دانیشتووانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم نووسی.
7
هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشای فارس، بیشلام و میتره‌دات و تاڤئێل و سه‌رجه‌م یاوه‌ره‌كانیان نامه‌یه‌كیان بۆ ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی نووسی، نامه‌كه‌ش به‌ پیت و زمانی ئارامی نووسرا.[b]
8
ڕه‌حومی فه‌رمانده‌ و شیمشه‌یی خامه‌ی نهێنی[c] نامه‌یه‌كیان له‌ دژی ئۆرشه‌لیم بۆ ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشا به‌م شێوه‌ نووسی:
9
ڕه‌حومی فه‌رمانده‌ و شیمشه‌یی خامه‌ی نهێنی و سه‌رجه‌م یاوه‌ره‌كانیان، دادپرس و كاربه‌ده‌سته‌كانی خه‌ڵكی ته‌رپیلیس و فارس، خه‌ڵكی ئه‌ره‌ك و بابل و ئیلامییه‌كانی شوش،
10
سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ ئه‌شوربه‌نیپه‌لی گه‌وره‌ و به‌ڕێز ڕاپێچی كردن، له‌ شاری سامیره‌ و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات نیشته‌جێی كردن.
11
ئه‌مه‌ش وێنه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌یه‌ كه‌ بۆیان نارد.
بۆ ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشا،
خزمه‌تكارانت، پیاوانی هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات:
12
با پاشا بزانێت كه‌ ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌لای تۆوه‌ سه‌ركه‌وتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشه‌لیم و ئه‌و شاره‌ یاخی و خراپه‌ بنیاد ده‌نێنه‌وه‌، شووراكانیش ته‌واو ده‌كه‌ن و بناغه‌كان چاك ده‌كه‌نه‌وه‌.
13
با ئێستا له‌لای پاشا زانراو بێت كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره‌ بنیاد بنرێته‌وه‌ و شووراكانی ته‌واو بكرێن، چیتر سه‌رانه‌ و گومرگ و باج نادرێت، له‌ كۆتاییشدا زیان له‌ پاشاكان ده‌كه‌وێت.
14
ئێستاش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نمه‌كی كۆشكی پاشا ده‌كه‌ین و شیاویش نییه‌ زیانی پاشا ببینین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پاشا ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌نێرین،
15
بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌رشیفی شاهانه‌ی باوباپیرانتدا بكرێت. ئینجا له‌ ئه‌رشیفی شاهانه‌ ده‌بینیته‌وه‌ و ده‌زانیت كه‌ ئه‌م شاره‌ شارێكی یاخییه‌ و زیانبه‌خشه‌ به‌ پاشاكان و هه‌رێمه‌كان، له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ یاخیبوونیان له‌ناویدا به‌رپا كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ كاول كرا.
16
ئێمه‌ش پاشا ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره‌ بنیاد بنرێت و شووراكانی ته‌واو بكرێن، ئیتر له‌ هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فوراته‌وه‌ به‌شت نابێت.
17
پاشا ئه‌م وه‌ڵامه‌ی نارد:
بۆ ڕه‌حومی فه‌رمانده‌ و شیمشه‌یی خامه‌ی نهێنی و سه‌رجه‌م یاوه‌ره‌كانیان كه‌ له‌ سامیره‌ دانیشتوون و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات نیشته‌جێن:
پاش سڵاو.
18
ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆتان ناردین به‌ ڕوونی له‌به‌رده‌ممدا خوێنرایه‌وه‌ و وه‌رگێڕدرا.
19
فه‌رمانێكم ده‌ركرد و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كرا، ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م شاره‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌ دژی پاشایان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و یاخیبوون و سه‌رپێچیكردنی تێدا به‌رپا كراوه‌.
20
ئۆرشه‌لیم پاشای به‌ توانای هه‌بووه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هه‌موو هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فوراتدا ڕۆیشتووه‌، سه‌رانه‌ و گومرگ و باجیان پێدراوه‌.
21
ئێستاش فه‌رمانێك بۆ له‌ كار ڕاگرتنی ئه‌م پیاوانه‌ ده‌ربكه‌ن، جا ئه‌و شاره‌ بنیاد نانرێته‌وه‌ هه‌تا فه‌رمان له‌ منه‌وه‌ ده‌رنه‌چێت.
22
وریابن له‌م كاره‌ كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ن. بۆچی زه‌ره‌ر زۆر بێت بۆ زیانی پاشاكان؟
23
كاتێك نامه‌كه‌ی ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشا له‌به‌رده‌م ڕه‌حوم و شیمشه‌یی خامه‌ی نهێنی و یاوه‌ره‌كانیاندا خوێنرایه‌وه‌، به‌ په‌له‌ چوون بۆ ئۆرشه‌لیم بۆ لای جوله‌كه‌كان و به‌ زه‌بری هێز له‌ كاره‌كه‌ ڕایانگرتن.
نامه‌ی ته‌ته‌نه‌ی بۆ داریوش 
24
كاره‌كه‌ی ماڵی خودا له‌ ئۆرشه‌لیم ڕاگیرابوو، هه‌تا دووه‌م ساڵی پاشایه‌تی داریوشی پاشای فارس.[d]
  1. a. 4‏:5 مێژووی بنیادنانه‌وه‌ی په‌رستگاكه‌ له‌ 4‏:24 ده‌ستپێده‌كات.
  2. b. 4‏:7 ده‌قی 4‏:8 هه‌تا 6‏:18 به‌ زمانی ئارامی نووسراوه‌.
  3. c. 4‏:8 ڕازپۆش.
  4. d. 4‏:24 ڕووداوه‌كانی 4‏:6‏-24 پاش ڕووداوه‌كانی 4‏:24‏–10‏:22 بوون.