عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆمه‌ندی خودا بۆ په‌رستگاكه‌ 
1
ئینجا منی برده‌ لای ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌.
2
بینیم شكۆمه‌ندی خودای ئیسرائیل له‌ ڕێگای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌هات و ده‌نگی وه‌ك ده‌نگی ئاوێكی زۆر بوو، خاكه‌كه‌ش له‌به‌ر شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی ده‌دره‌وشایه‌وه‌.
3
بینینه‌كه‌ وه‌ك ئه‌و بینینه‌ بوو كه‌ له‌ كاتی هاتنی بۆ وێرانكردنی شاره‌كه‌ بۆم ئاشكرا كرابوو، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌و بینینه‌ بوو كه‌ له‌لای نۆكه‌ندی كه‌ڤار بۆم ئاشكرا كرابوو، ئه‌و كاته‌ به‌سه‌ر ڕوومدا كه‌وتم.
4
شكۆمه‌ندی یه‌زدان له‌ ڕێگای ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌ بۆ ناو په‌رستگاكه‌ هات.
5
ئینجا ڕۆحی خودا هه‌ڵیگرتم و منی برده‌ حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ و بینیم شكۆمه‌ندی یه‌زدان پیرۆزگاكه‌ی پڕكردووه‌.
6
گوێم لێ بوو له‌ پیرۆزگاكه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و پیاوێكیش له‌ته‌نیشتمه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو.
7
پێی فه‌رمووم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئه‌مه‌ شوێنی ته‌ختی من و شوێنی بنی پێمه‌، كه‌ له‌نێو نه‌وه‌كانی ئیسرائیل بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ نیشته‌جێ ده‌بم. له‌مه‌ودوا بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ناوی پیرۆزم گڵاو ناكه‌ن، نه‌ خۆیان و نه‌ پاشاكانیان، نه‌ به‌ له‌شفرۆشی و نه‌ به‌ ته‌رمی پاشاكانیان له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی.
8
كاتێك ئه‌وان به‌رده‌رگاكه‌یان لای به‌رده‌رگاكه‌م و چوارچێوه‌ی ده‌رگاكه‌یان لای چوارچێوه‌ی ده‌رگاكه‌م دانا، له‌نێوان من و ئه‌واندا ته‌نها دیوارێك هه‌بوو، جا ناوی پیرۆزی منیان به‌ نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانیان گڵاوكرد. منیش به‌ تووڕه‌یی خۆم له‌ناوم بردن.
9
ئێستا با له‌شفرۆشی و ته‌رمی پاشاكانیان له‌ من دووربخه‌نه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ منیش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ناویان نیشته‌جێ ده‌بم.
10
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ده‌رباره‌ی په‌رستگاكه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ڕابگه‌یه‌نه‌، با له‌ تاوانه‌كانی خۆیان شه‌رمه‌زار بن و با نه‌خشه‌كه‌ بپێون.
11
ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ هه‌رچی كردوویانه‌ شه‌رمه‌زارییان كێشا، ئه‌وسا وێنه‌ی په‌رستگا، نه‌خشه‌ و شوێنی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ و شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌، هه‌موو شێوه‌ و فه‌رزه‌كان و فێركردنه‌كانییان بۆ باس بكه‌. ئه‌مه‌ له‌به‌رچاویان بنووسه‌، با هه‌موو نه‌خشه‌ و هه‌موو فه‌رزه‌كانی به‌جێبهێنن و كاری پێ بكه‌ن.
12
«ئه‌مه‌ فێركردنی په‌رستگاكه‌یه‌: له‌سه‌ر لووتكه‌ی كێوه‌كه‌، هه‌موو چوارده‌وری په‌رستگاكه‌ ده‌بێته‌ شوێنێكی زۆر پیرۆز، ئه‌مه‌ فێركردنی په‌رستگاكه‌یه‌.
قوربانگاكه‌ 
13
«ئه‌مه‌ش پێوانه‌كانی قوربانگاكه‌یه‌ به‌ پێوانه‌ی باڵی درێژ، باڵی درێژیش باڵێك و چوار په‌نجه‌یه‌[a] . قووڵایی ئاوه‌ڕۆكه‌ی باڵێكه‌ و پانییه‌كه‌شی باڵێك و كه‌ناره‌كه‌شی هه‌تا لێوه‌كه‌ی چوارده‌وری بستێكه‌[b] . ئه‌مه‌ش به‌رزی قوربانگاكه‌یه‌:
14
بنكه‌كه‌ی له‌ زه‌وی ئاوه‌ڕۆكه‌وه‌ هه‌تا لێواری خواره‌وه‌ دوو باڵ و پانییه‌كه‌شی یه‌ك باڵ بوو، له‌ لێواره‌ بچووكه‌كه‌ی ژێره‌وه‌ هه‌تا لێواره‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ش چوار باڵ و پانییه‌كه‌شی یه‌ك باڵ بوو.
15
به‌رزی ئاگردانی قوربانگاكه‌ش چوار باڵ بوو، له‌ ئاگردانی قوربانگاكه‌شه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ چوار قۆچ هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌.
16
ئاگردانی قوربانگاكه‌ش دوازده‌ باڵ درێژی و دوازده‌ باڵ پانی بوو، شێوه‌ی چوارگۆشه‌یی بوو.
17
لێواره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ش چوار گۆشه‌ بوو، چوارده‌ باڵ درێژ و چوارده‌ باڵ پان بوو، كه‌ناره‌كه‌ی چوارده‌وریشی نیو باڵ بوو و ئاوه‌ڕۆكه‌شی به‌ ده‌وریدا یه‌ك باڵ بوو، پێپلیكانه‌كانیشی ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵات بوو.»
18
پێی فه‌رمووم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌مانه‌ فه‌رزه‌كانی پێشكه‌شكردنی قوربانی سووتاندن و پرژاندنی خوێن له‌سه‌ر قوربانگاكه‌یه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ بنیاد ده‌نرێت.
19
جوانه‌گایه‌ك[c] بۆ قوربانی گوناه به‌ كاهینه‌ لێڤییه‌كان ده‌ده‌یت، ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی سادۆقن، كه‌ له‌ من نزیك ده‌بنه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنم. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
20
له‌ خوێنه‌كه‌ی ده‌به‌یت و له‌ هه‌ر چوار قۆچی قوربانگاكه‌ و هه‌ر چوار گۆشه‌ی لێواره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌ده‌یت و له‌ كه‌ناره‌كه‌شی ده‌ده‌یت به‌ هه‌ر چوارده‌وریدا، به‌م شێوه‌یه‌ پاكی ده‌كه‌یته‌وه‌ و كه‌فاره‌تی بۆ ده‌كه‌یت.
21
جوانه‌گاكه‌ی قوربانی گوناه ده‌به‌یت و له‌ شوێنی دیاریكراو له‌ په‌رستگاكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پیرۆزگاكه‌ ده‌یسووتێنیت.
22
«له‌ ڕۆژی دووه‌م گیسكێكی نێری ساغ پێشكه‌ش ده‌كه‌یت، ساغ بێت، ده‌كرێت به‌ قوربانی گوناه و قوربانگه‌كه‌ به‌ خوێنه‌كه‌ی پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ك چۆن به‌ خوێنی جوانه‌گاكه‌ پاكیان كرده‌وه‌.
23
كه‌ له‌ پاككردنه‌وه‌كه‌ ته‌واو بوویت، جوانه‌گایه‌كی ساغ و به‌رانێكی ساغی مێگه‌ل پێشكه‌ش ده‌كه‌یت.
24
له‌به‌رده‌م یه‌زدان پێشكه‌شیان ده‌كه‌یت و كاهینه‌كان خوێیان پێوه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانكه‌ن به‌ قوربانی سووتاندن بۆ یه‌زدان.
25
«حه‌وت ڕۆژ، هه‌ر ڕۆژه‌ گیسكێكی نێرینه‌ ده‌كه‌یت به‌ قوربانی گوناه و جوانه‌گایه‌كی ساغ و به‌رانێكی ساغی مێگه‌ل ده‌كه‌یت به‌ قوربانی.
26
كاهینه‌كان حه‌وت ڕۆژ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ كه‌فاره‌تی بۆ ده‌كه‌ن و پاكی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ته‌رخانی ده‌كه‌ن.
27
كه‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ ته‌واو بوون، له‌ ڕۆژی هه‌شته‌م به‌سه‌ره‌وه‌ كاهینه‌كان له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ قوربانی سووتاندنه‌كان و قوربانییه‌كانی هاوبه‌شیتان[d] پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، منیش لێتان ڕازی ده‌بم. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
  1. a. 43‏:13 چوار په‌نجه‌یه‌: نزیكه‌ی هه‌شت سه‌نتیمه‌تر.
  2. b. 43‏:13 بستێك: نزیكه‌ی 22 سه‌نتیمه‌تر.
  3. c. 43‏:19 له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ گوێره‌كه‌ی نێر له‌ شیر ده‌بڕدرێته‌وه‌ پێی ده‌گوترێت (نۆبه‌ن) یان (جوانه‌گا).
  4. d. 43‏:27 قوربانی هاوبه‌شی: ئه‌م قوربانییه‌ هاوده‌می قوربانی سووتاندن بوو. ته‌نها یه‌ك كه‌س هه‌ڵده‌ستا به‌ دابینكردنی ئه‌م قوربانییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌ به‌شی زۆری ئه‌م قوربانییه‌یان له‌به‌رده‌م خودا ده‌خوارد وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان. \+xt بڕوانه‌ لێڤییه‌كان 7‏:11‏-15.‏\+xt*‏