عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاسای دادوه‌ری و به‌زه‌یی 
1
«هه‌واڵی درۆ بڵاو مه‌كه‌ره‌وه‌، ده‌ست له‌گه‌ڵ به‌دكار تێكه‌ڵ مه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببیته‌ شایه‌تی زۆرداری.
2
«دوای كۆمه‌ڵ مه‌كه‌وه‌ بۆ كاری خراپ و له‌ سكاڵاكردندا به‌ خواری شایه‌تی مه‌ده‌.
3
لایه‌نگری بۆ هه‌ژار ده‌رمه‌خه‌ له‌ سكاڵاكه‌ی.
4
«ئه‌گه‌ر تووشی گا یان گوێدرێژی دوژمنه‌كه‌ت بووی كه‌ به‌ڕه‌ڵا بووبێت، بۆی بگه‌ڕێنه‌ره‌وه‌.
5
ئه‌گه‌ر گوێدرێژی ناحه‌زه‌كه‌تت بینی له‌ژێر باره‌كه‌یدا كه‌وتووه‌، به‌جێی مه‌هێڵه‌، به‌ڵكو په‌له‌ بكه‌ بۆ یارمه‌تیدانی.
6
«مافی هه‌ژار ڕه‌ت مه‌كه‌ره‌وه‌ له‌ سكاڵاكه‌ی.
7
له‌ قسه‌ی درۆ دوور بكه‌وه‌. بێتاوان و ڕاستودروست مه‌كوژه‌، چونكه‌ تاوانبار بێتاوان ناكه‌م.
8
«به‌رتیل وه‌رمه‌گره‌، چونكه‌ به‌رتیل چاوساغان كوێر ده‌كات و قسه‌ی ڕاستودروستان خوار ده‌كات.
9
«نامۆ مه‌چه‌وسێنه‌وه‌، ده‌روونی نامۆ ده‌ناسن، چونكه‌ خۆشتان له‌ خاكی میسر نامۆ بوون.
یاسای شه‌ممه‌ 
10
«شه‌ش ساڵ زه‌وییه‌كه‌ت ده‌چێنیت و به‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌گریته‌وه‌،
11
به‌ڵام له‌ حه‌وته‌میندا ده‌یحه‌سێنیته‌وه‌ و لێی ده‌گه‌ڕێیت، هه‌ژارانی گه‌له‌كه‌ت لێی ده‌خۆن و به‌رماوه‌كه‌شیان ئاژه‌ڵی كێوی ده‌یخوات. هه‌مان شت ده‌كه‌یت له‌ ڕه‌زه‌ مێوه‌كه‌ت و له‌ زه‌یتوونه‌كه‌ت.
12
«شه‌ش ڕۆژ كاره‌كه‌ت ده‌كه‌یت، به‌ڵام ڕۆژی حه‌وته‌م پشوو ده‌ده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی گا و گوێدرێژه‌كه‌شت بحه‌سێنه‌وه‌ و كوڕی كاره‌كه‌ره‌كه‌ت و ئه‌وه‌ی له‌لاشت نامۆیه‌ هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ن.
13
«ئاگاداربن له‌وه‌ی ڕێك ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ پێم فه‌رموون و ناوی خودایه‌كی دیكه‌ مه‌هێنن، له‌ ده‌متانه‌وه‌ نه‌بیسترێت.
سێ جه‌ژنی ساڵانه‌ 
14
«سێ جار له‌ ساڵێكدا جه‌ژنم بۆ ده‌گێڕیت.
15
«هه‌روه‌ك فه‌رمانم پێكردن جه‌ژنی فه‌تیره‌ بگێڕن، حه‌وت ڕۆژ نانی فه‌تیره‌ بخۆن. ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌ كاتی خۆیدا بگێڕن، له‌ مانگی ئاڤیڤ، چونكه‌ ئێوه‌ له‌و مانگه‌دا له‌ میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.
«نابێت به‌ ده‌ستبه‌تاڵی له‌به‌رده‌مم ئاماده‌ بن.
16
«هه‌روه‌ها جه‌ژنی دروێنه‌، یه‌كه‌مین به‌رهه‌می ڕه‌نجتان، ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌ ده‌یچێنن.
«هه‌روه‌ها جه‌ژنی كۆكردنه‌وه‌ له‌ كۆتایی ساڵدا كاتێك ڕه‌نجه‌كه‌تان له‌ كێڵگه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌.
17
«سێ جار له‌ ساڵێكدا هه‌موو نێرینه‌كانتان له‌به‌رده‌م یه‌زدانی باڵاده‌ست ئاماده‌ ده‌بن.
18
«خوێنی قوربانیم له‌گه‌ڵ شتی به‌ هه‌ویرترش پێشكه‌ش مه‌كه‌ن.
«پیوی[a] قوربانی جه‌ژنم هه‌تا به‌یانی نه‌مێنێته‌وه‌.
19
«باشترینی یه‌كه‌مین به‌رهه‌می زه‌وییه‌كه‌تان بۆ ماڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بهێنن. هیچ كاریله‌یه‌ك به‌ شیری دایكی لێمه‌نێن.
ئاماده‌كردنی ڕێگاكه‌ له‌لایه‌ن فریشته‌ی خودا 
20
«ببینن، من فریشته‌یه‌ك له‌پێشتانه‌وه‌ ده‌نێرم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگا بتانپارێزێت و بتانهێنێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئاماده‌م كردووه‌.
21
لێی ئاگاداربن و گوێ له‌ فه‌رمایشتی بگرن و تووڕه‌ی مه‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ یاخیبوونتان نابوورێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی منی تێدایه‌.
22
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێتان له‌ فه‌رمایشتی گرت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یڵێم جێبه‌جێی بكه‌ن، ئه‌وا دژایه‌تی دوژمنه‌كانتان ده‌كه‌م و ته‌نگ هه‌ڵده‌چنم به‌ ته‌نگ پێهه‌ڵچنانتان.
23
فریشته‌كه‌م له‌پێشتانه‌وه‌ ده‌ڕوات و ده‌تانباته‌ خاكی ئه‌موری و حیتی و پریزی و كه‌نعانی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كان، ئه‌وان له‌ناوده‌به‌م.
24
كڕنۆش بۆ خوداوه‌نده‌كانیان مه‌به‌ن و مه‌یانپه‌رستن و وه‌ك نه‌ریته‌كانی ئه‌وان مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌ ته‌واوی وردوخاشیان بكه‌ن و به‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌كانیان[b] به‌ ته‌واوی بشكێنن.
25
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌په‌رستن، ئه‌ویش نان و ئاوتان به‌ره‌كه‌تدار ده‌كات. ده‌رد له‌نێوتان ناهێڵم.
26
له‌بارچوو و نه‌زۆك نابێت، له‌ خاكه‌كه‌تان جوانه‌مه‌رگتان ناكه‌م.
27
«سامناكی خۆم له‌پێشتانه‌وه‌ ده‌نێرم و هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌چنه‌ سه‌ریان، سه‌ریان لێ ده‌شێوێنم و وا ده‌كه‌م هه‌موو دوژمنه‌كانتان هه‌ڵبێن.
28
زه‌رده‌واڵه‌ش[c] له‌پێشتانه‌وه‌ ده‌نێرم و حیڤی و كه‌نعانی و حیتییه‌كان له‌پێشتان ڕابماڵن.
29
به‌ڵام له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌پێشتان ڕایانناماڵم، نه‌وه‌ك خاكه‌كه‌ وێران بێت و ئاژه‌ڵی كێوی له‌سه‌رتان زیاد بكات.
30
هێواش هێواش له‌پێشتان ڕایانده‌ماڵم، هه‌تا ئه‌وه‌ی به‌ردار ده‌بن و ده‌ست به‌سه‌ر خاكه‌كه‌دا ده‌گرن.
31
«سنووره‌كه‌شتان داده‌نێم، له‌ ده‌ریای سووره‌وه‌ هه‌تا ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست[d] و له‌ چۆڵه‌وانییه‌وه‌ هه‌تا ڕووباری فورات، چونكه‌ دانیشتووانی خاكه‌كه‌ ده‌ده‌مه‌ ده‌ستتان و ئێوه‌ش له‌پێش خۆتان ڕایانده‌ماڵن.
32
نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌ له‌گه‌ڵ خوداوه‌نده‌كانیان په‌یمان مه‌به‌ستن.
33
با له‌ خاكه‌كه‌تاندا نیشته‌جێ نه‌بن، نه‌وه‌ك واتان لێ بكه‌ن گوناه سه‌باره‌ت به‌ من بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوداوه‌ندی ئه‌وان بپه‌رستن ئه‌وا ده‌بێته‌ ته‌ڵه‌ بۆتان.»
  1. a. 23‏:18 پیوی قوربانی یان به‌زی قوربانی.
  2. b. 23‏:24 به‌ردی به‌ ستوونی دانراو بۆ په‌رستن. بڕوانه‌ دواوتار 16‏:21‏-22.
  3. c. 23‏:28 ده‌كرێت هێمایه‌ك بێت بۆ ئه‌و ترس و له‌رزه‌ی خودا ده‌یخاته‌ دڵیانه‌وه‌. بڕوانه‌ \+xt یه‌شوع 24‏:12‏\+xt*‏.
  4. d. 23‏:31 ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست: عیبری (ده‌ریای فه‌له‌ستییه‌كان).