عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئه‌و گیانه‌ی گوناه بكات، ئه‌و ده‌مرێت 
1
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«بۆچی ئه‌م په‌نده‌ به‌سه‌ر خاكی ئیسرائیلدا هه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌ڵێن:
«”باوكان به‌رسیله‌یان خوارد،
ددانی منداڵه‌كان ئاڵ ده‌بنه‌وه‌“؟
3
«یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: به‌ گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئه‌م په‌نده‌ له‌ ئیسرائیلدا بهێننه‌وه‌ و بڵێن،
4
چونكه‌ هه‌موو گیانێك هی منه‌، گیانی باوك وه‌ك گیانی منداڵ، هه‌ردووكیان هی منن. ئه‌و كه‌سه‌ی گوناه بكات، هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ده‌مرێت.
5
«گریمان ئه‌گه‌ر پیاوێكی ڕاستودروست هه‌بێت و
دادوه‌ری و ڕاستودروستی بكات:
6
له‌ نزرگه‌ی سه‌ر چیاكان نه‌خوات و
چاوی بۆ بته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل هه‌ڵنه‌بڕێت؛
ژنی كه‌سێكی دیكه‌ گڵاو نه‌كات و
له‌گه‌ڵ ئافره‌ت جووت نه‌بێت له‌ ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛
7
سته‌م له‌ كه‌س نه‌كات،
به‌ڵكو بارمته‌ی قه‌رزدار بگه‌ڕێنێته‌وه‌؛
ماڵی كه‌س زه‌وت نه‌كات،
به‌ڵكو نانی خۆی بداته‌ برسی و
جل بكاته‌ به‌ر ڕووت؛
8
پاره‌ به‌ سوو نه‌دات و
نرخی شتومه‌ك گران نه‌كات؛
ده‌ستی له‌ سته‌مكاری بگێڕێته‌وه‌ و
له‌نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانه‌ دادوه‌ری بكات.
9
فه‌رزه‌كانم په‌یڕه‌و بكات و
به‌ ڕه‌وایی حوكمه‌كانم به‌جێبهێنێت.
ئه‌وا ئه‌و پیاوه‌ ڕاستودروسته‌،
بێگومان ده‌ژیێت.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
10
«گریمان ئه‌گه‌ر كوڕێكی هه‌بێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بكات، یان یه‌كێكی دیكه‌ له‌م كارانه‌ی
11
كه‌ باوكی نه‌یكردووه‌:
«له‌ نزرگه‌ی سه‌ر چیاكان بخوات،
ژنی كه‌سێكی دیكه‌ گڵاو بكات،
12
سته‌م له‌ هه‌ژار و نه‌دار بكات،
شتی خه‌ڵكی زه‌وت بكات،
قه‌رز نه‌داته‌وه‌،
چاوی بۆ بته‌كان هه‌ڵببڕێت،
كاری قێزه‌ون ئه‌نجام بدات،
13
پاره‌ به‌ سوو بدات و نرخی شتومه‌ك گران بكات.
ئایا ده‌ژیێت؟ ناژیێت! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونانه‌ی كردووه‌، بێگومان ده‌كوژرێت، خوێنی له‌ ملی خۆی ده‌بێت.
14
«به‌ڵام گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌و كوڕه‌ش كوڕێكی بوو و هه‌موو گوناهه‌كانی باوكی بینی كه‌ كردی و وه‌ك ئه‌وی نه‌كرد:
15
«له‌ نزرگه‌ی سه‌ر چیاكان نه‌خوات،
چاوی بۆ بته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل هه‌ڵنه‌بڕێت،
ژنی كه‌سێكی دیكه‌ گڵاو نه‌كات،
16
سته‌م له‌ كه‌س نه‌كات،
داوای بارمته‌ نه‌كات و
هیچ شتێك زه‌وت نه‌كات،
به‌ڵكو نانی خۆی بداته‌ برسی و
جل بكاته‌ به‌ر ڕووت،
17
ده‌ستی له‌ سته‌مكاری بگێڕێته‌وه‌،
سوو وه‌رنه‌گرێت و نرخی شتومه‌ك گران نه‌كات،
به‌ڵكو حوكمه‌كانم به‌جێبهێنێت و فه‌رزه‌كانم په‌یڕه‌و بكات.
ئه‌و به‌ تاوانی باوكی نامرێت، بێگومان ده‌ژیێت.
18
به‌ڵام باوكی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سته‌می كردووه‌ و ماڵی براكه‌ی زه‌وت كردووه‌ و ئه‌وه‌ی باش نییه‌ له‌نێو گه‌له‌كه‌ی كردوویه‌تی، ئه‌و به‌ تاوانی خۆی ده‌مرێت.
19
«ئێوه‌ ده‌ڵێن: ”بۆچی كوڕ تاوانی باوكی هه‌ڵناگرێت؟“ كه‌ كوڕ ڕاستودروستی و دادپه‌روه‌ری ئه‌نجام داوه‌، هه‌موو فه‌رزه‌كانی منی به‌جێهێناوه‌ و كاری پێ كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێگومان ده‌ژیێت.
20
ئه‌و كه‌سه‌ی گوناه ده‌كات، هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ده‌مرێت. كوڕ تاوانی باوكی هه‌ڵناگرێت و باوكیش تاوانی كوڕه‌كه‌ی هه‌ڵناگرێت. كه‌سی ڕاستودروست ڕاستییه‌كه‌ی بۆ خۆیه‌تی و كه‌سی خراپه‌كاریش خراپه‌كه‌ی بۆ خۆیه‌تی.
21
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر خراپه‌كار له‌ هه‌موو گوناهه‌كانی كه‌ كردوویه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌، هه‌موو فه‌رزه‌كانی منی به‌جێهێنا و دادوه‌ری و ڕاستودروستی ئه‌نجام دا، بێگومان ده‌ژیێت و نامرێت.
22
هه‌موو یاخیبوونه‌كانی كه‌ كردوویه‌تی باس ناكرێن، به‌و كرداره‌ ڕاستودروستانه‌ی كه‌ كردوویه‌تی ده‌ژیێت.
23
یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: ئایا من به‌ مردنی خراپه‌كار دڵخۆش ده‌بم؟ ئایا شادمان نیم كه‌ له‌ ڕه‌فتاره‌كانی بگه‌ڕێته‌وه‌ و بژیێت؟
24
«له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر مرۆڤی ڕاستودروستیش له‌ ڕاستودروستییه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ و تاوان ئه‌نجام بدات و وه‌ك هه‌موو كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌كانی خراپه‌كار بكات، ئایا ده‌ژیێت؟ هه‌موو ئه‌و كرداره‌ ڕاستودروستانه‌ی كه‌ كردوویه‌تی باس ناكرێن. به‌و ناپاكییه‌ی كه‌ كردوویه‌تی و به‌و گوناهه‌ی كه‌ ئه‌نجامی داوه‌ ده‌مرێت.
25
«ئێوه‌ش ده‌ڵێن: ”ڕێگای په‌روه‌ردگار دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌.“ ئێستا ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌؟ یان ڕێگاكانی ئێوه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ نین؟
26
ئه‌گه‌ر كه‌سی ڕاستودروست له‌ ڕاستودروستییه‌كه‌ی خۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ و تاوان ئه‌نجام بدات، ئه‌وا به‌هۆیه‌وه‌ ده‌مرێت، به‌هۆی ئه‌و تاوانه‌ی كه‌ ئه‌نجامی داوه‌ ده‌مرێت.
27
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خراپه‌كار له‌ خراپه‌كه‌ی كه‌ كردوویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌، دادوه‌ری و ڕاستودروستی ئه‌نجام بدات، ئه‌وا ژیانی خۆی ده‌پارێزێت.
28
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو یاخیبوونه‌كانی خۆی كه‌ كردبووی بینی و لێیان گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وا بێگومان ده‌ژیێت و نامرێت.
29
بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلیش ده‌ڵێن: ”ڕێگای په‌روه‌ردگار دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌.“ ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاكانی من دادپه‌روه‌رانه‌ نین؟ یان ڕێگاكانی ئێوه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ نین؟
30
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، دادگاییتان ده‌كه‌م، هه‌ریه‌كه‌تان به‌گوێره‌ی ڕه‌فتاری خۆی. تۆبه‌ بكه‌ن و له‌ هه‌موو یاخیبوونه‌كانتان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و تاوان نابێت به‌ كۆسپ له‌ ڕێگاتان.
31
هه‌موو یاخیبوونه‌كانتان كه‌ پێی یاخیبوون فڕێبده‌ن، دڵێكی تازه‌ و ڕۆحێكی تازه‌ بۆ خۆتان به‌ده‌ستبهێنن. ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟
32
چونكه‌ من به‌ مردنی هیچ كه‌سێك دڵخۆش نابم، جا تۆبه‌ بكه‌ن و بژین! ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.