عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتایی 
1
هه‌روه‌ها فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ به‌ خاكی ئیسرائیل ده‌فه‌رموێت:
«”كۆتایی! كۆتاییه‌كه‌ هات!
هه‌ر چوار لای خاكه‌كه‌ی گرته‌وه‌.
3
ئێستاش كۆتاییه‌كه‌ت نزیك بووه‌ته‌وه‌،
تووڕه‌ییم به‌سه‌رتدا ده‌بارێنم.
به‌گوێره‌ی ڕه‌فتاره‌كانت حوكمت به‌سه‌ردا ده‌ده‌م و
سزای هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانت ده‌ده‌مه‌وه‌.
4
جا چاوه‌كانم به‌زه‌یی پێتدا نایه‌ته‌وه‌ و
ده‌ستم لێت ناپارێزم،
به‌ڵكو سزای ڕه‌فتاره‌كانت ده‌ده‌م،
سزای ئه‌و نه‌ریته‌ قێزه‌ونانه‌ش ده‌ده‌م كه‌ له‌نێوتان ده‌كرێن.
ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.“
5
«یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”به‌ڵایه‌ك دێت!
به‌ڵایه‌ك له‌مه‌وپێش له‌ وێنه‌ی نه‌بووه‌!
6
كۆتاییه‌كه‌ هات!
كۆتاییه‌كه‌ هات!
ئاوڕی لێت دایه‌وه‌،
ببینه‌، وا هات!
7
ئه‌ی دانیشتووی خاكه‌كه‌ نۆره‌ گه‌یشته‌ سه‌رت،
كاته‌كه‌ی هات و ڕۆژه‌كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌،
له‌سه‌ر چیاكان هاتوهه‌رایه‌،
نه‌ك هاواری خۆشی.
8
ئێستا به‌م زووانه‌ تووڕه‌یی خۆم به‌سه‌ر تۆدا ده‌بارێنم و
هه‌ڵچوونی خۆم هه‌ڵده‌ڕێژم،
به‌پێی كرده‌وه‌كانت حوكمت به‌سه‌ردا ده‌ده‌م و
له‌سه‌ر هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كان سزات ده‌ده‌م.
9
جا چاوه‌كانم به‌زه‌یی پێتدا نایه‌ته‌وه‌ و
ده‌ستم لێت ناپارێزم،
به‌ڵكو سزای ڕه‌فتاره‌كانت ده‌ده‌م،
سزای ئه‌و نه‌ریته‌ قێزه‌ونانه‌ش كه‌ له‌نێوتان ده‌كرێن.
ئیتر ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم لێتان ده‌ده‌م.
10
«”ئه‌وه‌تا ڕۆژه‌كه‌!
ئه‌وه‌تا هات!
چه‌رخ سووڕایه‌وه‌،
دارده‌ست گوڵی كرد،
لووتبه‌رزی چرۆی كرد!
11
سته‌م بووه‌ دارده‌ستی خراپه‌،
نه‌ خۆیان و نه‌ سامانیان و
نه‌ هاتوهه‌رایان ده‌مێنێت،
شكۆیان نامێنێت.
12
كاته‌كه‌ هاتووه‌!
ڕۆژه‌كه‌ گه‌یشتووه‌!
ئینجا نه‌ كڕیار دڵخۆش ده‌بێت و
نه‌ فرۆشیار خه‌مبار ده‌بێت،
چونكه‌ تووڕه‌یی له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌یه‌.
13
فرۆشیار ته‌مه‌نی هه‌رچه‌ند بێت
فرۆشراو وه‌رناگرێته‌وه‌،[a]
چونكه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی خودا
بۆ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌یه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌،
مرۆڤیش له‌به‌ر تاوانه‌كه‌ی
ناتوانێت ده‌ست به‌ ژیانییه‌وه‌ بگرێت.
14
«”هه‌رچه‌نده‌ فوو له‌ كه‌ڕه‌نا بكه‌ن و
هه‌موو چه‌ك و ئازووقه‌یه‌ك ئاماده‌ بكه‌ن،
به‌ڵام كه‌س ناچێته‌ جه‌نگ،
چونكه‌ تووڕه‌ییم له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌یه‌.
15
شمشێر له‌ ده‌ره‌وه‌ و
ده‌رد و قاتوقڕیش له‌ناوه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌شتوده‌ره‌ به‌ شمشێر ده‌مرێت،
ئه‌وه‌ش له‌ شاره‌ قاتوقڕی و ده‌رد ده‌یخوات.
16
ئه‌وانه‌ی ده‌رباز ده‌بن
هه‌ڵدێن بۆ چیاكان و
وه‌ك كۆتری دۆڵه‌كان هه‌موویان ده‌گمێنن،
هه‌ریه‌كه‌ و له‌به‌ر تاوانه‌كه‌ی خۆی.
17
هه‌موو ده‌سته‌كان شل ده‌بن و
هه‌موو ئه‌ژنۆكان ده‌بن به‌ ئاو.
18
جلوبه‌رگی گوش[b] ده‌پۆشن و
ترس دایانده‌گرێت.
ڕیسوایی له‌سه‌ر ڕوخساریان ده‌بێت و
سه‌ریان ده‌ڕووتێته‌وه‌.
19
«”زیوه‌كانیان فڕێده‌ده‌نه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و
زێڕیان ده‌بێته‌ گڵاوی.
زێڕ و زیویان ناتوانێت
له‌ ڕۆژی تووڕه‌یی یه‌زدان فریایان بكه‌وێت.
به‌وانه‌ تێر نابن و هه‌ر برسی ده‌بن،
چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ بۆیان بوون به‌ كۆسپی تاوان.
20
به‌ خشڵه‌ جوانه‌كانیشیان كه‌ مایه‌ی شانازی بوون
له‌ دروستكردنی بته‌ گڵاوه‌كانیان به‌كاریانهێنا،
وێنه‌ی قێزه‌ونیان دروستكرد.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆیان ده‌كه‌م به‌ مایه‌ی گڵاوی.
21
ده‌یده‌مه‌ ده‌ست بێگانه‌كان بۆ تاڵانی،
هه‌روه‌ها ده‌یده‌مه‌ به‌دكارانی زه‌وی بۆ دزی،
جا گڵاوی ده‌كه‌ن.
22
ڕووی خۆم لێیان وه‌رده‌گێڕم و
شوێنی به‌نرخم گڵاو ده‌كه‌ن،
توندوتیژه‌كان دێنه‌ ناویه‌وه‌،
ئه‌وێ گڵاو ده‌كه‌ن.
23
«”زنجیر دروستبكه‌ بۆ به‌دیلگرتن!
چونكه‌ خاكه‌كه‌ پڕ بووه‌ له‌ تاوانی خوێنڕشتن،
شاره‌كه‌ش پڕ بووه‌ له‌ سته‌م.
24
جا دڕنده‌ترینی نه‌ته‌وه‌كان ده‌هێنم و
ده‌ست به‌سه‌ر ماڵه‌كانیاندا ده‌گرن،
شانازیكردنی به‌هێزه‌كان له‌ناوده‌به‌م،
پیرۆزگاكانیان گڵاو ده‌بێت.
25
له‌ كاتی تۆقینیان
داوای ئاشتی ده‌كه‌ن و نییه‌.
26
به‌ڵا له‌سه‌ر به‌ڵا و
هه‌واڵ له‌سه‌ر هه‌واڵ دێت،
داوای بینین له‌ پێغه‌مبه‌ر ده‌كه‌ن،
فێركردن له‌لای كاهین نامێنێت،
ڕاوێژكردنیش له‌لای پیران.
27
پاشا ده‌گریێت و
میر نائومێد ده‌بێت،
ده‌ستی گه‌لی خاكه‌كه‌ش ده‌له‌رزێت.
به‌گوێره‌ی ڕه‌فتاری خۆیان به‌سه‌ریاندا ده‌هێنمه‌وه‌ و
به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی خۆیان حوكمیان به‌سه‌ردا ده‌ده‌م.
ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.“»
  1. a. 7‏:13 مه‌به‌ستی له‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵی یۆبیل نابینێت، بڕوانه‌\+xt لێڤییه‌كان 25‏:25‏-28.‏\+xt*‏
  2. b. 7‏:18 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.