عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
له‌ شاخی سینا 
1
له‌ مانگی سێیه‌م له‌دوای ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل میسریان به‌جێهێشت، له‌و ڕۆژه‌دا هاتنه‌ چۆڵه‌وانی سینا.
2
له‌ ڕه‌فیدیمه‌وه‌ كۆچیان كرد و هاتنه‌ چۆڵه‌وانی سینا، له‌ چۆڵه‌وانی لایاندا، ئیسرائیلییه‌كان له‌وێ به‌رامبه‌ر كێوه‌كه‌ لایاندا.
3
موساش سه‌ركه‌وت بۆ لای خودا، یه‌زدان له‌ كێوه‌كه‌وه‌ بانگی كرد و فه‌رمووی: «ئاوا به‌ بنه‌ماڵه‌ی یاقوب ده‌ڵێیت و ئاوا به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ڕاده‌گه‌یه‌نیت:
4
”خۆتان ئه‌وه‌تان بینی كه‌ به‌ میسرییه‌كانم كرد، ئێوه‌شم له‌سه‌ر باڵی هه‌ڵۆكان هه‌ڵگرت و ئێوه‌م بۆ لای خۆم هێنا.
5
ئێستاش ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ ته‌واوی گوێم لێ بگرن و په‌یمانه‌كه‌م بپارێزن، ئه‌وا گه‌نجینه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌بن بۆ من له‌نێو هه‌موو گه‌لان. هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو زه‌وی هی منه‌،
6
به‌ڵام ئێوه‌ بۆم ده‌بنه‌ پاشایه‌تی كاهینان و نه‌ته‌وه‌یه‌كی پیرۆز.“ ئه‌مانه‌ ئه‌و وشانه‌ن كه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی ده‌ڵێیت.»
7
موساش هات و هه‌موو پیرانی گه‌لی بانگكرد و هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی له‌به‌رده‌میان دانا كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوو.
8
هه‌موو گه‌لیش پێكه‌وه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و گوتیان: «هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رموویه‌تی ده‌یكه‌ین.» موساش قسه‌كانی گه‌لی بۆ یه‌زدان گێڕایه‌وه‌.
9
یه‌زدانیش به‌ موسای فه‌رموو: «من له‌ چڕی هه‌وردا دێمه‌ لات، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل گوێی لێبێت كاتێك له‌گه‌ڵت ده‌دوێم و هه‌تاهه‌تایه‌ باوه‌ڕت پێ بكه‌ن.» موساش وته‌كانی گه‌لی به‌ یه‌زدان ڕاگه‌یاند.
10
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رمووی: «بڕۆ لای گه‌ل و ئه‌مڕۆ و به‌یانی ته‌رخانیان بكه‌. با جله‌كانیان بشۆن و
11
ئاماده‌ بن بۆ ڕۆژی سێیه‌م، چونكه‌ له‌ ڕۆژی سێیه‌م یه‌زدان له‌به‌رچاوی هه‌موو گه‌ل دێته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر شاخی سینا.
12
به‌ چوارده‌وری كێوه‌كه‌دا سنوور بۆ گه‌ل داده‌نێیت و ده‌ڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، به‌سه‌ر كێوه‌كه‌ مه‌كه‌ون و ده‌ست له‌ لێواره‌كه‌ی مه‌ده‌ن، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌ كێوه‌كه‌ بدات ده‌بێت بكوژرێت.
13
ئاژه‌ڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، ده‌بێت به‌ردباران یان تیرباران بكرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌ستی پێی بكه‌وێت.“ به‌ڵام له‌ كاتی فووكردنێكی به‌هێز به‌ كه‌ڕه‌نادا[a] ، ئه‌وان له‌ كێوه‌كه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌.»
14
موساش له‌ كێوه‌كه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ لای گه‌ل و ته‌رخانی كردن، ئه‌وانیش جله‌كانیان شوشت.
15
به‌ گه‌لی گوت: «ئاماده‌ بن بۆ ڕۆژی سێیه‌م، له‌ ئافره‌ت نزیك مه‌كه‌ونه‌وه‌.»
16
ئه‌وه‌ بوو سه‌ر له‌ به‌یانی ڕۆژی سێیه‌م، بووه‌ هه‌وره‌تریشقه‌ و بروسك و ته‌مێكی چڕ له‌سه‌ر كێوه‌كه‌، ده‌نگی كه‌ڕه‌نا زۆر به‌رزبووه‌وه‌، هه‌موو گه‌ل ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆردوگاكه‌ بوون كه‌وتنه‌ له‌رزین.
17
ئینجا موسا گه‌لی له‌ ئۆردوگاكه‌وه‌ ده‌رهێنا بۆ دیداری خودا، جا له‌ خواره‌وه‌ی كێوه‌كه‌ وه‌ستان.
18
هه‌موو شاخی سیناش دووكه‌ڵی ده‌كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدان به‌ ئاگره‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ری و دووكه‌ڵیش وه‌ك دووكه‌ڵی كووره‌ به‌رزبووه‌وه‌ و هه‌موو كێوه‌كه‌ش به‌ توندی له‌رزی.
19
ده‌نگی كه‌ڕه‌ناش جار له‌دوای جار به‌رزتر ده‌بوو. موسا ده‌دوا و خوداش به‌ ده‌نگ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌.
20
یه‌زدان هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر شاخی سینا و موسای بۆ سه‌ری كێوه‌كه‌ بانگكرد. موساش سه‌ركه‌وت.
21
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «بڕۆ خواره‌وه‌ و گه‌ل ئاگادار بكه‌ره‌وه‌، نه‌وه‌ك پێشێلی بكه‌ن بۆ بینینی یه‌زدان و زۆریان له‌ناوبچن.
22
هه‌روه‌ها ئه‌و كاهینانه‌ش كه‌ له‌ یه‌زدان نزیك ده‌بنه‌وه‌، با خۆیان ته‌رخان بكه‌ن، نه‌وه‌ك یه‌زدان به‌ ڕوویاندا هه‌ڵبشاخێت.»
23
موساش به‌ یه‌زدانی گوت: «گه‌ل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سه‌ربكه‌وێت، چونكه‌ تۆ ئاگادارت كردینه‌وه‌ و فه‌رمووت: ”سنوور بۆ كێو دابنێ و ته‌رخانی بكه‌.“»
24
یه‌زدانیش پێی فه‌رموو: «بڕۆ خواره‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ هارون سه‌ربكه‌وه‌، به‌ڵام كاهینه‌كان و گه‌ل با پێشێلی نه‌كه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتن بۆ لای یه‌زدان، نه‌وه‌ك به‌ ڕوویاندا هه‌ڵبشاخێت.»
25
ئیتر موسا بۆ لای گه‌ل چووه‌ خواره‌وه‌ و پێی گوتن.
  1. a. 19‏:13 كه‌ڕه‌نا له‌ شاخی به‌ران دروستكراوه‌، شێوازی لێدانی به‌ ده‌نگێكی به‌هێز و به‌رده‌وامه‌ به‌ واتای نیشانه‌ی نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كێوه‌كه‌.