عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕووبارێك له‌ په‌رستگاوه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ 
1
پاشان پیاوه‌كه‌ منی هێنایه‌وه‌ شوێنی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ په‌رستگاكه‌ و بینیم ئاو له‌ژێر سه‌كۆی ده‌روازه‌ی په‌رستگاكه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت و به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات ده‌ڕوات، چونكه‌ په‌رستگاكه‌ ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵات بوو. ئاوه‌كان له‌ژێر لای ڕاستی په‌رستگاكه‌ له‌ باشووری قوربانگاكه‌ به‌ره‌و خوار ده‌ڕۆیشتن.
2
ئینجا له‌ ڕێگای ده‌روازه‌ی باكووره‌وه‌ منی برده‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ منی به‌ ڕێگاكه‌دا سووڕانده‌وه‌ هه‌تا ده‌روازه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ له‌و ڕێگایه‌ی ڕووی به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌ و ئه‌وه‌تا ئاو به‌لای باشووردا ده‌ڕوات.
3
كاتێك پیاوه‌كه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات چووه‌ ده‌ره‌وه‌ گوریسێكی پێوانه‌شی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو و هه‌زار باڵی پێوا و به‌ناو ئاوه‌كه‌دا تێپه‌ڕی كردم و ئاوه‌كه‌ش هه‌تا هه‌ردوو قوله‌پێ بوو.
4
دووباره‌ هه‌زار باڵی دیكه‌ی پێوا و به‌ناو ئاوه‌كه‌دا تێپه‌ڕی كردم و ئاوه‌كه‌ تاكو هه‌ردوو ئه‌ژنۆ بوو. پاشان هه‌زاری دیكه‌ی پێوا و به‌ناو ئاوه‌كه‌دا تێپه‌ڕی كردم و ئاوه‌كه‌ هه‌تا ناوقه‌د بوو.
5
به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌زاری دیكه‌ی پێوا و بینیم ڕووبارێكه‌ كه‌ نه‌متوانی بپه‌ڕمه‌وه‌، چونكه‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ستابوو. ئاوی مه‌له‌كردن بوو، ڕووبارێك بوو كه‌ بواری په‌ڕینه‌وه‌ی لێ نه‌بوو.
6
لێی پرسیم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، بینیت؟»
ئینجا بردمی و منی هێنایه‌وه‌ كه‌ناری ڕووباره‌كه‌.
7
كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ئه‌وه‌تا له‌ كه‌ناری ڕووباره‌كه‌ لێره‌ و له‌وێ داری زۆری لێ بوون.
8
پێی فه‌رمووم: «ئه‌م ئاوه‌ ده‌رده‌چێت به‌ره‌و هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵات و داده‌به‌زێت بۆ عه‌راڤا[a] و ئینجا ده‌چێت بۆ ده‌ریای مردوو. كه‌ دێته‌ ناو ده‌ریاكه‌، ئاوی ده‌ریای مردوو سازگار ده‌كات.
9
بۆ هه‌ركوێ ڕووباره‌كه‌ بچێت، كۆمه‌ڵی زینده‌وه‌ران له‌وێ ده‌ژین و ماسیش زۆر زۆر ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌م ئاوه‌ ده‌ڕژێته‌ ناو ئاوه‌ سوێره‌كان و سازگاریان ده‌كات و هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕووباره‌كه‌ی بۆ بێت ده‌ژیێت.
10
له‌ كانی گه‌دی هه‌تا كانی عه‌گله‌یم ماسیگره‌كان له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی ڕاده‌وه‌ستن و چه‌ند شوێنێك ده‌بێت بۆ تۆڕ هه‌ڵدان، ماسییه‌كانی جۆراوجۆر ده‌بن وه‌ك ماسییه‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست[b] جۆره‌كانی زۆر زۆر ده‌بێت.
11
به‌ڵام گۆم و زۆنگاوه‌كانی سازگار نابن، به‌ سوێری ده‌مێننه‌وه‌ بۆ خوێگرتن.
12
له‌سه‌ر كه‌ناری ڕووباره‌كه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌موو دارێكی میوه‌ ده‌ڕوێت كه‌ به‌ره‌كانیان ده‌خورێت و گه‌ڵاكانی وشك نابن و به‌ری لێ نابڕێت، به‌ڵكو هه‌موو مانگێك به‌ری تازه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ ئاوه‌كه‌ی له‌ پیرۆزگاوه‌ ده‌رده‌چێت و به‌ره‌كه‌ی بۆ خواردن و گه‌ڵاكانی بۆ ده‌رمان ده‌بن.»
سنووره‌كانی خاكه‌كه‌ 
13
یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «به‌پێی ئه‌م سنووره‌ خاكه‌كه‌ وه‌ك میرات دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل، یوسفیش دوو به‌شی به‌رده‌كه‌وێت،
14
بۆتان ده‌بێت به‌ میرات، هه‌ریه‌كه‌ به‌قه‌د براكه‌ی، سوێندم خوارد بیده‌مه‌ باوباپیرانی ئێوه‌ و ئه‌م خاكه‌ ده‌بێته‌ میراتتان.
15
«ئه‌مه‌ سنووری خاكه‌كه‌یه‌:
له‌لای باكوور له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، له‌ ڕێگای حه‌تلۆن ده‌روازه‌ی حه‌مات تێ ده‌په‌ڕێت هه‌تا ده‌گاته‌ چه‌داد
16
و بێرۆتا و سیڤره‌یم كه‌ له‌نێوان سنووری دیمه‌شق و سنووری حه‌ماته‌ و حه‌چه‌ر هه‌تیخۆن كه‌ له‌سه‌ر سنووری حه‌ورانه‌.
17
سنووریش له‌ ده‌ریاوه‌ هه‌تا حه‌چه‌ر عێینان درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌ باكووری شاری دیمه‌شقدا ده‌ڕوات هه‌تا باشووری هه‌رێمی حه‌مات. ئه‌مه‌ شێوه‌ی سنووری باكوور ده‌بێت.
18
لای ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌ دیمه‌شقه‌وه‌ هه‌تا حه‌وران ده‌پێون، پاشان كه‌ناری ڕووباری ئوردون كه‌ له‌نێوان گلعاد و خاكی ئیسرائیله‌، هه‌روه‌ها ده‌ریای مردوو هه‌تا تامار. ئه‌مه‌ لای ڕۆژهه‌ڵاته‌.
19
لای باشووریش، سنووره‌كه‌ له‌ تاماره‌وه‌ هه‌تا مێرگی مه‌ریبای قادێش ده‌ڕوات، پاشان به‌ درێژایی دۆڵی میسر هه‌تا ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌ش لای باشووره‌.
20
لای ڕۆژئاواش، ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست له‌ سنووره‌كه‌وه‌ هه‌تا به‌رامبه‌ر ده‌روازه‌ی حه‌مات، ئه‌مه‌ش لای ڕۆژئاوایه‌.
21
«ئه‌م زه‌ویانه‌ به‌پێی هۆزه‌كانی ئیسرائیل بۆ خۆتان به‌ش ده‌كه‌ن.
22
به‌ تیروپشك میراته‌كه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن بۆ خۆتان و بۆ ئه‌و نامۆیانه‌شی له‌نێوتان نیشته‌جێ بوون كه‌ له‌نێوتان منداڵیان ده‌بێت، له‌ناو نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ك هاوڵاتی هه‌ژمارد ده‌كرێن، له‌ناو هۆزه‌كانی ئیسرائیل میراتتان له‌گه‌ڵ به‌ش ده‌كه‌ن.
23
نامۆكه‌ له‌ سنووری هه‌ر هۆزێك نیشته‌جێ ده‌بێت، له‌وێش میراتی ده‌ده‌نێ.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
  1. a. 47‏:8 شیوێك بوو له‌ ده‌ریاچه‌ی جه‌لیله‌وه‌ هه‌تا ده‌ریای مردوو.
  2. b. 47‏:10 ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست: عیبری ده‌ریای مه‌زن، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی 15و 19و 20.