عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوكم به‌سه‌ردادانی فیرعه‌ون 
1
له‌ دوازده‌ی مانگی ده‌ی ساڵی ده‌یه‌م،[a] فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ڕووت له‌ فیرعه‌ونی پاشای میسر بكه‌ و پێشبینی له‌سه‌ر هه‌موو میسر بكه‌.
3
قسه‌ بكه‌ و بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”ئه‌ی فیرعه‌ونی پاشای میسر، من له‌ دژی تۆم،
ئه‌ی تیمساحه‌ گه‌وره‌ ڕاكشاوه‌كه‌ له‌ناو لقه‌كانی نیل،
ئه‌وه‌ی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منه‌ و
من بۆ خۆم دروستم كردووه‌.‘
4
قولاپ له‌ شه‌ویلگه‌ت ده‌كه‌م،
ماسی چه‌مه‌كانت به‌ پووله‌كه‌كانته‌وه‌ ده‌لكێنم.
به‌ هه‌موو ئه‌و ماسییانه‌وه‌ كه‌ به‌ پووله‌كه‌كانته‌وه‌ لكاون،
له‌ ناوه‌ڕاستی چه‌مه‌كانت ده‌رتده‌هێنم.
5
له‌ چۆڵه‌وانی به‌جێت ده‌هێڵم،
خۆت و هه‌موو ماسی چه‌مه‌كانت.
له‌ ده‌شتوده‌ر ده‌مریت،
نه‌ خڕده‌كرێیته‌وه‌ و نه‌ هه‌ڵده‌گیرێیته‌وه‌.
تۆ ده‌كه‌مه‌ خۆراكی
گیانله‌به‌ری زه‌وی و باڵنده‌ی ئاسمان.
6
ئه‌و كاته‌ هه‌موو دانیشتووانی میسر ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
«”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل.
7
كه‌ تۆیان به‌ ده‌ستی گرت، شه‌ق شه‌ق بوویت و ناو شانی ئه‌وانت دڕی، كه‌ خۆیان به‌سه‌رتدا دا، شكایت و پشتی ئه‌وانیشت شكاند.
8
«”له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من شمشێرێكت ده‌هێنمه‌ سه‌ر، مرۆڤ و ئاژه‌ڵت لێ ڕیشه‌كێش ده‌كه‌م.
9
خاكی میسر ده‌بێت به‌ كاولگه‌ و چۆڵه‌وانی، ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
«”چونكه‌ گوتی، ’ڕووباری نیل هی منه‌ و من دروستم كردووه‌،‘
10
له‌به‌ر ئه‌وه‌ من له‌ دژی تۆ و چه‌مه‌كانی تۆم، خاكی میسر ده‌كه‌م به‌ كه‌لاوه‌ی كاول و چۆڵ، له‌ مگدۆله‌وه‌ هه‌تا ئه‌سوان و هه‌تا سنووری كوش.
11
نه‌ پێی مرۆڤی تێدا ڕه‌ت ده‌بێت و نه‌ پێی ئاژه‌ڵ، بۆ چل ساڵ كه‌س تێیدا نیشته‌جێ نابێت.
12
خاكی میسر ده‌كه‌م به‌ چۆڵه‌وانی نێو خاكه‌ چۆڵه‌كان، شاره‌كانیشی بۆ ماوه‌ی چل ساڵ له‌ناو شاره‌ كاوله‌كان چۆڵ ده‌بێت، میسرییه‌كان به‌ناو نه‌ته‌وه‌كاندا په‌رت ده‌كه‌م و له‌نێو خاكه‌كاندا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌.
13
«”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌ كۆتایی چل ساڵه‌كه‌ میسرییه‌كان له‌و گه‌لانه‌ كۆده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ تێیاندا په‌رشوبڵاو بوون.
14
ڕاپێچكراوه‌كانی میسر ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ شانشینی باشووری میسر[b] ، بۆ نیشتیمانی دایكیان ده‌یانگه‌ڕێنمه‌وه‌ و له‌وێ ده‌بن به‌ پاشایه‌تییه‌كی نزم و بێ نرخ.
15
بێ نرخترین پاشایه‌تی ده‌بێت، ئیتر به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا به‌رز نابێته‌وه‌. لاوازیان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا زاڵ نه‌بن.
16
له‌مه‌ودوا میسر نابێت به‌ پاڵپشتی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، به‌ڵكو تاوانه‌كه‌یان دێته‌وه‌ یادیان، كاتێك ڕوویان له‌ میسر كرد، ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانی باڵاده‌ستم.“»
پاداشتی نه‌بوخودنه‌سر 
17
له‌ یه‌كی مانگی یه‌كی ساڵی بیست و حه‌وته‌م،[c] فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
18
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌شكره‌كه‌ی خۆی له‌ جه‌نگێكی قورسدا له‌ دژی سور به‌كارهێنا، هه‌تا ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رێك ڕووتایه‌وه‌ و هه‌موو شانێك داماڵرا، به‌ڵام نه‌ خۆی و نه‌ له‌شكره‌كه‌ی له‌و جه‌نگه‌ی كه‌ ڕابه‌رایه‌تی كرد هیچ پاداشتێكیان له‌ سور ده‌ست نه‌كه‌وت.
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من خاكی میسر ده‌ده‌مه‌ نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، جا سامانه‌كه‌ی ده‌بات، ده‌یدزێت و تاڵانی ده‌كات، ده‌بێته‌ كرێ بۆ له‌شكره‌كه‌ی.
20
خاكی میسرم به‌ ئه‌و دا وه‌ك پاداشت بۆ ماندووبوونه‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌و و سوپاكه‌ی له‌ پێناوی مندا جه‌نگان.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
21
«له‌و ڕۆژه‌دا هێزی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، ده‌می تۆش له‌نێویان ده‌كه‌مه‌وه‌. ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.»
  1. a. 29‏:1 مه‌به‌ست له‌و ماوه‌یه‌ له‌دوای ڕاپێچكردنی یه‌هۆیاكینی پاشای یه‌هودا بۆ بابل، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساڵنامه‌ی ئێستا ده‌كاته‌ حه‌وتی مانگی یه‌كی ساڵی 587ی پێش زایین.
  2. b. 29‏:14 واته‌ باشووری میسر.
  3. c. 29‏:17 مه‌به‌ست له‌و ماوه‌یه‌ له‌دوای ڕاپێچكردنی یه‌هۆیاكینی پاشای یه‌هودا بۆ بابل، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساڵنامه‌ی ئێستا ده‌كاته‌ بیست و شه‌شی مانگی چواری ساڵی 571ی پێش زایین.