عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شیوه‌نێك بۆ میسر 
1
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێشبینی بكه‌ و بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”واوه‌یلا بكه‌ن،
’ئای بۆ ئه‌و ڕۆژه‌!‘
3
چونكه‌ ڕۆژه‌كه‌ نزیكه‌،
ڕۆژه‌كه‌ی یه‌زدان نزیكه‌،
ڕۆژێكی به‌ هه‌وره‌،
كاتی وێرانبوونی نه‌ته‌وه‌كان ده‌بێت.
4
شمشێرێك دێته‌ سه‌ر میسر،
ترس دێته‌ سه‌ر كوش.
كاتێك كوژراوان له‌ میسر ده‌كه‌ون،
سامانه‌كه‌ی ده‌بردرێت و
بناغه‌كانی ده‌ڕووخێنرێت.
5
كوش و لیبیا، لوود و هه‌موو عه‌ره‌بستان، كووب و نه‌وه‌كانی خاكی په‌یمان، له‌گه‌ڵ میسر به‌ شمشێره‌كه‌ ده‌كه‌ون.
6
«”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”هاوپه‌یمانانی میسر ده‌شكێن و
هێزه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات كه‌ مایه‌ی شانازییه‌تی،
خه‌ڵكه‌كه‌شی له‌ مگدۆله‌وه‌ هه‌تا ئه‌سوان
به‌ شمشێره‌كه‌ ده‌كوژرێن.“»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
7
«”وه‌ك خاكه‌كانی ده‌وروبه‌ریان چۆڵ ده‌بن،
شاره‌كانیان له‌ ڕیزی شاره‌ كاوله‌كان ده‌بن.
8
به‌وه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم،
كاتێك ئاگر له‌ میسر به‌رده‌ده‌م و
هه‌موو یارمه‌تیده‌رانی تێكده‌شكێنرێن.
9
«”له‌و ڕۆژه‌دا، نێردراوان به‌ سواری كه‌شتی له‌لای منه‌وه‌ دێن بۆ تۆقاندنی كوشی له‌خۆڕازی، ئینجا له‌ ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێته‌ سه‌ریان، چونكه‌ ئه‌وه‌تا دێت.
10
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”من ئاپۆره‌ی سوپای میسر له‌ناوده‌به‌م،
به‌ ده‌ستی نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل.
11
ئه‌و به‌ خۆی و به‌ له‌شكره‌كه‌یه‌وه‌ دڕنده‌ترینی نه‌ته‌وه‌كانن،
بۆ كاولكردنی خاكه‌كه‌ ده‌هێنرێن،
جا شمشێره‌كانیان بۆ سه‌ر میسر هه‌ڵده‌كێشن،
خاكه‌كه‌ پڕ ده‌كه‌ن له‌ كوژراو.
12
چه‌مه‌كانی نیل وشك ده‌كه‌م و
خاكه‌كه‌ ده‌فرۆشم به‌ خراپه‌كاران،
به‌ ده‌ستی بێگانان
خاكه‌كه‌ و هه‌رچی تێیدایه‌ كاولی ده‌كه‌م.
من یه‌زدانم، ئه‌وه‌م فه‌رموو.
13
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”بته‌كان له‌ناوده‌به‌م و
كۆتایی به‌ په‌یكه‌ره‌كانی نێو مه‌مفیس ده‌هێنم،
له‌مه‌ودوا هیچ میرێك له‌ خاكی میسر هه‌ڵناكه‌وێت،
ترس ده‌خه‌مه‌ سه‌ر خاكی میسر.
14
پاشایه‌تی باشووری میسر تێكده‌ده‌م و
ئاگر له‌ چۆعه‌ن به‌رده‌ده‌م و
له‌ تیب سزا ده‌سه‌پێنم.
15
تووڕه‌یی خۆم به‌سه‌ر شاری په‌لوزیوم ده‌بارێنم،
قه‌ڵاكه‌ی میسر،
ئاپۆره‌ی سوپای تیب ڕیشه‌كێش ده‌كه‌م.
16
ئاگر له‌ میسر به‌رده‌ده‌م،
په‌لوزیوم ئێشی پێ ده‌گات.
تیب ته‌فروتونا ده‌بێت،
مه‌مفیسیش هه‌موو ڕۆژێك له‌ ته‌نگانه‌دا ده‌بێت.
17
گه‌نجه‌كانی ئۆن و پیڤه‌سه‌ت
به‌ شمشێر ده‌كوژرێن،
ئه‌و دوو شاره‌ش ڕاپێچ ده‌كرێن.
18
له‌ ته‌حپه‌نحێس ڕۆژ تاریك دادێت
كاتێك نیره‌كانی[a] میسر ده‌شكێنم،
شانازی هێزی نامێنێت.
هه‌ورێك میسر داده‌پۆشێت،
شارۆچكه‌كانی ڕاپێچ ده‌كرێن.
19
له‌ میسر سزا ده‌سه‌پێنم،
ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.“»
شكاندنی هێزه‌كانی فیرعه‌ون 
20
له‌ حه‌وتی مانگی یه‌كی ساڵی یازده‌یه‌مین،[b] فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
21
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعه‌ونی پاشای میسرم شكاند. یه‌كناگرێته‌وه‌، نه‌ به‌ په‌لیكه‌ دار و نه‌ به‌ پێچانه‌وه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بێت و شمشێر به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێته‌وه‌.
22
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من له‌ دژی فیرعه‌ونی پاشای میسرم. هه‌ردوو بازووی ده‌شكێنم، ساغه‌كه‌ و شكاوه‌كه‌، شمشێر له‌ ده‌ستی به‌رده‌ده‌مه‌وه‌.
23
میسرییه‌كان به‌ناو نه‌ته‌وه‌كاندا په‌رت ده‌كه‌م و به‌ناو خاكه‌كاندا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌.
24
هه‌ردوو بازووی پاشای بابل توند ده‌كه‌م و شمشێری خۆم ده‌ده‌مه‌ ده‌ستییه‌وه‌. هه‌ردوو بازووی فیرعه‌ونیش ده‌شكێنم و له‌به‌رده‌می وه‌ك نوزانه‌وه‌ی بریندار ده‌نوزێته‌وه‌.
25
بازووه‌كانی پاشای بابل توند ده‌كه‌م، به‌ڵام بازووه‌كانی فیرعه‌ون ده‌كه‌ون. ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، كاتێك شمشێری خۆم ده‌ده‌مه‌ ده‌ست پاشای بابل و به‌سه‌ر خاكی میسردا هه‌ڵیده‌كێشێت.
26
میسرییه‌كان به‌ناو نه‌ته‌وه‌كاندا په‌رته‌وازه‌ ده‌كه‌م و به‌ناو خاكه‌كاندا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌. ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.»
  1. a. 30‏:18 مه‌به‌ستی له‌ بارگرانییه‌.
  2. b. 30‏:20 مه‌به‌ست له‌و ماوه‌یه‌ له‌دوای ڕاپێچكردنی یه‌هۆیاكینی پاشای یه‌هودا بۆ بابل، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساڵنامه‌ی ئێستا ده‌كاته‌ بیست و نۆی مانگی چواری ساڵی 587ی پێش زایین.