عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هاتنی یه‌ترۆ بۆ لای موسا 
1
یه‌ترۆی خه‌زووری موسا كه‌ كاهینی میدیان بوو، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بیسته‌وه‌ كه‌ خودا له‌گه‌ڵ موسا و ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ی كردبووی، كه‌ یه‌زدان ئیسرائیلی له‌ میسره‌وه‌ ده‌رهێناوه‌.
2
له‌دوای ئه‌وه‌ی موسا چیپۆره‌ی ژنی ناردبووه‌وه‌ یه‌ترۆی خه‌زووری هێنایه‌وه‌،
3
له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی. ناوی یه‌كێكیان گێرشۆمه‌، چونكه‌ موسا گوتی: «نامۆ بووم له‌ خاكی بێگانه‌.»
4
ناوی ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان ئه‌لیعه‌زه‌ر بوو، چونكه‌ گوتی: «خودای باوكم یارمه‌تیده‌رم بوو و فریام كه‌وت له‌ شمشێری فیرعه‌ون.»
5
یه‌ترۆی خه‌زووری موسا و كوڕه‌كانی و ژنه‌كه‌ی هاتنه‌ لای موسا بۆ ئه‌و چۆڵه‌وانییه‌ی ئه‌و له‌وێ له‌لای كێوی خودا لایدابوو.
6
یه‌ترۆی هه‌واڵی بۆ موسا نارد: «من یه‌ترۆم، له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ت و دوو كوڕه‌كه‌ی[a] بۆ لای تۆ هاتووم.»
7
موساش هاته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشوازی خه‌زووری، كڕنۆشی برد و ماچی كرد، له‌ هه‌واڵی یه‌كتریان پرسی و چوونه‌ ناو چادره‌كه‌.
8
موساش هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆ خه‌زووری گێڕایه‌وه‌ كه‌ یه‌زدان به‌ فیرعه‌ون و میسرییه‌كانی كرد له‌ پێناوی گه‌لی ئیسرائیل و هه‌موو ئه‌و ناخۆشییانه‌ی له‌ ڕێگا تووشیان هات و یه‌زدان فریایان كه‌وت.
9
یه‌ترۆیش دڵخۆش بوو به‌و هه‌موو چاكه‌یه‌ی كه‌ یه‌زدان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل كردی، كه‌ فریایان كه‌وتبوو له‌ ده‌ستی میسرییه‌كان.
10
یه‌ترۆ گوتی: «ستایش بۆ یه‌زدان ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی میسرییه‌كان و له‌ ده‌ستی فیرعه‌ون فریاتان كه‌وت، ئه‌وه‌ی فریای گه‌ل كه‌وت له‌ژێر ده‌ستی میسرییه‌كان.
11
كاتێك به‌و شتانه‌ لووتبه‌رز بوون له‌سه‌ر ئیسرائیلییه‌كان، ئێستا زانیم كه‌ یه‌زدان له‌ هه‌موو خوداوه‌نده‌كان مه‌زنتره‌.»
12
جا یه‌ترۆی خه‌زووری موسا قوربانی سووتاندن و چه‌ند قوربانییه‌كی دیكه‌ی بۆ خودا هێنا، هارون و هه‌موو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌زووری موسا به‌ ئاماده‌بوونی خودا نان بخۆن.
13
ئه‌وه‌ بوو به‌یانی موسا دانیشت بۆ ئه‌وه‌ی دادوه‌ری بۆ گه‌ل بكات، ئیتر گه‌ل له‌ به‌یانییه‌وه‌ هه‌تا ئێواره‌ له‌لای موسا ڕاوه‌ستان.
14
كاتێك خه‌زووری موسا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بینی كه‌ موسا بۆ گه‌ل ده‌یكات، لێی پرسی: «ئه‌م شته‌ چییه‌ تۆ بۆ گه‌ل ده‌كه‌یت؟ له‌به‌رچی به‌ ته‌نها دانیشتوویت و له‌ به‌یانییه‌وه‌ هه‌تا ئێواره‌ هه‌موو گه‌ل له‌لات ڕاوه‌ستاون؟»
15
موساش وه‌ڵامی خه‌زووری دایه‌وه‌: «چونكه‌ گه‌ل دێنه‌ لام هه‌تا خواستی خودا بزانن.
16
هه‌روه‌ها كاتێك كێشه‌یه‌كیان هه‌بێت دێنه‌ لام، منیش دادوه‌ری نێوان پیاو و براده‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌م و فه‌رز و فێركردنی خودایان پێ ده‌ناسێنم.»
17
خه‌زووری موساش پێی گوت: «ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یكه‌یت باش نییه‌.
18
خۆت و ئه‌م گه‌له‌ش ماندوو ده‌كه‌یت كه‌ له‌گه‌ڵتن، چونكه‌ كاره‌كه‌ له‌ تۆ مه‌زنتره‌، ناتوانیت به‌ ته‌نها بیكه‌یت.
19
ئێستاش گوێم لێ بگره‌ و ئامۆژگاریت ده‌كه‌م، با خودات له‌گه‌ڵ بێت، تۆ نوێنه‌ری گه‌ل به‌ له‌ به‌رامبه‌ر خودا و داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ خودا بكه‌.
20
فێری فه‌رز و فێركردنیان بكه‌ و ئه‌و ڕێگایه‌یان پێ بناسێنه‌ كه‌ ده‌بێت بیگرنه‌به‌ر و ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ ده‌بێت بیانكه‌ن.
21
به‌ڵام له‌ناو هه‌موو گه‌لدا پیاوی به‌ توانا و له‌خواترس هه‌ڵده‌بژێریت، پیاوانی دڵسۆز كه‌ ڕقیان له‌ ده‌ستكه‌وتی ناڕه‌وایه‌، ده‌یانكه‌یته‌ كاربه‌ده‌ست به‌سه‌ر هه‌زاران و سه‌دان و په‌نجایان و ده‌یان.
22
هه‌موو كاتێك دادوه‌ری بۆ گه‌ل ده‌كه‌ن و هه‌ر داوایه‌كی گه‌وره‌ هه‌بێت ده‌یهێننه‌ لای تۆ، هه‌ر داوایه‌كیش بچووك بێت خۆیان دادوه‌ری تێدا ده‌كه‌ن. ئیتر باری خۆت سووك بكه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵت هه‌ڵده‌گرن.
23
ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ت كرد و خوداش فه‌رمانی پێ كردیت، ئه‌وا ده‌توانیت خۆت ڕابگریت و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌م گه‌له‌ش به‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌گه‌نه‌ شوێنی خۆیان.»
24
موساش گوێی له‌ قسه‌كانی خه‌زووری گرت و هه‌موو ئه‌و شتانه‌شی كرد كه‌ گوتی.
25
موسا پیاوی به‌ توانای له‌ هه‌موو ئیسرائیل هه‌ڵبژارد و كردنی به‌ ڕابه‌ر بۆ گه‌ل، كاربه‌ده‌ست به‌سه‌ر هه‌زاران و سه‌دان و په‌نجایان و ده‌یان.
26
ئیتر هه‌موو كاتێك دادوه‌ریان بۆ گه‌ل ده‌كرد و داوای گرانیشیان ده‌هێنایه‌ لای موسا. به‌ڵام هه‌موو داوایه‌كی بچووك خۆیان دادوه‌ریان تێدا ده‌كرد.
27
ئینجا موسا خه‌زووری به‌ڕێكرد و یه‌ترۆیش گه‌ڕایه‌وه‌ خاكی خۆی.
  1. a. 18‏:6 دوو كوڕه‌كه‌ی: مه‌به‌ست له‌ دوو كوڕه‌كه‌ی موسایه‌.