عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشای سور 
1
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت:
’من خوداوەندێکم،
لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم
لەناو جەرگەی دەریاکان.‘
بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند،
هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
3
ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟
هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
4
بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت،
زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
5
بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی
سامانەکەتت زیاد کرد،
جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت
لەخۆبایی بوویت.
6
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”وا دەزانیت کە دانایت،
کە دانایی خوداوەندت هەیە،
7
هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت،
دڕندەترینی نەتەوەکان،
شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت،
شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
8
لەناو جەرگەی دەریاکان
بە مردنی خوێناوی دەمریت،
شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
9
ئایا لەبەردەم بکوژەکانت
دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟
نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر،
تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
10
بە مردنی خەتەنەنەکراوان دەمریت،
بە دەستی بێگانان.
من بەڵێنم دا، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
11
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
12
«ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت،
پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
13
لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت،
هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە:
یاقووت[a] ، یاقووتی زەرد، زمروود،
زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب،
یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە[b] و زمروودی سەوز.
چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو،
لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
14
تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی،
ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو.
تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت،
بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
15
تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت،
لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە
هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.
16
بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت،
پڕ بوویت لە ستەم و
گوناهت کرد.
لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان،
وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت،
لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
17
لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت،
لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا.
لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی،
تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
18
لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت
پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد.
لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو،
تۆی هەڵلووشی،
دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی،
لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
19
هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
چونکە بوویتە پەند و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە سەیدا 
20
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
21
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە،
22
بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و
لە ناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم.
کاتێک سزای ئەو دەدەم و
پیرۆزی خۆم دەردەخەم،
ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
23
دەرد دەنێرمە سەری و
خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات.
لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لە ناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون،
کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
24
«”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
25
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم.
26
ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»
  1. a. 28‏:13 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏
  2. b. 28‏:13 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.‏