عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ده‌روازه‌كه‌ی ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵات له‌ حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ شه‌ش ڕۆژی كاركردن داخراو ده‌بێت، ته‌نها له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ و له‌ سه‌ره‌مانگ ده‌كرێته‌وه‌.
2
میر له‌ ڕێگای هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ ژووره‌وه‌ و له‌لای نیرگه‌ی ده‌روازه‌كه‌ ده‌وه‌ستێت و كاهینه‌كان قوربانی سووتاندنه‌كه‌ و قوربانییه‌كانی هاوبه‌شی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌لای به‌رده‌رگاكه‌ كڕنۆش ده‌بات و پاشان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌روازه‌كه‌ هه‌تا ئێواره‌ داناخرێت.
3
گه‌لی خاكه‌كه‌ش له‌ ڕۆژانی شه‌ممه‌ و له‌ سه‌ره‌مانگه‌كان له‌به‌ر ده‌ركی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان كڕنۆش ده‌به‌ن.
4
ئه‌و قوربانی سووتاندنه‌ی میر بۆ یه‌زدانی پێشكه‌ش ده‌كات له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا شه‌ش به‌رخی نێری ساغ و به‌رانێكی ساغه‌،
5
پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌كه‌شی یه‌ك ئێفه‌یه‌ بۆ به‌رانه‌كه‌ و بۆ به‌رخه‌كانیش پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌خشینی ده‌ستی و یه‌ك هه‌ین زه‌یتیش بۆ ئێفه‌یه‌ك.
6
له‌ سه‌ره‌مانگانیشدا، جوانه‌گایه‌كی ساغ و شه‌ش به‌رخ و به‌رانێكی ساغ پێشكه‌ش ده‌كات.
7
میر پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌كه‌ش ئێفه‌یه‌ك بۆ جوانه‌گاكه‌ دابین ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئێفه‌یه‌ك بۆ به‌رانه‌كه‌، بۆ به‌رخه‌كانیش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی دێت، بۆ هه‌ر ئێفه‌یه‌كیش یه‌ك هه‌ین زه‌یت دابین ده‌كات.
8
كاتێك میر دێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ ڕێگای هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌وه‌ دێته‌ ناوه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان ڕێگاشه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.
9
«”كاتێك له‌ جه‌ژنه‌كان گه‌لی خاكه‌كه‌ دێنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ به‌رده‌م یه‌زدان، ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای ده‌روازه‌ی باكووره‌وه‌ بۆ كڕنۆش بردن دێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ ڕێگای ده‌روازه‌ی باشووره‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌؛ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای ده‌روازه‌ی باشووره‌وه‌ دێته‌ ژووره‌وه‌ له‌ ڕێگای ده‌روازه‌ی باكووره‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. كه‌س به‌و ڕێگایه‌دا ناگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێدا هاته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ڕێگاكه‌ی به‌رامبه‌رییه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.
10
گه‌ل به‌ یاوه‌ری میر دێنه‌ ژووره‌وه‌ و هه‌روه‌ها ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.
11
له‌ جه‌ژن و جه‌ژنه‌ دیاریكراوه‌كان پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ ئێفه‌یه‌ك بۆ جوانه‌گا و ئێفه‌یه‌ك بۆ به‌ران ده‌بێت، بۆ به‌رخه‌كانیش هه‌ركه‌سێك به‌گوێره‌ی توانای خۆی و بۆ هه‌ر ئێفه‌یه‌كیش یه‌ك هه‌ین زه‌یت.
12
«”ئه‌گه‌ر میر به‌ خواستی خۆی له‌ پێناوی خودا به‌خشینێكی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبه‌شی بێت، ئه‌وا ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌ بۆی ده‌كرێته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژانی شه‌ممه‌دا ده‌یكات، میر قوربانی سووتاندنه‌كه‌ی یان قوربانییه‌ هاوبه‌شییه‌كانی ده‌كات، پاشان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌دوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌كه‌ی ده‌روازه‌كه‌ داده‌خرێت.
13
«”هه‌موو ڕۆژێك سه‌ر له‌ به‌یانی به‌رخێكی یه‌ك ساڵه‌ی ساغ ده‌كه‌یته‌ قوربانی سووتاندن.
14
هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رخه‌كه‌ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ی بۆ ده‌كه‌یت، شه‌ش یه‌كی ئێفه‌یه‌ك و زه‌یته‌كه‌شی سێ یه‌كی هه‌ینێك بۆ ته‌ڕكردنی ئارده‌ سفره‌كه‌، قوربانی خۆراكه‌ بۆ یه‌زدان، فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تایی به‌رده‌وامه‌.
15
هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌ به‌رده‌وامی به‌رخه‌كه‌ و پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌كه‌ و زه‌یته‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ قوربانی سووتاندن.
16
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌گه‌ر میر دیارییه‌كی دایه‌ یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی، ئه‌وا وه‌ك میرات بۆ نه‌وه‌كانی ده‌مێنێته‌وه‌، موڵكی خۆیانه‌ به‌ میرات.
17
به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیارییه‌كی دایه‌ یه‌كێك له‌ كۆیله‌كانی خۆی، ئه‌وا هه‌تا ساڵی ئازادكردنی بۆ كۆیله‌كه‌ی ده‌بێت، پاشان بۆ میره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام میراته‌كه‌ی خۆی ته‌نها بۆ كوڕه‌كانی ده‌بێت.
18
میر له‌ میراتی گه‌ل نابات، به‌وه‌ی له‌ موڵكی خۆیان ده‌ریانبكات. له‌ موڵكی خۆی میرات به‌ كوڕه‌كانی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌م كه‌س له‌ موڵكی خۆی بێبه‌ش نه‌بێت.“»
19
ئینجا له‌و ده‌رگایه‌ی له‌ته‌نیشت ده‌روازه‌كه‌ بوو منی هێنایه‌ ئه‌و ژووره‌ ته‌رخانكراوانه‌ی ڕووه‌و باكوور كه‌ هی كاهینه‌كان بوون. شوێنێكی نیشاندام له‌ كۆتایی ڕۆژئاوای ژووره‌كان.
20
پێی فه‌رمووم: «ئه‌مه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ كاهینه‌كان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه ده‌كوڵێنن و لێره‌ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ ده‌كه‌ن به‌ نان، نه‌وه‌ك بیبه‌نه‌ خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و گه‌ل پیرۆز بكه‌ن.»
21
ئینجا بردمییه‌ خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌دا و بینیم له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌ك چێشتخانه‌یه‌ك هه‌بوو.
22
له‌ هه‌ر چوار گۆشه‌كه‌ی خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ چێشتخانه‌ هه‌بوون، هه‌ر یه‌كێكیان درێژییه‌كه‌ی چل باڵ و پانییه‌كه‌ی سی باڵ بوو. هه‌ر چوار چێشتخانه‌كه‌ له‌ ئه‌ندازه‌دا یه‌كسان بوون.
23
به‌ چوارده‌وری هه‌ر چێشتخانه‌یه‌كدا لێوارێكی به‌ردینی هه‌بوو، له‌ دامێنی لێواره‌كه‌ش ئاگردان بوو.
24
پێی فه‌رمووم: «ئه‌مانه‌ چێشتخانه‌ن كه‌ خزمه‌تكاره‌كانی په‌رستگا قوربانییه‌كانی گه‌لی تێدا لێده‌نێن.»