عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئیسرائیل لە یەزدان یاخی بوو 
1
ئەوە بوو لە دەی مانگی پێنجی ساڵی حەوتەم،[a] کەسانێک لە پیرانی ئیسرائیل هاتن بۆ پرسیارکردن لە یەزدان، جا لەبەردەممدا دانیشتن.
2
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
3
«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوە هاتوون هەتا پرسیار لە من بکەن؟ بە گیانی خۆم! ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
4
«ئایا حوکمیان دەدەیت؟ ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا تۆ حوکم دەدەیت؟ ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی باوباپیرانی خۆیان بکەرەوە،
5
پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی ئیسرائیلم هەڵبژارد سوێندم بۆ بنەماڵەی یاقوب خوارد، لە خاکی میسردا خۆمم پێیان ناساند، سوێندم بۆ خواردن و فەرمووم: ’من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘
6
لەو ڕۆژەدا سوێندم بۆ خواردن کە لە خاکی میسر دەریاندەهێنم و دەیانبەم بەرەو خاکێک کە خۆم بەدوایدا گەڕابووم بۆیان، شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، باشترینی هەموو خاکەکانە.
7
پێم فەرموون: ’هەریەکە لە ئێوە با ئەو وێنە قێزەونانەی کە سەرنجی ڕاکێشاون و خۆشتان دەوێن، لە خۆتان دووربخەنەوە و بە بتەکانی میسر خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘
8
«”بەڵام لێم یاخی بوون و نەیانویست گوێم لێ بگرن، کەسیان وێنە گڵاوەکانی بەرچاوی فڕێنەدا کە سەرنجی ڕاکێشابوون، وازیان لە بتەکانی میسر نەهێنا. لەبەر ئەوە بیرم لەوە دەکردەوە، تووڕەیی خۆمیان بەسەردا ببارێنم و لە ناوەڕاستی خاکی میسردا هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.“
9
بەڵام ئەوەی من کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا ناوم گڵاو نەبێت لەبەرچاوی ئەو نەتەوانەی لەنێویاندان، ئەوانەی لەبەرچاویان خۆمم بۆ دەرخستن بەوەی لە خاکی میسر دەرمهێنان.
10
جا لە خاکی میسر دەرمهێنان و ئەوانم هێنایە چۆڵەوانی.
11
فەرزەکانی خۆمم پێدان و حوکمەکانی خۆمم پێ ناساندن، ئەوانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت.
12
هەروەها ڕۆژی شەممەم بۆ دیاری کردن، هەتا ببێتە نیشانەیەک لەنێوان من و ئەوان، بۆ ئەوەی بزانن کە من یەزدانم، ئەوەی پیرۆزیان دەکات.
13
«”لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی لێم یاخی بوون. ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە، ئەو حوکمانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت، هەروەها بە هیچ جۆرێک پیرۆزی شەممەکانی منیان ڕانەگرت. لەبەر ئەوە فەرمووم لە چۆڵەوانیدا من تووڕەیی خۆم بەسەریاندا دەبارێنم بۆ کۆتایی پێهێنانیان.
14
بەڵام ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا گڵاو نەبێت لەبەرچاو ئەو نەتەوانەی لەبەرچاویان دەرمهێنان.
15
هەروەها لە چۆڵەوانیدا سوێندم بۆ خواردن کە نەیانهێنم بۆ ئەو خاکەی کە پێم دابوون، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت و باشترینی هەموو خاکەکانە،
16
لەبەر ئەوەی حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد، بەڵکو شەممەکانی منیان گڵاوکرد، چونکە دڵیان دوای بتەکانیان کەوت.
17
لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم بەزەیی پێیاندا هاتەوە لە لەناوبردنیان، جا کۆتاییم پێ نەهێنان.
18
لە چۆڵەوانی بە ڕۆڵەکانی ئەوانم فەرموو: ’بە ڕێگای فەرزی باوکانتاندا مەڕۆن و حوکمەکانیان مەپارێزن و بە بتەکانیان خۆتان گڵاو مەکەن.
19
من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم، ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن.
20
شەممەکانیشم پیرۆز ڕابگرن، جا دەبێت بە نیشانەیەک لەنێوان من و ئێوەدا، تاوەکو ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم.‘
21
«”ڕۆڵەکانیشیان لێم یاخی بوون، ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان نەپاراست هەتا کاری پێ بکەن، ئەوانەی ئەگەر﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت،﴾[b] هەروەها شەممەکانی منیان گڵاوکرد. جا فەرمووم، تووڕەیی خۆم دەرببڕم، هەتا لە چۆڵەوانی هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.
22
بەڵام دەستم هەڵگرت و ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا لەبەرچاو ئەو نەتەوانە گڵاو نەبێت کە لەبەرچاویان دەرمهێنان.
23
هەروەها لە چۆڵەوانی سوێندم بۆ خواردن کە بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان بکەم و بەسەر خاکەکاندا بڵاویان بکەمەوە،
24
چونکە گوێڕایەڵی حوکمەکانی من نەبوون، بەڵکو فەرزەکانی منیان ڕەتکردەوە و شەممەکانی منیان گڵاوکرد و چاویان بەدوای بتەکانی باوکیانەوە بوو.
25
هەروەها من ئەو فەرزانەم پێدان کە باش نین و ئەو حوکمانەی کە پێی ناژین[c] ،
26
ڕێم دا کە خۆیان گڵاو بکەن، بەوەی کە هەموو نۆبەرەیەکی خۆیان کرد بە دیاری و بە ئاگر سووتاندیانن، بۆ ئەوەی بیانتۆقێنم تاوەکو بزانن کە من یەزدانم.“
27
«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەشدا باوکانتان کفریان لە دژی من کرد کە ناپاکییان کرد:
28
کاتێک ئەوانم هێنایە ئەو خاکەی سوێندم بۆ خواردبوون کە بیدەمە ئەوان، جا هەر گردێکی بەرز و هەر دارێکی پڕ گەڵایان بینی، لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕی، لەوێ پێشکەشکراوەکانیان پێشکەش کرد کە مایەی تووڕەبوونی منە. لەوێ بخوورە بۆنخۆشەکانیان پێشکەش کرد، لەوێ شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەش کرد.
29
پێم فەرموون: ئەم نزرگەی سەر بەرزاییە چییە کە بۆی دێن؟“» جا لەو ڕۆژەوە ناوی لێنرا، باما[d] .
دادگاییکردن و گەڕاندنەوە 
30
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوەش بە ڕێگای باوکانتاندا دەڕۆن، بە وێنە قێزەونەکانیان خۆتان گڵاو دەکەن و لەشفرۆشی دەکەن؟
31
بە پێشکەشکردنی دیارییەکانتان و سووتاندنی منداڵەکانتان و بە هەموو بتەکانتان هەتا ئەمڕۆش گڵاو دەبن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێ بدەم ئیتر ئێوە پرسیارم لێ بکەن؟ بە گیانی خۆم ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
32
«”ئەوەی بە خەیاڵتاندا دێت هەرگیز نایەتە دی، کە دەڵێن: ’وەک نەتەوەکان دەبین، وەک هۆزەکانی زەوی، دار و بەرد دەپەرستین.‘
33
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و بە تووڕەیی دەربڕینم فەرمانڕەوایەتیتان دەکەم.
34
من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و تووڕەییەکی دەربڕدراوەوە لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەوە کۆتان دەکەمەوە کە تێیدا پەرتەوازە بوون.
35
دەتانهێنمە چۆڵەوانی خاکی گەلانی دیکە و لەوێ ڕووبەڕوو دادگاییتان دەکەمەوە.
36
وەک چۆن باوباپیرانتانم لە چۆڵەوانی خاکی میسر دادگایی کرد، ئاواش ئێوە دادگایی دەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
37
واتان لێ دەکەم بەژێر داردەستدا تێبپەڕن و دەتانهێنمە ناو بەندی پەیمانەوە.
38
ئەوانەی لەنێوتان هەڵگەڕاونەتەوە و لە من یاخین ڕیشەکێشیان دەکەم. هەرچەندە لە خاکی ئاوارەییان دەریاندەهێنم، بەڵام ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
39
«”ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئێوە ئەمە دەفەرموێت: بڕۆن و هەریەکەتان بتەکانی خۆی بپەرستێت! بەڵام دوای ئەوە بە قسەم دەکەن. ئیتر ناوی پیرۆزیشم بە دیاری و بتەکانتان گڵاو ناکەن،
40
چونکە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە کێوی پیرۆزیم، لە کێوی بەرزی ئیسرائیل، لەوێ لە خاکەکە دەمپەرستن، منیش لەوێ لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لەوێ داوای پێشکەشکراو و پەسەندترین دیاریتان لێ دەکەم، لەگەڵ هەموو قوربانییە پیرۆزەکانتان.
41
ئێوە وەک بخووری بۆنخۆش لەلای من پەسەند دەبن، کاتێک لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەی کە تێیدا پەرشوبڵاو بوونەتەوە کۆتان دەکەمەوە و لەبەرچاوی نەتەوەکان بە ئێوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم.
42
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەتانهێنم بۆ خاکی ئیسرائیل، بۆ ئەو خاکەی کە سوێندم خواردبوو بیدەمە باوباپیرانتان.
43
لەوێ ڕەفتاری خۆتان و هەموو کردەوەکانتان کە پێی گڵاو ببوون دێتەوە یادتان، لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کە ئەنجامتان داوە قێز لە خۆتان دەکەنەوە.
44
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کاتێک لەبەر ناوی خۆم هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا دەکەم، نەک بە پێی کارە خراپەکانتان و نەریتە گەندەڵەکانتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
پێشبینی لەسەر باشوور 
45
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
46
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە باشوور بکە و بەرەو باشوور جاڕبدە، پێشبینی لەسەر ئەو دارستانە بکە کە لە باشوورە.
47
بە دارستانی باشوور بڵێ، ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئاگرت تێ بەردەدەم، جا هەموو دارێکی تەڕ و هەموو دارێکی وشک لەناو تۆدا دەخوات. کڵپەی گڕەکەی ناکوژێتەوە و لە باشوورەوە هەتا باکوور هەموو ڕوخسارێک دەسووتێت.
48
جا هەموو مرۆڤ دەبینن کە من یەزدانم ئاگرم تێی بەرداوە و ناکوژێتەوە.“»
49
منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوان بە من دەڵێن: ”ئایا ئەو تەنها بە نموونە نادوێت؟“»
  1. a. 20‏:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە چواردەی مانگی هەشت ساڵی 591ی پێش زایین.‏
  2. b. 20‏:21 بڕوانە لێڤییەکان 18‏:5*
  3. c. 20‏:25 بڕوانە ڕۆما 1‏:24‏-32‏‏
  4. d. 20‏:29 واتا نزرگەی سەر بەرزایی.‏