عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «بڕۆ لای فیرعه‌ون و پێی بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌م بده‌ بڕۆن بۆ ئه‌وه‌ی بمپه‌رستن.
2
ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بیت و ڕێیان نه‌ده‌یت، هه‌موو خاكه‌كه‌ت پڕده‌بێت له‌ بۆق.
3
ڕووباری نیل پڕده‌بێت له‌ بۆق، سه‌رده‌كه‌ون و دێنه‌ ناو ماڵه‌كه‌ت و ژووری نوستنه‌كه‌ت و سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ت، هه‌روه‌ها ده‌چنه‌ ماڵی خزمه‌تكاره‌كانت و سه‌ر گه‌له‌كه‌ت و ناو ته‌نووره‌كانت و ته‌شته‌ هه‌ویره‌كانت.
4
بۆق دێته‌ سه‌ر خۆت و گه‌له‌كه‌ت و خزمه‌تكاره‌كانت.“»
5
ئینجا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «به‌ هارون بڵێ: ”به‌ گۆچانه‌كه‌ت ده‌ست درێژبكه‌ بۆ سه‌ر جۆگه‌ و نۆكه‌ند و گۆماوه‌كان، بۆق سه‌ربخه‌ بۆ سه‌ر خاكی میسر.“»
6
هارونیش ده‌ستی درێژكرده‌ سه‌ر ئاوی میسر، بۆق سه‌ركه‌وتن و خاكی میسریان داپۆشی.
7
جادووگه‌ره‌كانیش به‌ ئه‌فسونه‌كانیان هه‌مان شتیان كرد، بۆقیان هێنایه‌ سه‌ر خاكی میسر.
8
فیرعه‌ون بانگی موسا و هارونی كرد و گوتی: «له‌ یه‌زدان بپاڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆق له‌ خۆم و گه‌له‌كه‌م دووربخاته‌وه‌، منیش ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌ ده‌ده‌م بڕۆن قوربانی بۆ یه‌زدان سه‌رببڕن.»
9
موساش به‌ فیرعه‌ونی گوت: «كاتێكم پێ بفه‌رموو كه‌ بپاڕێمه‌وه‌. له‌ پێناوی خۆت و خزمه‌تكاره‌كانت و گه‌له‌كه‌ت، بۆ بڕانه‌وه‌ی بۆق له‌ تۆ و له‌ ماڵه‌كانت، به‌ڵام بۆق له‌ ڕووباری نیل ده‌مێننه‌وه‌.»
10
ئه‌ویش گوتی: «به‌یانی.»
موساش گوتی: «وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ گوتت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت كه‌ هیچ خودایه‌ك نییه‌ وه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان.
11
بۆقه‌كانیش له‌ خۆت و ماڵه‌كانت و خزمه‌تكاره‌كانت و گه‌له‌كه‌ت دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕووباری نیل ده‌مێننه‌وه‌.»
12
له‌دوای ئه‌وه‌ی موسا و هارون له‌لای فیرعه‌ون هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، موسا هاواری بۆ یه‌زدان كرد له‌به‌ر ئه‌و بۆقانه‌ی كه‌ وه‌ك به‌ڵا به‌سه‌ر فیرعه‌ونی هێنابوو.
13
یه‌زدانیش به‌ قسه‌ی موسای كرد، بۆقه‌كان له‌ ماڵ و حه‌وشه‌ و كێڵگه‌كان مردن.
14
كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ كۆیان كردنه‌وه‌ و زه‌وییه‌كه‌ گه‌نده‌ڵ بوو.
15
به‌ڵام كاتێك فیرعه‌ون بینی خامۆشی هاته‌ كایه‌وه‌، دڵی ڕه‌ق كرده‌وه‌ و گوێی له‌ موسا و هارون نه‌گرت، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی.
كاره‌ساتی سێیه‌م: مێشووله‌ 
16
ئینجا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «به‌ هارون بڵێ: ”گۆچانه‌كه‌ت درێژ بكه‌ و له‌ خۆڵی زه‌وی بده‌،“ جا خۆلی زه‌وی له‌ هه‌موو خاكی میسر ده‌بێته‌ مێشووله‌.»
17
ئیتر ئاوایان كرد، هارون به‌ گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی درێژكرد و له‌ خۆڵی زه‌وییه‌كه‌ی دا، مێشووله‌ هاته‌ سه‌ر خه‌ڵك و سه‌ر ئاژه‌ڵه‌كان، له‌ هه‌موو خاكی میسر هه‌موو خۆڵی زه‌وییه‌كه‌ بوو به‌ مێشووله‌.
18
جادووگه‌ره‌كانیش به‌ ئه‌فسونه‌كانیان هه‌مان شتیان كرد بۆ په‌یدابوونی مێشووله‌، به‌ڵام نه‌یانتوانی.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێشووله‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و له‌سه‌ر ئاژه‌ڵ مایه‌وه‌،
19
جادووگه‌ره‌كان به‌ فیرعه‌ونیان گوت: «ئه‌مه‌ په‌نجه‌ی خودایه‌.» به‌ڵام فیرعه‌ون دڵی ڕه‌ق بوو و گوێی لێ نه‌گرتن، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی.
كاره‌ساتی چواره‌م: مێش 
20
ئینجا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «به‌یانی زوو هه‌سته‌ و كه‌ فیرعه‌ون به‌ره‌و ئاوه‌كه‌ ده‌چێت له‌به‌رده‌می ڕابوه‌سته‌ و پێی بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌م بده‌ با بڕۆن بمپه‌رستن.
21
ئه‌گه‌ر ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌م نه‌ده‌یت بڕۆن، ئه‌وا منیش مێشومه‌گه‌زێكی زۆر ده‌نێرمه‌ سه‌ر خۆت و خزمه‌تكاره‌كانت و گه‌له‌كه‌ت و ماڵه‌كانت، ئیتر ماڵی میسرییه‌كان پڕ ده‌بێت له‌ مێش، ته‌نانه‌ت زه‌وییه‌كه‌ش به‌ مێش داده‌پۆشرێت.
22
«”به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌دا خاكی گۆشه‌ن[a] جیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌می له‌سه‌ر ده‌ژین، بۆ ئه‌وه‌ی مێش له‌وێدا نه‌بێت، هه‌تا بزانیت من یه‌زدانم له‌ناوه‌ڕاستی خاكه‌كه‌دا.
23
جیاوازییه‌ك له‌نێوان گه‌له‌كه‌م و گه‌له‌كه‌ت داده‌نێم، به‌یانی ئه‌م نیشانه‌یه‌ ده‌بێت.“»
24
یه‌زدانیش ئاوای كرد و مێشومه‌گه‌زێكی زۆر هاتنه‌ ناو ماڵی فیرعه‌ون و ماڵی خزمه‌تكارانی، له‌ هه‌موو خاكی میسریش زه‌وییه‌كه‌ له‌به‌ر مێش وێران بوو.
25
ئینجا فیرعه‌ون بانگی موسا و هارونی كرد و گوتی: «بڕۆن له‌م خاكه‌ قوربانی بۆ خوداتان سه‌رببڕن.»
26
به‌ڵام موسا گوتی: «ڕاست نییه‌ ئێمه‌ وا بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان سه‌ری ده‌بڕین له‌لای میسرییه‌كان قێزه‌ونه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌لای میسرییه‌كان قێزه‌ونه‌ له‌به‌رچاویان سه‌ری ببڕین، ئایا به‌ردبارانمان ناكه‌ن؟
27
سێ ڕۆژه‌ڕێ له‌ چۆڵه‌وانی ده‌ڕۆین و قوربانی بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان سه‌رده‌بڕین، وه‌ك پێمان ده‌ڵێت.»
28
فیرعه‌ونیش گوتی: «من ڕێتان ده‌ده‌م بڕۆن و له‌ چۆڵه‌وانی قوربانی بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان سه‌رببڕن، به‌ڵام دوور مه‌ڕۆن و بۆم بپاڕێنه‌وه‌.»
29
موساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «من له‌لای تۆ ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ یه‌زدان ده‌پاڕێمه‌وه‌، ئیتر بۆ به‌یانی مێش له‌ فیرعه‌ون و له‌ خزمه‌تكاره‌كانی و له‌ گه‌له‌كه‌ی دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام ئیتر نابێت فیرعه‌ون فێڵ بكات، هه‌تا ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌ نه‌دات بڕۆن بۆ قوربانی سه‌ربڕین بۆ یه‌زدان.»
30
جا موسا له‌لای فیرعه‌ون هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ یه‌زدان پاڕایه‌وه‌.
31
یه‌زدانیش به‌ قسه‌ی موسای كرد، ئیتر مێش له‌ فیرعه‌ون و له‌ خزمه‌تكاره‌كانی و له‌ گه‌له‌كه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ و هیچیان نه‌ما.
32
به‌ڵام فیرعه‌ون ئه‌م جاره‌ش دڵی ڕه‌قكرد و ڕێی به‌ گه‌له‌كه‌ نه‌دا بڕۆن.
  1. a. 8‏:22 بڕوانه‌ \+xt په‌یدابوون 45‏:10‏\+xt*‏.