عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بنیادنانه‌وه‌ی قوربانگاكه‌ 
1
كاتێك مانگی حه‌وت هات، نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ شارۆچكه‌كانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گه‌ل وه‌ك یه‌ك كه‌س له‌ ئۆرشه‌لیم كۆبوونه‌وه‌.
2
یه‌شوعی كوڕی یۆچاداق و برا كاهینه‌كانی، له‌گه‌ڵ زروبابلی كوڕی شه‌ئه‌لتیێل و هاوكاره‌كانی، ده‌ستیان به‌ بنیادنانه‌وه‌ی قوربانگاكه‌ی خودای ئیسرائیل كرد بۆ ئه‌وه‌ی قوربانی سووتاندنی له‌سه‌ر پێشكه‌ش بكه‌ن، هه‌روه‌ك له‌ ته‌وراتی موسای پیاوی خودا نووسراوه‌.
3
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ترسی گه‌لانی ده‌وروبه‌ری له‌ دڵدا بوو، قوربانگاكه‌یان له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆیدا بنیاد نایه‌وه‌ و قوربانی سووتاندنیان له‌سه‌ری بۆ یه‌زدان پێشكه‌ش كرد، قوربانی سووتاندنی به‌یانییان و ئێواران.
4
جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌شیان[a] گێڕا، به‌پێی ئه‌وه‌ی نووسرا بوو، قوربانی سووتاندنی ڕۆژ به‌ ڕۆژ، به‌ ژماره‌ و به‌پێی ئه‌وه‌ی دیاری كرابوو، كاری هه‌ر ڕۆژه‌ له‌ ڕۆژی خۆیدا.
5
پاشان قوربانی سووتاندنی به‌رده‌وام و قوربانی سه‌ره‌مانگ و قوربانی هه‌موو جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌كانیشیان پێشكه‌ش كرد، بێجگه‌ له‌ به‌خشینه‌ ئازاده‌كان كه‌ هه‌ر یه‌كێك به‌ خواستی دڵی خۆی پێشكه‌شی ده‌كرد.
6
له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می مانگی حه‌وته‌وه‌ ده‌ستیان پێ كرد قوربانی سووتاندن پێشكه‌ش به‌ یه‌زدان بكه‌ن، په‌رستگای یه‌زدانیش هێشتا دانه‌مه‌زرابوو.
بنیادنانه‌وه‌ی په‌رستگا 
7
زیویان دایه‌ نه‌قاڕ و دارتاشه‌كان، هه‌روه‌ها خواردن و خواردنه‌وه‌ و زه‌یتیان دایه‌ سه‌یدائی و سورییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی داری ئورز به‌ ڕێی ده‌ریادا له‌ لوبنانه‌وه‌ بهێننه‌ یافا، به‌پێی ئه‌و موڵه‌ته‌ی كۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.
8
له‌ ساڵی دووه‌می هاتنیان بۆ ماڵی خودا له‌ ئۆرشه‌لیم، له‌ مانگی دوو، زروبابلی كوڕی شه‌ئه‌لتیێل، له‌گه‌ڵ یه‌شوعی كوڕی یۆچاداق و پاشماوه‌ی برا كاهین و لێڤییه‌كانیان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاپێچكراوی گه‌ڕابوونه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، ده‌ستیان به‌ كار كرد. ئه‌و لێڤییانه‌یان دانا كه‌ له‌ بیست ساڵ و به‌ره‌و سه‌روو بوون، بۆ چاودێریكردنی كاره‌كه‌ی ماڵی یه‌زدان.
9
هه‌روه‌ها یه‌شوع و كوڕ و براكانی، قه‌دمیێل و كوڕه‌كانی له‌ نه‌وه‌ی هۆده‌یڤاهو، هه‌روه‌ها نه‌وه‌ی حێناداد و كوڕ و براكانی كه‌ هه‌موویان لێڤی بوون، پێكه‌وه‌ ڕاوه‌ستان بۆ چاودێریكردنی ئه‌و كرێكارانه‌ی كاره‌كه‌ی ماڵی خودایان ده‌كرد.
10
كه‌ بیناسازه‌كان بناغه‌ی په‌رستگاكه‌ی یه‌زدانیان دامه‌زراند، به‌پێی ڕێكخستنه‌كه‌ی داودی پاشای ئیسرائیل كاهینه‌كان به‌ جلوبه‌رگ و كه‌ڕه‌ناوه‌ چوونه‌ شوێنی خۆیان، هه‌روه‌ها لێڤییه‌كانی نه‌وه‌ی ئاسافیش به‌ سه‌نجه‌وه‌ چوونه‌ شوێنی ستایشكردن.
11
به‌ ستایش و سوپاسه‌وه‌ گۆرانییان بۆ یه‌زدان گوت:
«بێگومان خودا چاكه‌،
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی بۆ ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بێت.»
هه‌موو گه‌لیش به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ ستایشه‌وه‌ هاواریان بۆ یه‌زدان ده‌كرد، له‌به‌ر دامه‌زراندنی ماڵی یه‌زدان.
12
به‌ڵام زۆربه‌ی كاهین و لێڤی و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كان كه‌ پیر بوون، ئه‌وانه‌ی په‌رستگاكه‌ی یه‌كه‌میان بینیبوو، له‌ كاتی دامه‌زراندنی ئه‌م په‌رستگایه‌ له‌پێش چاویاندا به‌ ده‌نگێكی به‌رز گریان، زۆریش هه‌بوو به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری خۆشییان ده‌كرد.
13
كه‌س نه‌یده‌توانی هاواری خۆشی له‌ ده‌نگی گریان جیا بكاته‌وه‌، چونكه‌ گه‌ل به‌ ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌ دووریشه‌وه‌ ده‌نگه‌كه‌ ده‌بیسترا.
  1. a. 3‏:4 جه‌ژنێكی جوله‌كه‌یه‌، بڕوانه‌ (دواوتار 16‏:13).