عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوربانگای بخوور سووتاندن 
1
«قوربانگای بخوور سووتاندنیش له‌ داری ئه‌كاسیا دروستبكه‌.
2
درێژییه‌كه‌ی باڵێك[a] و پانییه‌كه‌ی باڵێك، چوار گۆشه‌ بێت، به‌رزاییه‌كه‌شی دوو باڵ[b] ، قۆچه‌كانیش له‌ خۆی بێت.
3
به‌ زێڕی بێگه‌ردیش ڕووكه‌شی بكه‌، سه‌ره‌وه‌ی و دیواره‌كانی به‌ چوارده‌وریدا له‌گه‌ڵ قۆچه‌كانی، هه‌روه‌ها چوارچێوه‌یه‌كی زێڕینیشی به‌ چوارده‌وردا بۆ دروستبكه‌.
4
دوو ئه‌ڵقه‌ی زێڕینیشی بۆ دروستبكه‌، له‌ژێر چوارچێوه‌كه‌یه‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌ردوو لایه‌كه‌ی دروستی بكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ گیره‌ بۆ دوو دار بۆ ئه‌وه‌ی پێیان هه‌ڵبگیرێت.
5
دوو داره‌كه‌ش له‌ داری ئه‌كاسیا دروستبكه‌ و به‌ زێڕ ڕووكه‌شیان بكه‌.
6
قوربانگاكه‌ له‌پێش ئه‌و په‌رده‌یه‌ داده‌نێیت كه‌ له‌به‌رده‌م سندوقی په‌یمانه‌، له‌به‌رده‌م قه‌پاغی كه‌فاره‌ت كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دوو ته‌خته‌ی په‌یمان، ئه‌وه‌ی له‌وێ چاوپێكه‌وتنت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م.
7
«هارون هه‌موو به‌یانییه‌ك بخووری بۆنخۆشی له‌سه‌ر بسووتێنێت، كاتێك چراكان ئاماده‌ ده‌كات بیسووتێنێت.
8
هه‌روه‌ها كاتێك هارون ئێواران چراكان سه‌رده‌خات بیسووتێنێت، بخوورێكی به‌رده‌وامه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان بۆ نه‌وه‌كانتان.
9
هیچ بخووری دیكه‌ی مه‌خه‌نه‌ سه‌ر، هه‌روه‌ها قوربانی سووتاندن و دانه‌وێڵه‌ی پێشكه‌شكراو، هیچ شه‌رابێكی پێشكه‌شكراویشی به‌سه‌ردا مه‌ڕێژن.
10
هارونیش ساڵی جارێك كه‌فاره‌ت له‌سه‌ر قۆچه‌كانی بكات، له‌ خوێنی قوربانی گوناه كه‌ بۆ كه‌فاره‌ته‌، ساڵی جارێك كه‌فاره‌تی له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ نه‌وه‌كانتان، هه‌ره‌پیرۆزه‌ بۆ یه‌زدان.»
زیوی كه‌فاره‌ت 
11
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
12
«كاتێك سه‌رژمێری نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌یت، له‌ كاتی تۆماركردنیان هه‌ریه‌كه‌ و نرخی ژیانی خۆی ده‌داته‌ یه‌زدان، ئیتر كاره‌ساتیان تێناكه‌وێت كاتێك ده‌یانژمێریت.
13
هه‌ر یه‌كێك ده‌ژمێردرێت ئه‌مه‌ بدات، ئه‌م نیو شاقله‌[c] به‌ شاقلی پیرۆزگا، هه‌ر شاقلێكیش بیست گێرایه‌[d] . به‌ پێشكه‌شكراو بۆ یه‌زدان داده‌نرێت.
14
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ژمێردرێن له‌ گه‌نجی بیست ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌، پێشكه‌شكراو ده‌ده‌نه‌ یه‌زدان.
15
ده‌وڵه‌مه‌ند زیاتر نادات و هه‌ژاریش له‌ نیو شاقل كه‌متر نادات، كاتێك پێشكه‌شكراوه‌كه‌ی یه‌زدان بۆ كه‌فاره‌تی خۆتان ده‌ده‌ن.
16
زیوی كه‌فاره‌ته‌كه‌ش له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌رده‌گریت و بۆ خزمه‌تی چادری چاوپێكه‌وتن دایده‌نێیت. بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌بێته‌ یاده‌وه‌ری له‌به‌رده‌م یه‌زدان بۆ كه‌فاره‌تی گیانتان.»
حه‌وزێك بۆ شوشتن 
17
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
18
«حه‌وزێك له‌ بڕۆنز دروستبكه‌ و ژێره‌كه‌شی له‌ بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، له‌نێوان چادری چاوپێكه‌وتن و قوربانگاكه‌ی دابنێ و ئاوی تێبكه‌.
19
هارون و كوڕه‌كانی ده‌ست و پێیانی لێ بشۆن،
20
له‌ كاتی چوونه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ چادری چاوپێكه‌وتن به‌ ئاو بیشۆن نه‌وه‌ك بمرن. هه‌روه‌ها كاتێك له‌ قوربانگاكه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت بۆ سووتاندنی قوربانی به‌ ئاگر بۆ یه‌زدان،
21
ده‌ست و پێیان بشۆن نه‌وه‌ك بمرن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تایی بۆ هارون و بۆ وه‌چه‌كه‌ی له‌ نه‌وه‌كانیان.»
زه‌یتی ده‌ستنیشانكردن 
22
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
23
«تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببه‌، پێنج سه‌د شاقل[e] ئاوی موڕ[f] و نیوه‌ی ئه‌وه‌ دوو سه‌د و په‌نجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سه‌د و په‌نجا شاقل قامیشی بۆنخۆش،
24
كاسیاش[g] پێنج سه‌د شاقل، هه‌مووی به‌گوێره‌ی شاقلی پیرۆزگا بێت، هه‌روه‌ها له‌ زه‌یتی زه‌یتوونیش هه‌ینێك[h] .
25
به‌مانه‌ زه‌یتی پیرۆز بۆ ده‌ستنیشانكردن دروستبكه‌، تێكه‌ڵ وه‌ك ده‌ستكردی عه‌تار، ده‌بێته‌ زه‌یتی پیرۆز بۆ ده‌ستنیشانكردن.
26
ئینجا چادری چاوپێكه‌وتن و سندوقی په‌یمان،
27
له‌گه‌ڵ مێزه‌كه‌ و هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانی و چرادانه‌كه‌ و قاپوقاچاغه‌كانی و قوربانگاكه‌ی بخوور و
28
قوربانگاكه‌ی قوربانی سووتاندن و هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانی و حه‌وزه‌كه‌ و ژێره‌كه‌ی پێ چه‌ور ده‌كه‌یت.
29
ته‌رخانیان بكه‌ و ده‌بنه‌ هه‌ره‌پیرۆز، هه‌ر شتێك پێیان بكه‌وێت پیرۆز ده‌بێت.
30
«هارون و كوڕه‌كانیشی ده‌ستنیشان بكه‌ و ته‌رخانیان بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاهینیێتیم بۆ بكه‌ن.
31
له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش قسه‌ بكه‌ و بڵێ: ”ئه‌مه‌ بۆ من ده‌بێته‌ زه‌یتێكی پیرۆز بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سانێك له‌ نه‌وه‌كانتان.
32
نابێت به‌سه‌ر له‌شی كه‌سدا بكرێت و نابێت به‌ پێوانه‌كانی وه‌ك ئه‌و دروستبكرێت، ئه‌وه‌ی پیرۆزه‌، ده‌بێت له‌لاتان پیرۆز بێت.
33
هه‌ركه‌سێك وه‌ك ئه‌وه‌ عه‌تاری بكات و ئه‌و زه‌یته‌ له‌ كه‌سانی دیكه‌ بدات، له‌نێو گه‌له‌كه‌یدا ده‌بڕدرێته‌وه‌.“»
بخوور 
34
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «بۆنوبه‌رام بۆ خۆت ببه‌، مه‌سته‌كی و بۆنی گوێچكه‌ ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری ساده‌، به‌شی یه‌كسان بن،
35
بیانكه‌ به‌ بخووری بۆنخۆش، ده‌ستكردی عه‌تار، سوێركراوی بێگه‌رد و پیرۆز.
36
هه‌ندێكی لێ ورد بكه‌ وه‌ك تۆز و له‌به‌رده‌م سندوقی په‌یمان دایبنێ له‌ناو چادری چاوپێكه‌وتن، ئه‌وه‌ی له‌وێ چاوپێكه‌وتنت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ده‌بێته‌ هه‌ره‌پیرۆز بۆتان.
37
ئه‌و بخووره‌ی به‌ پێوانه‌ی ئه‌و دروستی ده‌كه‌ن نابێت بۆ خۆتانی دروستبكه‌ن، له‌لاتان پیرۆز ده‌بێت بۆ یه‌زدان،
38
هه‌ركه‌سێك وه‌ك ئه‌وه‌ دروستبكات هه‌تا بۆنی بكات، له‌نێو گه‌له‌كه‌یدا ده‌بڕدرێته‌وه‌.»
  1. a. 30‏:2 باڵێك: نزیكه‌ی نیو مه‌تر.
  2. b. 30‏:2 دوو باڵ: نزیكه‌ی 90 سانتیمه‌تر.
  3. c. 30‏:13 نیو شاقل: نزیكه‌ی شه‌ش گرام زیو.
  4. d. 30‏:13 یه‌ك گێرا: نزیكه‌ی 0‏،6 گرام؛ 20 گێرا: نزیكه‌ی 12 گرام.
  5. e. 30‏:23 نزیكه‌ی شه‌ش كیلۆگرام.
  6. f. 30‏:23 موڕ ئاوێكی بۆن خۆشه‌ له‌ گه‌ڵای جۆره‌ گوڵێك ده‌رده‌چێت.
  7. g. 30‏:24 دارێكه‌ بۆ بۆنخۆشی به‌كاردێت.
  8. h. 30‏:24 هه‌ینێك: نزیكه‌ی چوار لیتر.