عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جلوبەرگی کاهینیێتی 
1
لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ جلوبەرگی چنراویان دروستکرد بۆ خزمەت لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەشیان بۆ هارون دروستکرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
ئێفۆدەکە 
2
ئێفۆدەکەیان لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد.
3
پارچە زێڕیشیان کوتی هەتا باریکیان کردەوە و وەک داو بڕییان بۆ ئەوەی لەناو ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک بە دەستکردی داهێنەر بەکاریبهێنن.
4
دوو شانی لە یەک بەستراویشیان بۆ دروستکرد، بە هەردوو لایەوە بەسترابوون.
5
پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بوو، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
6
دوو بەردی عاشقبەندیشیان چەسپ کرد، دەوردراو بە چوارچێوەی زێڕین، نەخشێنراو وەک نەخشی ئەنگوستیلە بەپێی ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل.
7
دوو بەردەکەشیان خستە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
بەرسینەکە 
8
بەرسینەکەشیان وەک دەستکردی ئێفۆدەکە بە دەستی وەستای کارامە دروستکرد، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو.
9
بەرسینەکەیان چوارگۆشە و دووبەر دروستکرد، درێژییەکەی بستێک[a] و پانییەکەی بستێک.
10
بە چوار ڕیز بەرد ڕازاندیانەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت[b] لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛
11
ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛
12
ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛
13
ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. بە چوارچێوەی زێڕینیش ڕازاندبوویانەوە.
14
بەردەکانیش دوازدە بوون وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بوو بۆ دوازدە هۆز.
15
بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوەیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، وەک گوریس.
16
دوو چوارچێوەی زێڕین و دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد، ئەڵقەکانیان لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دانا.
17
دوو زنجیرە زێڕینەکەشیان خستە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە.
18
هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەشیان خستە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەیان دانا بۆ پێشەوەی.
19
دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکەیان دانا، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە.
20
دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایاننان، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە.
21
بەرسینەکەشیان بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بەست، بە داوێک لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی 
22
کەوای ئێفۆدەکەش دەستکردی چنراو بوو، هەموویان لە ڕیسی مۆر دروستکرد.
23
کونی سەریشی لە ناوەڕاستی کەواکەدا بوو وەک کونی یەخەی کراس، بەنێکیش بە دەوروپشتی کونەکەدا بۆ ئەوەی نەدڕێت.
24
لەسەر دامێنی کەواکەش گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراویان دروستکرد،
25
زەنگوڵەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد. زەنگوڵەکانیان خستە نێوان گوڵینگەکانی سەر دامێنی کەواکە.
26
لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەک لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بوو کە بۆ خزمەتکردن لەبەر دەکرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
27
هەروەها کراسیان لە کەتانی ناسک بۆ هارون و کوڕەکانی دروستکرد، بە دەستکردی چنراو.
28
مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک بوو، گوڵینگەکانی سەرپێچەکانیش لە کەتان ناسک، دەرپێکانیشیان لە کەتانی ناسکی ڕستراو بوون.
29
کەمەربەندەکەش لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ بە دەستکردی جۆڵا چنرابوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
30
پلێتی تاجەگوڵینە پیرۆزەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵیانکەند:
«پیرۆزی بۆ یەزدان.»
31
هەروەها خستیانە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە دابنرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
موسا تەماشای چادرەکەی پەرستن دەکات 
32
ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
33
ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا کە پێکهاتبوو لە:
چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛
34
پۆشەرێک لە پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پۆشەرێکی دیکە لە پێستی مانگای دەریا، لەگەڵ پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛
35
سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛
36
مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛
37
چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛
38
قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛
39
قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی
و حەوزەکە و ژێرەکەی؛
40
پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە
و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی
چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛
41
جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.
42
وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد.
43
موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
  1. a. 39‏:9 بستێک: نزیکەی 22 سەنتیمەتر.‏
  2. b. 39‏:10 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏