عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جلوبه‌رگی كاهینیێتی 
1
«تۆش له‌نێو نه‌وه‌ی ئیسرائیل هارونی برات له‌ خۆت نزیك بكه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ناداب و ئه‌بیهو و ئه‌لعازار و ئیتامار، كوڕانی هارون، بۆ ئه‌وه‌ی كاهینیێتیم بۆ بكه‌ن.
2
جلوبه‌رگی پیرۆزیش بۆ هارونی برات دروستبكه‌ بۆ شكۆمه‌ندی و ڕێزگرتن.
3
تۆش له‌گه‌ڵ به‌هره‌مه‌نده‌كان قسه‌ بكه‌، ئه‌وانه‌ی پڕمكردوون له‌ ڕۆحی دانایی، بۆ ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگه‌كه‌ی هارون دروستبكه‌ن بۆ ته‌رخانكردنی هه‌تا كاهینیێتیم بۆ بكات.
4
ئه‌مانه‌ش ئه‌و جلوبه‌رگه‌ن كه‌ دروستی ده‌كه‌ن، به‌رسینه‌ و ئێفۆد و كه‌وا و كراسی دامێن درێژی چنراو و مێزه‌ر و كه‌مه‌ربه‌ند. ئینجا جلوبه‌رگی پیرۆز بۆ هارونی برات و كوڕه‌كانی دروستبكه‌ن، هه‌تا كاهینیێتیم بۆ بكه‌ن.
5
ئه‌وانیش زێڕ و ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ و كه‌تانی ناسك وه‌رده‌گرن.
ئێفۆده‌كه‌ 
6
«ئێفۆده‌كه‌ش له‌ زێڕ و ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ و كه‌تانی ڕستراو به‌ جۆڵایه‌كی شاره‌زا دروستبكه‌ن.
7
دوو شانیشی هه‌بێت به‌ هه‌ردوو لایه‌وه‌ پێوه‌ی به‌سترابن.
8
پشتبه‌ستی ئێفۆده‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ریه‌تی، ده‌بێت له‌ هه‌مان پارچه‌ و هه‌مان ده‌ستكرد بێت، له‌ زێڕ و ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ و كه‌تانی ڕستراو بێت.
9
«دوو به‌ردی عاشقبه‌ندیش بهێنه‌ و ناوی كوڕه‌كانی ئیسرائیلیان له‌سه‌ر هه‌ڵبكه‌نه‌.
10
ناوی شه‌شیان له‌سه‌ر به‌ردێك و ناوی شه‌شه‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ردی دووه‌م هه‌ڵبكه‌نه‌ به‌گوێره‌ی له‌دایكبوونیان.
11
ناوی كوڕه‌كانی ئیسرائیل له‌سه‌ر هه‌ردوو به‌رده‌كه‌ هه‌ڵبكه‌نه‌، وه‌ك چۆن نه‌قاڕێك مۆر هه‌ڵده‌كه‌نێت. ئینجا به‌ چوارچێوه‌ی زێڕینی ده‌وردراو بیانچه‌سپێنه‌.
12
دوو به‌رده‌كه‌ش بخه‌ره‌ سه‌ر دوو شانی ئێفۆده‌كه‌، دوو به‌ردی یادگاری بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل. هارون له‌به‌رده‌م یه‌زدان وه‌ك یاده‌وه‌ری ناوه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ردوو شانی هه‌ڵده‌گرێت.
13
چوارچێوه‌ی زێڕینیش دروستبكه‌ و
14
دوو زنجیری هۆنراوه‌ له‌ زێڕی بێگه‌رد، وه‌ك گوریس، له‌سه‌ر چوارچێوه‌كان دابنێ.
به‌رسینه‌كه‌ 
15
«هه‌روه‌ها به‌رسینه‌ی دادوه‌ری دروستبكه‌، وه‌ك ئێفۆده‌كه‌ به‌ ده‌ستكردی جۆڵایه‌كی شاره‌زا، له‌ زێڕ و ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ و كه‌تانی ڕستراو.
16
به‌رسینه‌كه‌ش چوارگۆشه‌ و دووبه‌ر بێت، درێژییه‌كه‌ی بستێك[a] و پانییه‌كه‌ی بستێك.
17
به‌ چوار ڕیز به‌رد بیڕازێنه‌وه‌، له‌ ڕیزی یه‌كه‌م یاقووت[b] له‌گه‌ڵ یاقووتی زه‌رد و زمروودی سه‌وز؛
18
ڕیزی دووه‌م به‌رده‌ پیرۆزه‌[c] و یاقووتی شین و زمروود؛
19
ڕیزی سێیه‌م یاقووتی زه‌عفه‌رانی و كریستاڵی هه‌ورین و جه‌مشت؛
20
ڕیزی چواره‌میش زه‌به‌رجه‌د و به‌ردی عاشقبه‌ند و یه‌شب. له‌ ڕازانه‌وه‌یاندا به‌ زێڕ ده‌ور بدرێن.
21
به‌رده‌كانیش دوازده‌ بن وه‌ك ناوی كوڕه‌كانی ئیسرائیل به‌پێی ناوه‌كانیان، وه‌ك نه‌خشی ئه‌نگوستیله‌ هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی ناوه‌كه‌ی بۆی ده‌بێت بۆ دوازده‌ هۆز.
22
«بۆ به‌رسینه‌كه‌ش زنجیره‌ی هۆنراوه‌ له‌ زێڕی بێگه‌رد دروستبكه‌، وه‌ك گوریس.
23
له‌سه‌ر به‌رسینه‌كه‌ش دوو ئه‌ڵقه‌ی زێڕین دروستبكه‌، دوو ئه‌ڵقه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو لای به‌رسینه‌كه‌ دابنێ.
24
دوو زنجیره‌ زێڕینه‌كه‌ش بخه‌ ناو دوو ئه‌ڵقه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ردوو لای به‌رسینه‌كه‌.
25
هه‌ردوو سه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی دوو زنجیره‌كه‌ش بخه‌ ناو دوو چوارچێوه‌كه‌ و له‌سه‌ر شانه‌كانی ئێفۆده‌كه‌ی دابنێ بۆ پێشه‌وه‌ی.
26
دوو ئه‌ڵقه‌ی زێڕینیش دروستبكه‌ و له‌سه‌ر هه‌ردوو لای به‌رسینه‌كه‌ دایانبنێ، له‌سه‌ر لێواره‌كه‌ی كه‌ به‌ دیوی ئێفۆده‌كه‌یه‌ بۆ ژووره‌وه‌.
27
هه‌روه‌ها دوو ئه‌ڵقه‌ی زێڕین دروستبكه‌ و له‌سه‌ر هه‌ردوو شانی ئێفۆده‌كه‌ دایانبنێ، له‌ خواره‌وه‌ به‌ دیوی ڕووه‌كه‌ی، له‌ نزیك به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی پشتبه‌ستی ئێفۆده‌كه‌.
28
به‌رسینه‌كه‌ش به‌ دوو ئه‌ڵقه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ دوو ئه‌ڵقه‌ی ئێفۆده‌كه‌ به‌ داوێك ده‌به‌سترێت له‌ ڕیسی مۆر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پشتبه‌ستی ئێفۆده‌كه‌ بێت، تاوه‌كو به‌رسینه‌كه‌ش له‌ ئێفۆده‌كه‌ ناكرێته‌وه‌.
29
«ئیتر هارون ناوی نه‌وه‌كانی ئیسرائیل له‌ به‌رسینه‌كه‌ی دادوه‌ری له‌سه‌ر دڵی خۆی هه‌ڵده‌گرێت كاتێك دێته‌ ژووره‌وه‌ بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌كه‌ وه‌ك یادكردنه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌به‌رده‌م یه‌زدان.
30
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رسینه‌كه‌ی دادوه‌ری ئوریم و تومیم[d] دابنێ و له‌سه‌ر دڵی هارون ده‌بن كاتێك دێته‌ ژووره‌وه‌ بۆ به‌رده‌م یه‌زدان، هارونی دادوه‌ری نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ به‌رده‌وامی له‌به‌رده‌م یه‌زدان له‌سه‌ر دڵی هه‌ڵیده‌گرێت.
جلوبه‌رگی دیكه‌ی كاهینیێتی 
31
«كه‌وای ئێفۆده‌كه‌ش هه‌مووی له‌ ڕیسی مۆر دروستبكه‌.
32
كونی سه‌ریشی له‌ناوه‌ڕاستی ده‌بێت و لێواریش ده‌بێت بۆ كونه‌كه‌ی به‌ده‌وریدا به‌ ده‌ستكردی جۆڵا، وه‌ك كونی سپه‌ر یه‌خه‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌دڕێت.
33
له‌سه‌ر دامێنی كه‌واكه‌ گوڵینگی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ دروستبكه‌، له‌گه‌ڵ زه‌نگوڵه‌ی زێڕین له‌نێوانیان.
34
له‌نێو هه‌ردوو گوڵینگێك زه‌نگوڵه‌یه‌كی زێڕ له‌سه‌ر دامێنی كه‌واكه‌ به‌ ده‌وریدا بێت.
35
ده‌بێت هارون بۆ خزمه‌تكردن له‌به‌ری بكات بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ی شوێنه‌ پیرۆزه‌كه‌ بۆ لای یه‌زدان و كاتێك دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌نگی زه‌نگوڵه‌كان ببیسترێت، نه‌وه‌ك بمرێت.
36
«پلێتێكیش له‌ زێڕی بێگه‌رد دروستبكه‌ و وه‌ك نه‌خشی ئه‌نگوستیله‌ له‌سه‌ری هه‌ڵبكه‌نه‌ ”پیرۆزی بۆ یه‌زدان“[e] .
37
بیخه‌ سه‌ر داوێكی مۆر بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌ره‌كه‌ بێت، له‌لای پێشه‌وه‌ی مێزه‌ره‌كه‌ بێت.
38
له‌سه‌ر ناوچه‌وانی هارون بێت، به‌م شێوه‌یه‌ هارون ئۆباڵی هه‌ر گوناهێكی نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌ڵده‌گرێت كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌و قوربانییانه‌ی بۆ یه‌زدانیان ته‌رخان كردووه‌، به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر ناوچه‌وانی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كان له‌به‌رده‌م یه‌زدان په‌سه‌ند بن.
39
«كراسه‌ دامێن درێژه‌ چنراوه‌كه‌ش له‌ كه‌تانی ناسك بێت و مێزه‌ره‌كه‌ش له‌ كه‌تانی ناسك دروستبكه‌. كه‌مه‌ربه‌نده‌كه‌ش به‌ ده‌ستكردی جۆڵایه‌ك بچنه‌.
40
بۆ كوڕانی هارونیش كراسی دامێن درێژ دروستبكه‌، هه‌روه‌ها كه‌مه‌ربه‌ند و سه‌رپێچیان بۆ دروستبكه‌، بۆ شكۆمه‌ندی و ڕێزگرتن.
41
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ت له‌به‌ر هارونی برات و كوڕه‌كانی كرد، ده‌ستنیشانیان بكه‌ و ئه‌ركیان پێ بسپێره‌ و ته‌رخانیان بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی كاهینیێتیم بۆ بكه‌ن.
42
«هه‌روه‌ها ده‌رپێی كه‌تانیان بۆ دروستبكه‌ بۆ پۆشینی ڕووتییان، له‌ ناوقه‌ده‌وه‌ هه‌تا هه‌ردوو ڕان بێت.
43
هارون و كوڕه‌كانی له‌به‌ری بكه‌ن له‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ چادری چاوپێكه‌وتن، یان له‌ نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ قوربانگا بۆ خزمه‌تكردن له‌ شوێنی پیرۆز، نه‌وه‌ك تاوان هه‌ڵبگرن و بمرن، فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تاییه‌ بۆ ئه‌و و بۆ نه‌وه‌كه‌ی دوای خۆی.
  1. a. 28‏:16 نزیكه‌ی 22 سه‌نتیمه‌تر.
  2. b. 28‏:17 یاقووت: گه‌وهه‌ری سووری تۆخ.
  3. c. 28‏:18 به‌رده‌ پیرۆزه‌: به‌ردێكی شینی سه‌وزباو.
  4. d. 28‏:30 دوو به‌ردی گرانبه‌ها بوون، له‌ كاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا به‌كارهێنراون، بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م ساموئێل 23‏:9‏-12.‏\+xt*‏
  5. e. 28‏:36 بۆ یه‌زدان ته‌رخان كراوه‌.