عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشانه‌ی گه‌مارۆدانی ئۆرشه‌لیم 
1
«ئێستاش ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، خشتێك بۆ خۆت ببه‌ و له‌به‌رده‌می خۆتی دابنێ و وێنه‌ی شاری ئۆرشه‌لیمی له‌سه‌ر بكێشه‌.
2
گه‌مارۆی بده‌: قولله‌ له‌ ده‌وری بنیاد بنێ، سه‌نگه‌ر له‌ ده‌وری دروستبكه‌، له‌شكر له‌ ده‌وری كۆبكه‌ره‌وه‌ و مه‌نجه‌نیق له‌ ده‌وری دابنێ.
3
ئینجا ساجێكی ئاسن بۆ خۆت ببه‌ و بیكه‌ به‌ شوورایه‌كی ئاسن له‌نێوان خۆت و شاره‌كه‌، چاوی تێ ببڕه‌، جا له‌ژێر گه‌مارۆ ده‌بێت و گه‌مارۆی ده‌ده‌یت. ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ نیشانه‌یه‌ك بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل.
4
«له‌سه‌ر ته‌نیشتی چه‌په‌ت ڕابكشێ و تاوانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل بخه‌ سه‌ر خۆت، به‌ ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ڕاده‌كشێی تاوانی ئه‌وان ده‌خه‌یته‌ ئه‌ستۆی خۆت.
5
منیش ساڵانی تاوانی ئه‌وانم بۆ كردووی به‌ ژماره‌ی ڕۆژه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سێ سه‌د و نه‌وه‌د ڕۆژ تاوانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌خه‌یته‌ ئه‌ستۆی خۆت.
6
«كاتێك ته‌واوت كرد، له‌سه‌ر لای ڕاستت ڕابكشێ، جا بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ تاوانی بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا ده‌خه‌یته‌ ئه‌ستۆی خۆت، هه‌ر ڕۆژێك له‌ جیاتی ساڵێك.
7
جا ڕووت له‌ گه‌مارۆی ئۆرشه‌لیم بكه‌ و بازووی لێ هه‌ڵبكه‌ و پێشبینی له‌سه‌ر بكه‌.
8
من به‌ گوریس ده‌تبه‌ستمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ته‌نیشته‌وه‌ خۆت وه‌رنه‌گه‌ڕێنیته‌ سه‌ر ئه‌و ته‌نیشت هه‌تا ڕۆژانی گه‌مارۆكه‌ت ته‌واو ده‌كه‌یت.
9
«تۆش گه‌نم و جۆ و پاقله‌ و نیسك و هه‌رزن و ماش بۆ خۆت ببه‌ و له‌ناو یه‌ك ده‌فردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیكه‌ به‌ نانی ڕۆژانه‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌سه‌ر ته‌نیشت ڕاده‌كشێیت، سێ سه‌د و نه‌وه‌د ڕۆژ لێی ده‌خۆیت.
10
ئه‌و خواردنه‌ش كه‌ ده‌یخۆیت به‌ كێشانه‌ ده‌بێت، هه‌ر ڕۆژه‌ی بیست شاقل[a] ، هه‌ر جارێك كه‌مێكی ده‌یخۆیت.
11
ئاویش به‌ پێوانه‌ ده‌خۆیته‌وه‌، یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی هه‌ینێك[b] ، هه‌ر جارێك كه‌مێكی ده‌خۆیته‌وه‌.
12
كولێره‌ی جۆ ده‌خۆیت، له‌سه‌ر ئه‌و پیساییه‌ی له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت له‌به‌رچاویان ده‌یبرژێنیت.»
13
یه‌زدان فه‌رمووی: «نه‌وه‌كانی ئیسرائیل به‌م چه‌شنه‌ نانی گڵاو ده‌خۆن له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بۆ لایان ده‌ریانده‌كه‌م.»
14
منیش گوتم: «ئای، ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست! هه‌رگیز خۆمم گڵاو نه‌كردووه‌. له‌ منداڵیمه‌وه‌ هه‌تا ئێستا نه‌ گۆشتی ئاژه‌ڵی مردار و نه‌ گۆشتی نێچیرم خواردووه‌. هیچ گۆشتێكی گڵاو نه‌چووه‌ته‌ ده‌ممه‌وه‌.»
15
ئه‌ویش پێی فه‌رمووم: «ته‌ماشا بكه‌، ڕیخی مانگام بۆت دانا له‌ جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانه‌كه‌تی له‌سه‌ر دروستده‌كه‌یت.»
16
هه‌روه‌ها پێی فه‌رمووم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، من نان له‌ ئۆرشه‌لیم ده‌بڕم، جا نان به‌ كێشان و به‌ خه‌مه‌وه‌ ده‌خۆن و ئاویش به‌ پێوانه‌ و به‌ ترسه‌وه‌ ده‌خۆنه‌وه‌،
17
تاكو نان و ئاویان كه‌م بێت و له‌ دیمه‌نی یه‌كتر بتۆقن و به‌هۆی تاوانه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ناو بچن.
  1. a. 4‏:10 نزیكه‌ی 0,2 كیلۆگرام.
  2. b. 4‏:11 یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی هه‌ینێك: نزیكه‌ی 0,6 لیتر.