عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «بڕوانه‌، تۆم وه‌ك خودای فیرعه‌ون لێكردووه‌ و هارونی براشت وه‌ك پێغه‌مبه‌ری تۆ ده‌بێت.
2
تۆ ده‌دوێیت به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م، هارونی براشت له‌گه‌ڵ فیرعه‌ون ده‌دوێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدات خاكه‌كه‌ی به‌جێبهێڵن.
3
به‌ڵام من دڵی فیرعه‌ون ڕه‌ق ده‌كه‌م و نیشانه‌ و په‌رجووه‌كانم زیاتر ده‌كه‌م له‌ خاكی میسر.
4
فیرعه‌ون گوێتان لێ ناگرێت، منیش ده‌ستم ده‌خه‌مه‌ سه‌ر میسر، له‌شكره‌كانیشم كه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌من به‌ چه‌ند حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی مه‌زن له‌ خاكی میسر ده‌رده‌هێنم.
5
ئیتر میسرییه‌كانیش ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، كاتێك ده‌ست بۆ میسر درێژ ده‌كه‌م و نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌نێویان ده‌رده‌هێنم.»
6
موسا و هارونیش هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوون، ئاوایان كرد.
7
موسا ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بوو، هارونیش هه‌شتا و سێ ساڵ بوو، كاتێك له‌گه‌ڵ فیرعه‌ون قسه‌یان كرد.
گۆچانه‌كه‌ی هارون ده‌بێته‌ مار 
8
یه‌زدان به‌ موسا و هارونی فه‌رموو:
9
«كاتێك فیرعه‌ون له‌گه‌ڵتان ده‌دوێت و ده‌ڵێت: ”په‌رجوو بكه‌ن،“ تۆ به‌ هارون ده‌ڵێیت: ”گۆچانه‌كه‌ت له‌ ده‌ستت بگره‌ و فڕێیبده‌ پێش فیرعه‌ون،“ ئیتر ده‌بێته‌ مارێكی شاخدار.»
10
ئیتر موسا و هارون هاتنه‌ لای فیرعه‌ون، چۆن یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوون ئاوایان كرد، هارون گۆچانه‌كه‌ی فڕێدایه‌ به‌رده‌م فیرعه‌ون و خزمه‌تكاران، بووه‌ مارێكی شاخدار.
11
فیرعه‌ونیش بانگی دانایان و سیحربازانی كرد، ئیتر جادووگه‌رانی میسریش به‌ ئه‌فسونه‌كانیان هه‌مان شتیان كرد.
12
هه‌ریه‌كه‌ گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانه‌كانیان بوونه‌ ماری شاخدار، به‌ڵام گۆچانه‌كه‌ی هارون گۆچانه‌كانی ئه‌وانی هه‌ڵلووشی.
13
ئیتر فیرعه‌ون دڵی ڕه‌ق بوو و گوێی لێ نه‌گرتن، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی.
كاره‌ساتی یه‌كه‌م: خوێن 
14
دواتر یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «دڵی فیرعه‌ون ڕه‌قه‌، ڕازی نییه‌ ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌ بدات.
15
به‌یانی بڕۆ لای فیرعه‌ون، ئه‌و ده‌چێته‌ لای ئاوه‌كه‌، له‌ كه‌ناری نیل بۆی ڕاوه‌سته‌ و ئه‌و گۆچانه‌ش كه‌ بووه‌ ماری شاخدار له‌ ده‌ستت بگره‌.
16
پێی ده‌ڵێیت: ”یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری عیبرانییه‌كان منی بۆ لای تۆ نارد و فه‌رمووی، ڕێ به‌ گه‌له‌كه‌م بده‌ با بڕۆن و له‌ چۆڵه‌وانی بمپه‌رستن، به‌ڵام هه‌تا ئێستا گوێ ناگریت.
17
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: به‌مه‌ ده‌زانیت كه‌ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌تا من به‌و گۆچانه‌ی به‌ ده‌ستمه‌وه‌یه‌ له‌ ئاوی نیل ده‌ده‌م و ده‌یگۆڕێت بۆ خوێن.
18
ئه‌و ماسیانه‌ش كه‌ له‌ناو نیلن ده‌مرن و نیل بۆگه‌ن ده‌بێت، میسرییه‌كان قێزیان ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئاوی نیل بخۆنه‌وه‌.“»
19
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «به‌ هارون بڵێ: ”گۆچانه‌كه‌ت له‌ ده‌ست بگره‌ و ده‌ستت بۆ سه‌ر ئاوی میسرییه‌كان درێژ بكه‌، بۆ سه‌ر جۆگه‌ و نۆكه‌ند و گۆماو و هه‌موو حه‌وزه‌كانیان“ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ خوێن. ئیتر خوێن له‌ هه‌موو خاكی میسر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌تڵی دارین و له‌ گۆزه‌ی به‌ردین.»
20
موسا و هارونیش ئاوایان كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردن. گۆچانه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ و ئاوی نیلی گۆڕی، له‌به‌رچاوی فیرعه‌ون و خزمه‌تكاره‌كانی. هه‌موو ئاوی نیل گۆڕا و بوو به‌ خوێن.
21
ماسییه‌كانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگه‌ن بوو، میسرییه‌كانیش نه‌یانتوانی له‌ ئاوی نیل بخۆنه‌وه‌، خوێنیش هه‌موو خاكی میسری گرته‌وه‌.
22
جادووگه‌ره‌ میسرییه‌كانیش به‌ ئه‌فسونه‌كانیان هه‌مان شتیان كرد، دڵی فیرعه‌ونیش ڕه‌ق بوو و گوێی له‌ موسا و هارون نه‌گرت، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی.
23
ئینجا فیرعه‌ون ڕووی وه‌رگێڕا و چووه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی و ئه‌مه‌ی له‌ دڵ نه‌گرت.
24
هه‌موو میسرییه‌كانیش ده‌وروبه‌ری نیلیان هه‌ڵدڕی بۆ ئاو هه‌تا بیخۆنه‌وه‌، چونكه‌ نه‌یانتوانی له‌ ئاوی نیل بخۆنه‌وه‌.
كاره‌ساتی دووه‌م: بۆق 
25
حه‌وت ڕۆژ ته‌واو بوو دوای ئه‌وه‌ی یه‌زدان ئاوی نیلی گۆڕی.