عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ته‌رخانكردن بۆ كاهینیێتی 
1
«بۆ ته‌رخانكردنیان هه‌تا كاهینیێتیم بۆ بكه‌ن ئه‌مه‌یان بۆ بكه‌: یه‌ك جوانه‌گا و دوو به‌رانی ساغ ببه‌.
2
هه‌روه‌ها له‌ ئاردی گه‌نمی باش نانی بێ هه‌ویرترش و كولێره‌ی به‌ زه‌یت شێلراو و ناسكه‌ نانی به‌ زه‌یت چه‌وركراو دروستبكه‌.
3
بیانخه‌ ناو سه‌به‌ته‌یه‌ك و به‌ سه‌به‌ته‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جوانه‌گاكه‌ و دوو به‌رانه‌كه‌ پێشكه‌شیان بكه‌.
4
هارون و كوڕه‌كانیشی بهێنه‌ پێش ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن و به‌ ئاو بیانشۆ.
5
ئینجا جله‌كان ببه‌ و له‌به‌ر هارونی بكه‌، كراسه‌ دامێن درێژه‌كه‌، كه‌وای ئێفۆده‌كه‌، ئێفۆد و به‌رسینه‌كه‌، ئینجا به‌ پشتبه‌ستی ئێفۆده‌كه‌ بۆی ببه‌سته‌وه‌.
6
پاشان مێزه‌ره‌كه‌ بخه‌ سه‌ری و تاجه‌گوڵینه‌ی پیرۆزیش بخه‌ سه‌ر مێزه‌ره‌كه‌.
7
زه‌یتی ده‌ستنیشانكردن بهێنه‌ و به‌سه‌ریدا بكه‌، به‌وه‌ ده‌ستنیشانی بكه‌.
8
كوڕه‌كانیشی بهێنه‌ پێشه‌وه‌ و كراسی دامێن درێژیان له‌به‌ر بكه‌ و
9
كه‌مه‌ربه‌ندیان له‌ ناوقه‌د ببه‌سته‌. سه‌رپێچه‌كان بۆ هارون و كوڕه‌كانی توند بكه‌. كاهینیێتی ده‌بێته‌ فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تایی بۆیان و ئه‌رك به‌ هارون و كوڕه‌كانی ده‌سپێریت.
10
«جوانه‌گاكه‌ بهێنه‌ پێش چادری چاوپێكه‌وتن و هارون و كوڕه‌كانی ده‌ستیان له‌سه‌ر سه‌ری جوانه‌گاكه‌ دابنێن.
11
تۆش له‌لای ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن جوانه‌گاكه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان سه‌رببڕه‌.
12
له‌ خوێنی جوانه‌گاكه‌ هه‌ڵبگره‌ و به‌ په‌نجه‌ت له‌سه‌ر قۆچه‌كانی قوربانگاكه‌ی بده‌، هه‌موو خوێنه‌كه‌ی دیكه‌ش بڕژێنه‌ بنكه‌ی قوربانگاكه‌.
13
هه‌موو ئه‌و پیوه‌ش كه‌ هه‌ناوی داپۆشیوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر جگه‌ر و گورچیله‌كانه‌ و هه‌ردوو گورچیله‌كه‌ بهێنه‌ و له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ بیانسووتێنه‌،
14
به‌ڵام كه‌له‌شی جوانه‌گاكه‌ و پێسته‌كه‌ی و ڕیخه‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌ به‌ ئاگر بسووتێنه‌، ئه‌وه‌ قوربانی گوناهه‌[a] .
15
«یه‌كێكیش له‌ به‌رانه‌كان بهێنه‌ و هارون و كوڕه‌كانی ده‌ستیان له‌سه‌ر سه‌ری به‌رانه‌كه‌ دابنێن.
16
به‌رانه‌كه‌ سه‌رببڕه‌ و خوێنه‌كه‌ی هه‌ڵبگره‌ و به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كی قوربانگاكه‌دا بیپرژێنه‌.
17
به‌رانه‌كه‌ش پارچه‌پارچه‌ بكه‌ و هه‌ناو و قاچه‌كانی بشۆ و بیخه‌ سه‌ر پارچه‌كانی و سه‌ره‌كه‌ی.
18
هه‌موو به‌رانه‌كه‌ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ بسووتێنه‌، ئه‌مه‌ قوربانی سووتاندنه‌ بۆ یه‌زدان، بۆنی خۆشییه‌، قوربانی به‌ ئاگره‌ بۆ یه‌زدان.
19
«به‌رانه‌كه‌ی دیكه‌ بهێنه‌ و هارون و كوڕه‌كانی ده‌ستیان له‌سه‌ر سه‌ری به‌رانه‌كه‌ دابنێن.
20
به‌رانه‌كه‌ سه‌رببڕه‌ و له‌ خوێنه‌كه‌ی ببه‌ و له‌ شلكه‌ی گوێی[b] ڕاستی هارون و كوڕه‌كانی بده‌، هه‌روه‌ها له‌ په‌نجه‌ گه‌وره‌ی ده‌ستی ڕاست و په‌نجه‌ گه‌وره‌ی پێی ڕاستیان بده‌، پاشان خوێن به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كی قوربانگاكه‌دا بپرژێنه‌.
21
ئینجا له‌ خوێنی سه‌ر قوربانگاكه‌ و له‌ زه‌یتی ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ هه‌ڵبگره‌ و بیپرژێنه‌ به‌سه‌ر هارون و جله‌كانی و به‌سه‌ر كوڕه‌كانی و جلی كوڕه‌كانی. ئینجا خۆی و جله‌كانی و كوڕه‌كانی و جلی كوڕه‌كانی پیرۆز ده‌بن.
22
«له‌ به‌رانه‌كه‌ ئه‌مانه‌ ببه‌، پیو و دوگ[c] و پیوه‌كه‌ی هه‌ناوی و سه‌ر جگه‌ر و گورچیله‌كان و هه‌ردوو گورچیله‌ و ڕانی ڕاستی، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌رانی ئه‌رك پێ سپاردنه‌كه‌یه‌.
23
هه‌روه‌ها له‌ سه‌به‌ته‌ی فه‌تیره‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م یه‌زدانه‌، نانێك و كولێره‌یه‌ك له‌وه‌ی به‌ زه‌یته‌ و ناسكه‌ نانێك[d] ببه‌.
24
هه‌مووی بخه‌ سه‌ر ده‌ستی هارون و كوڕه‌كانی و له‌به‌رده‌م یه‌زدان وه‌ك قوربانی به‌رزكردنه‌وه‌[e] به‌رزی بكه‌نه‌وه‌.
25
دواتر له‌ ده‌ستیان وه‌ریبگره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ قوربانی سووتاندنه‌كه‌ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ بیسووتێنه‌، بۆنی خۆشییه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان، قوربانی به‌ ئاگره‌ بۆ یه‌زدان.
26
له‌دوای ئه‌وه‌ی سنگی به‌رانه‌كه‌ی دیكه‌ بۆ ئه‌رك پێ سپاردنی كاهینیێتی هارون ببه‌، وه‌ك قوربانی به‌رزكردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان به‌رزی بكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌ش بۆ تۆ.
27
«به‌شه‌كانی به‌رانی ئه‌رك پێ سپاردنه‌كه‌ كه‌ هی هارون و كوڕه‌كانییه‌تی، سنگه‌ به‌رزكراوه‌كه‌ و ڕانه‌ پێشكه‌شكراوه‌كه‌، ته‌رخان بكه‌.
28
ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێكی چه‌سپاو بۆ هارون و كوڕه‌كانی له‌لایه‌ن نه‌وه‌ی ئیسرائیله‌وه‌، چونكه‌ پێویسته‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌م به‌شه‌ پیتاكه‌ له‌ قوربانی هاوبه‌شییانه‌وه‌ بده‌نه‌ یه‌زدان.
29
«جلوبه‌رگه‌ پیرۆزه‌كانی هارونیش له‌دوای مردنی خۆی بۆ نه‌وه‌كانی ده‌بێت، تاكو به‌و جلانه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكرێن و ئه‌ركیان پێ بسپێردرێت.
30
كوڕه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی وه‌ك كاهین جێی ده‌گرێته‌وه‌ حه‌وت ڕۆژ له‌به‌ری ده‌كات، كاتێك دێته‌ ناو چادری چاوپێكه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شوێنی پیرۆز خزمه‌ت بكات.
31
«به‌رانی ئه‌رك پێ سپاردنه‌كه‌ش ببه‌ و گۆشته‌كه‌ی له‌ شوێنێكی پیرۆز لێبنێ.
32
هارون و كوڕه‌كانی گۆشتی به‌رانه‌كه‌ و نانی ناو سه‌به‌ته‌كه‌ له‌لای ده‌روازه‌كه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن بخۆن.
33
ئه‌وانه‌ ئه‌م قوربانییانه‌ ده‌خۆن كه‌ بۆ كه‌فاره‌تیان كراون بۆ ئه‌رك پێ سپاردنیان و بۆ ته‌رخانكردنیان، به‌ڵام هیچ كه‌سێكی دیكه‌ لێیان ناخوات، چونكه‌ پیرۆزن.
34
ئه‌گه‌ر له‌ گۆشتی به‌رانی ئه‌رك پێ سپاردنه‌كه‌ش یان له‌ نانه‌كه‌ هه‌تا به‌یانی مایه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ ئاگر بیسووتێنه‌ و ناخورێت، چونكه‌ پیرۆزه‌.
35
«ئاوا بۆ هارون و كوڕه‌كانی بكه‌، وه‌كو هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێكردیت، حه‌وت ڕۆژ ئه‌ركیان پێ بسپێره‌.
36
هه‌موو ڕۆژێك جوانه‌گایه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ وه‌ك قوربانی گوناه بۆ كه‌فاره‌ت، هه‌روه‌ها قوربانگاكه‌ش پاك بكه‌ره‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌فاره‌تی بۆ ده‌كه‌یت، هه‌روه‌ها به‌ زه‌یت ته‌رخانی بكه‌.
37
حه‌وت ڕۆژ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ كه‌فاره‌تی بۆ بكه‌ و ته‌رخانی بكه‌، جا قوربانگاكه‌ ده‌بێته‌ هه‌ره‌پیرۆز، هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ر قوربانگاكه‌ بكه‌وێت پیرۆز ده‌بێت.
38
«ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌یت، هه‌موو ڕۆژێك به‌ به‌رده‌وامی دوو به‌رخی نێری یه‌ك ساڵه‌.
39
یه‌كێك له‌ به‌رخه‌كان له‌ به‌یانی پێشكه‌ش بكه‌ و به‌رخی دووه‌میش له‌ كاتی خۆرئاوابوون.
40
له‌گه‌ڵ ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك[f] له‌ باشترین ئارد به‌ چاره‌كه‌ هه‌ینێك[g] زه‌یتی زه‌یتوونی گوشراو شێلرابێت و له‌ شه‌رابی پێشكه‌شكراویش چاره‌كه‌ هه‌ینێك شه‌راب، ئه‌مه‌ بۆ به‌رخی یه‌كه‌م.
41
هه‌روه‌ها به‌رخی دووه‌میش له‌ كاتی خۆرئاوابوون پێشكه‌شی بكه‌، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شه‌كراوی دانه‌وێڵه‌كه‌ی و شه‌رابه‌ پێشكه‌شكراوه‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌یانی كردووته‌، بۆنی خۆشییه‌، قوربانی به‌ ئاگره‌ بۆ یه‌زدان.
42
«قوربانی سووتاندنی به‌رده‌وامه‌ بۆ نه‌وه‌كانتان له‌لای ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن له‌به‌رده‌م یه‌زدان، كه‌ له‌وێ له‌گه‌ڵتان ژووان ده‌به‌ستم بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێم.
43
له‌وێ ژووان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌به‌ستم، جا به‌ شكۆمه‌ندیم پیرۆز ده‌بێت.
44
«هه‌روه‌ها چادری چاوپێكه‌وتن و قوربانگاكه‌ ته‌رخان ده‌كه‌م، هارون و كوڕه‌كانیشی ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كاهینیێتیم بۆ بكه‌ن.
45
له‌نێو نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا نیشته‌جێ ده‌بم و بۆیان ده‌بمه‌ خودا.
46
جا ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیانم، كه‌ له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان هه‌تا له‌نێویان نیشته‌جێ بم. من یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیانم.
  1. a. 29‏:14 قوربانی گوناه: پێشكه‌شكردنی قوربانی له‌ پێناو گوناه یاخود تاوان، كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ناو ژیانی خواپه‌رستی.
  2. b. 29‏:20 نه‌رمه‌ی گوێ.
  3. c. 29‏:22 دوگ یان دونگ.
  4. d. 29‏:23 ناسكه‌ نانێك: ناوه‌شكێنه‌.
  5. e. 29‏:24 له‌م قوربانییه‌دا هارون و كوڕه‌كانی چه‌ند جارێك قوربانییه‌كه‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هێمایه‌كه‌ بۆ ته‌رخانكردن بۆ خودا.
  6. f. 29‏:40 ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك: نزیكه‌ی دوو لیتر.
  7. g. 29‏:40 چاره‌كه‌ هه‌ینێك: نزیكه‌ی یه‌ك لیتر.