عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نوێكردنه‌وه‌ی ماف و ڕێوه‌ڕه‌سم 
1
«”كاتێك خاكه‌كه‌ وه‌ك میرات دابه‌ش ده‌كه‌ن، پارچه‌یه‌ك له‌ خاكه‌كه‌ زه‌وییه‌كی ته‌رخانكراو ده‌بێت و پێشكه‌ش به‌ یه‌زدانی ده‌كه‌ن، درێژی بیست و پێنج هه‌زار باڵ[a] و پانی بیست هه‌زار باڵ ده‌بێت. هه‌موو سنووری چوارده‌وری ته‌رخان ده‌كرێت.
2
له‌مه‌ پارچه‌یه‌كی چوار گۆشه‌ بۆ پیرۆزگا ده‌بێت، پێنج سه‌د باڵ به‌ پێنج سه‌د باڵ و په‌نجا باڵیش له‌ چوارده‌وری زه‌وییه‌كی كراوه‌ ده‌بێت.
3
له‌م پێوانه‌یه‌ به‌ درێژی بیست و پێنج هه‌زار باڵ و پانی ده‌ هه‌زار باڵ ده‌پێویت،[b] پیرۆزگاكه‌ و شوێنه‌ هه‌ره‌پیرۆزه‌كه‌شی له‌ناویدا ده‌بێت.
4
به‌شه‌ ته‌رخانكراوه‌كه‌ی خاكه‌كه‌ بۆ كاهینه‌كان كه‌ خزمه‌تی پیرۆزگا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی نزیك ده‌بنه‌وه‌ بۆ په‌رستنی یه‌زدان، هه‌روه‌ها شوێنی تێدا ده‌بێت بۆ ماڵه‌كانیان و شوێنی تایبه‌تیش بۆ په‌رستگا.
5
بیست و پێنج هه‌زار باڵیش به‌ درێژی و ده‌ هه‌زار باڵ به‌ پانی بۆ لێڤییه‌كان كه‌ خزمه‌تی په‌رستگا ده‌كه‌ن، وه‌ك شارۆچكه‌ بۆ نیشته‌جێبوونیان ده‌بێته‌ موڵك.
6
«”به‌ شاره‌كه‌ش پارچه‌یه‌ك زه‌وی ده‌ده‌ن وه‌ك موڵكی خۆی، پێنج هه‌زار باڵ[c] پانی و بیست و پێنج هه‌زار باڵ درێژی ده‌بێت به‌ ته‌ریبی به‌شه‌ ته‌رخانكراوه‌كه‌، جا بۆ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌بێت.
7
«”به‌شه‌ زه‌وی میریش له‌لای ڕۆژهه‌ڵات و له‌لای ڕۆژئاوا به‌ ته‌ریبی به‌شه‌ ته‌رخانكراوه‌كه‌ و موڵكی شاره‌كه‌ ده‌بێت. له‌ سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌شه‌ ته‌رخانكراو و موڵكی شاره‌كه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ده‌ریای مردوو، هه‌روه‌ها له‌ سنووری ڕۆژئاوای به‌شه‌ ته‌رخانكراو و موڵكی شاره‌كه‌شه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست.
8
ئه‌م به‌شه‌ زه‌وییه‌ له‌ خاكی ئیسرائیلدا بۆ میر ده‌بێت به‌ موڵك، له‌مه‌ودوا میره‌كانم سته‌م له‌ گه‌له‌كه‌م ناكه‌ن و به‌گوێره‌ی هۆزه‌كانیان زه‌وییه‌كه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌ده‌ن.
9
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی میرانی ئیسرائیل ئیتر به‌سه‌! تاڵانی و توندوتیژی له‌نێو خۆتان مه‌هێڵن و دادوه‌ری و ڕاستودروستی جێبه‌جێ بكه‌ن. واز بهێنن له‌ سته‌مكردن له‌ گه‌له‌كه‌م. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
10
ته‌رازووی ته‌واو و ئێفه‌ی[d] ته‌واو و به‌تی[e] ته‌واویان بۆ به‌كاربهێنن.
11
ئێفه‌ و به‌ت یه‌ك ئه‌ندازه‌یان هه‌بێت، با به‌ت ده‌یه‌كی حۆمه‌ر و ئێفه‌ ده‌یه‌كی حۆمه‌ر بێت. ئه‌ندازه‌یان به‌پێی حۆمه‌ر ده‌بێت.
12
شاقلیش بیست جیره‌ ده‌بێت، شه‌ست شاقل ده‌كاته‌ یه‌ك مه‌نا، له‌لای ئێوه‌ وا ده‌بێت.
دیارییه‌ پێشكه‌شكراو و ڕۆژه‌ ته‌رخانكراوه‌كان 
13
«”له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌ش دیارییه‌ تایبه‌تییه‌كانتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن: یه‌ك له‌ شه‌ستی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆیه‌كه‌ت،
14
فه‌رزی زه‌یتی زه‌یتوونیش له‌ سه‌دا یه‌كی به‌رهه‌می دار زه‌یتوونه‌كانتان ده‌ده‌ن. به‌گوێره‌ی به‌ت بیانپێوه‌: ده‌ به‌ت حۆمه‌رێكه‌، یه‌ك حۆمه‌ریش ده‌كاته‌ یه‌ك كۆڕ.
15
هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر مێگه‌لێكی دوو سه‌د سه‌ر مه‌ڕی له‌ له‌وه‌ڕگا باشه‌كانی ئیسرائیل مه‌ڕێك ده‌به‌ن، ده‌یانكه‌نه‌ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبه‌شی بۆ كه‌فاره‌ت بۆ گه‌ل. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
16
ئه‌مه‌ دیاری تایبه‌ته‌ به‌ میری فه‌رمانڕه‌وای ئیسرائیل، كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ فه‌رز ده‌بێت.
17
له‌ سه‌ره‌مانگ و ڕۆژانی شه‌ممه‌ و هه‌موو جه‌ژنه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌بێت میر قوربانی سووتاندن و پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و شه‌راب دابین بكات، هه‌ر ئه‌ویش قوربانی گوناه و پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبه‌شی دابین ده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆ كه‌فاره‌تكردنه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل.
18
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌ مانگی یه‌ك، له‌ یه‌كی مانگدا، جوانه‌گایه‌كی ساغ ده‌به‌یت و پیرۆزگا پاك ده‌كه‌یته‌وه‌.
19
كاهین له‌ خوێنی قوربانی گوناهه‌كه‌ ده‌بات و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌روازه‌ی پیرۆزگا و له‌ هه‌ر چوار گۆشه‌كه‌ی لێواری سه‌ره‌وه‌ی قوربانگا و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌روازه‌كانی حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی ده‌دات.
20
هه‌روه‌ها له‌ حه‌وتی مانگیشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌كه‌یت بۆ هه‌ركه‌سێك كه‌ به‌بێ ئه‌نقه‌ست یان به‌ نه‌زانی گوناهی كرد، به‌م جۆره‌ كه‌فاره‌ت بۆ په‌رستگاكه‌ ده‌كه‌ن.
21
«”له‌ چوارده‌ی مانگی یه‌كدا، ئه‌مه‌ ڕۆژی په‌سخه‌یه‌[f] ، بۆ ئێوه‌ ده‌بێت به‌ جه‌ژن، حه‌وت ڕۆژ نانی فه‌تیره‌ ده‌خۆن.
22
له‌و ڕۆژه‌دا میر بۆ خۆی و بۆ هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ جوانه‌گایه‌ك ده‌كات به‌ قوربانی گوناه.
23
هه‌روه‌ها میر له‌ حه‌وت ڕۆژه‌كه‌ی جه‌ژنیشدا قوربانی سووتاندن بۆ یه‌زدان ده‌كات، حه‌وت جوانه‌گا و حه‌وت به‌رانی ساغ هه‌موو ڕۆژێكی ئه‌و حه‌وت ڕۆژه‌، هه‌ر ڕۆژه‌ش گیسكێكی نێرینه‌ بۆ قوربانی گوناهه‌.
24
پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌كه‌ش یه‌ك ئێفه‌ بۆ هه‌ر جوانه‌گایه‌ك و یه‌ك ئێفه‌ بۆ هه‌ر به‌رانێك و بۆ هه‌ر ئێفه‌یه‌كیش یه‌ك هه‌ین[g] زه‌یت پێشكه‌ش ده‌كات.
25
«”ئه‌و جه‌ژنه‌ی كه‌ له‌ پازده‌ی مانگی حه‌وتدا ده‌ستپێده‌كات، حه‌وت ڕۆژ ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ میر هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابینكردنی قوربانی گوناه، قوربانی سووتاندن، پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و زه‌یت.
  1. a. 45‏:1 بیست و پێنج هه‌زار باڵ: نزیكه‌ی 12 كیلۆمه‌تر، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی 3، 5، 6، 20، 21.
  2. b. 45‏:3 ده‌ هه‌زار باڵ: نزیكه‌ی 5 كیلۆمه‌تر، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی 5، 9، 10، 13، 18.
  3. c. 45‏:6 پێنج هه‌زار باڵ: نزیكه‌ی 4‏،2 كیلۆمه‌تر، لێره‌ و له‌ \+xt 48‏:15‏\+xt*.
  4. d. 45‏:10 یه‌ك ئێفه‌ پێوانه‌ی وشكه‌ نزیكه‌ی بیست و دوو لیتره‌.
  5. e. 45‏:10 یه‌ك به‌ت پێوانه‌ی شله‌مه‌نییه‌ نزیكه‌ی بیست و دوو لیتره‌.
  6. f. 45‏:21 په‌سخه‌: عیبری \+tl په‌سه‌ح\+tl*، واته‌ تێپه‌ڕبوون یاخود لێخۆشبوون.
  7. g. 45‏:24 نزیكه‌ی چوار لیتر.