عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فه‌رمانی داریوش 
1
ئینجا داریوشی پاشا فه‌رمانی دا و له‌ناو ئه‌رشیفی شاهانه‌دا گه‌ڕان كه‌ له‌نێو گه‌نجینه‌ی بابل دانرا بوو،
2
جا له‌ ئه‌حمه‌تا له‌ناو ئه‌و كۆشكه‌ی له‌ هه‌رێمی میدیادایه‌ نووسراوێك دۆزرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی تێدابوو:
یاداشت:
3
كۆرشی پاشا له‌ یه‌كه‌م ساڵی پاشایه‌تییه‌كه‌یدا، سه‌باره‌ت به‌ په‌رستگای خودا كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌ ئه‌م فه‌رمانه‌ی ده‌ركرد:
با په‌رستگاكه‌ بنیاد بنرێته‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی قوربانی تێدا سه‌رده‌بڕن، با بناغه‌كانی دابمه‌زرێنن، به‌رزییه‌كه‌ی شه‌ست باڵ[a] و پانییه‌كه‌ی شه‌ست باڵ بێت.
4
به‌ سێ ڕیز له‌ به‌ردی گه‌وره‌ و ڕیزێك له‌ ته‌خته‌داری نوێ، با خه‌رجییه‌كه‌شی له‌ گه‌نجینه‌ی پاشاوه‌ بدرێت.
5
هه‌روه‌ها قاپوقاچاغه‌كانی ماڵی خودا، ئه‌وه‌ی له‌ زێڕ و زیوه‌، ئه‌وه‌ی نه‌بوخودنه‌سر له‌و په‌رستگایه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌ ده‌ریهێنا و هێنایه‌ بابل، با ببردرێته‌وه‌ و بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌رستگایه‌ی كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌، بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی و له‌ ماڵی خودا دابنرێت.
6
ئێستاش ئه‌ی ته‌ته‌نه‌ی پارێزگاری هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات و ئه‌ی شه‌تار‌بوزه‌نه‌ی و یاوه‌ره‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی هه‌رێمه‌كه‌، له‌وێ دوور بكه‌ونه‌وه‌.
7
واز له‌م كاره‌ی په‌رستگای خودا بهێنن، به‌ڵام فه‌رمانڕه‌وای جوله‌كه‌كان و پیرانی جوله‌كه‌كان، با ئه‌م ماڵه‌ی خودا له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆیدا بنیاد بنێنه‌وه‌.
8
له‌ منیشه‌وه‌ فه‌رمان ده‌رچووه‌ كه‌ له‌ بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌م ماڵه‌ی خودا له‌گه‌ڵ پیرانی جوله‌كه‌ چی ده‌كه‌ن:
له‌ پاره‌ی پاشاوه‌، له‌ سه‌رانه‌ی هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات، به‌ په‌له‌ خه‌رجی به‌و پیاوانه‌ ده‌درێت تاوه‌كو ده‌ست له‌ كاره‌كه‌ هه‌ڵنه‌گرن.
9
هه‌رچیشیان پێویسته‌ به‌پێی قسه‌ی ئه‌و كاهینانه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمن، له‌ جوانه‌گا[b] و به‌ران و به‌رخ وه‌ك قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، له‌گه‌ڵ گه‌نم و خوێ و شه‌راب و زه‌یت، با ڕۆژ به‌ ڕۆژ پێیان بدرێت تاوه‌كو خاو نه‌بنه‌وه‌
10
له‌ پێشكه‌شكردنی بۆنی ڕه‌زامه‌ندی بۆ خودای ئاسمان و له‌ نزاكردن له‌ پێناوی ژیانی پاشا و كوڕه‌كانی.
11
هه‌روه‌ها فه‌رمان له‌لای منه‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌م قسه‌یه‌ بگۆڕێت، كاریته‌یه‌ك له‌ ماڵه‌كه‌ی ڕاده‌كێشرێت و ده‌كرێته‌ سێداره‌یه‌ك و له‌سه‌ری هه‌ڵده‌واسرێت، له‌به‌ر ئه‌م تاوانه‌ ماڵه‌كه‌ی ده‌بێته‌ كه‌لاوه‌.
12
خوداش كه‌ ناوی خۆی له‌وێ نیشته‌جێ كرد، هه‌ر پاشا و گه‌لێك له‌ناوده‌بات ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی بكات بۆ گۆڕینی ئه‌م فه‌رمانه‌ یان ڕووخاندنی ئه‌م په‌رستگایه‌ی خودا كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌.
من داریوشم فه‌رمانم دا و با به‌ وردی جێبه‌جێ بكرێت.
ته‌واوكردن و ته‌رخانكردنی په‌رستگاكه‌ 
13
ئینجا ته‌ته‌نه‌ی پارێزگاری هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات و شه‌تار‌بوزه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ یاوه‌ره‌كانیان به‌ وردی جێبه‌جێیان كرد، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی داریوشی پاشا ناردبووی.
14
پیرانی جوله‌كه‌ش بنیادیان ده‌نا و سه‌ركه‌وتوو ده‌بوون، به‌گوێره‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی حه‌گه‌ی پێغه‌مبه‌ر و زه‌كه‌ریای نه‌وه‌ی عیدۆ. جا به‌گوێره‌ی فه‌رمانی خودای ئیسرائیل و فه‌رمانی كۆرش و داریوش و ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشایانی فارس په‌رستگاكه‌یان بنیاد ناوه‌ و ته‌واویان كرد.
15
ئیتر له‌ سیی مانگی ئادار، له‌ ساڵی شه‌شه‌می پاشایه‌تی داریوش پاشا ئه‌م په‌رستگایه‌ ته‌واو بوو.
16
نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش له‌ كاهین و لێڤییه‌كان و پاشماوه‌ی نه‌وه‌ی ڕاپێچكراوه‌كان به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ ئه‌م ماڵه‌ی خودایان ته‌رخان كرد.
17
قوربانیشیان پێشكه‌ش كرد بۆ ته‌رخانكردنی ئه‌م ماڵه‌ی خودا، سه‌د گا و دوو سه‌د به‌ران و چوار سه‌د به‌رخ و دوازده‌ نێری، بۆ قوربانی گوناه له‌ جیاتی هه‌موو ئیسرائیل، به‌گوێره‌ی هۆزه‌كانی ئیسرائیل.
18
ئینجا كاهینه‌كانیان له‌ به‌شه‌كانی خۆیان دانا و لێڤییه‌كانیش له‌ به‌شه‌كانیان له‌سه‌ر خزمه‌ته‌كه‌ی خودا له‌ ئۆرشه‌لیم، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ په‌ڕتووكی موسا نووسراوه‌.
جه‌ژنی په‌سخه‌ 
19
ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاپێچكراوی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ چوارده‌ی مانگی یه‌كدا جه‌ژنی په‌سخه‌یان گێڕا،
20
چونكه‌ كاهین و لێڤییه‌كان هه‌موو خۆیان پاك كردبووه‌وه‌، هه‌موویان به‌پێی ڕێوڕه‌سم پاك بوون و به‌رخی په‌سخه‌یان بۆ هه‌موو نه‌وه‌ی ڕاپێچكراوه‌كان و بۆ برا كاهینه‌كانیان و بۆ خۆیان سه‌ربڕی.
21
هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ڕاپێچكراوییه‌كه‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌ لێیان خوارد، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌ نه‌ریته‌ گڵاوه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی خاكه‌كه‌ جیا كردبووه‌وه‌ و هاتبوونه‌ پاڵیان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوویان له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل بكه‌ن.
22
هه‌روه‌ها حه‌وت ڕۆژ به‌ خۆشییه‌وه‌ جه‌ژنی فه‌تیره‌یان گێڕا، چونكه‌ یه‌زدان دڵی پڕكردن له‌ خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری به‌لایاندا ڕاكێشا بۆ به‌هێزكردنی ده‌ستیان له‌ كاره‌كه‌ی ماڵی خودا له‌ ئیسرائیل.
  1. a. 6‏:3 شه‌ست باڵ: نزیكه‌ی 27 مه‌تر.
  2. b. 6‏:9 له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ گوێره‌كه‌ی نێر له‌ شیر ده‌بڕدرێته‌وه‌ پێی ده‌گوترێت (نۆبه‌ن) یان (جوانه‌گا).