عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوکم بەسەردادانی فیرعەون 
1
لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم،[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە.
3
قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم،
ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل،
ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و
من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
4
قولاپ لە شەویلگەت دەکەم،
ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم.
بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون،
لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
5
لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم،
خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت.
لە دەشتودەر دەمریت،
نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە.
تۆ دەکەمە خۆراکی
گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.
6
ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم.
«”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
7
کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
8
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم.
9
خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘
10
لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش.
11
نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت.
12
خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
13
«”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون.
14
ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر[b] ، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ.
15
بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن.
16
لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
پاداشتی نەبوخودنەسر 
17
لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
18
«ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت.
19
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی.
20
خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
21
«لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
  1. a. 29‏:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەوتی مانگی یەکی ساڵی 587ی پێش زایین.‏
  2. b. 29‏:14 واتا باشووری میسر.‏
  3. c. 29‏:17 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و شەشی مانگی چواری ساڵی 571ی پێش زایین.‏