عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد 
1
هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل.
2
جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»
موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»
3
بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»
4
ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»
5
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ.
6
من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە[a] لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل.
7
ئەو شوێنەیان ناو نا مەسا و مەریبا[b] ، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»
بەزاندنی عەمالێقییەکان 
8
عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم.
9
موساش بە یەشوعی[c] گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»
10
یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە.
11
ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە، نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە، عەمالێقییەکان سەردەکەوتن.
12
کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون، بەردێکیان هێنا و خستیانە ژێری و ئەویش لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی بە بەرزکراوەیی مایەوە.
13
یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.
14
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»
15
موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و
16
گوتی: «لەبەر ئەوەی عەمالێق دەستی بەرزکردووەتەوە لە دژی تەختی یەزدان، یەزدان نەوە لەدوای نەوە لە دژی عەمالێق لە جەنگدا دەبێت.»
  1. a. 17‏:6 ئەو تاشەبەردە: بڕوانە سەرژمێری 20‏:8 و یەکەم کۆرنسۆس 10‏:4‏‏.‏
  2. b. 17‏:7 مەسا واتای (تاقی کردنەوە)یە و مریباش واتای (دەمەقاڵێ)یە.‏
  3. c. 17‏:9 یەشوع: لە زمانی عیبری بە واتای (خودا ڕزگار دەکات) دێت کە هاوواتای ناوی عیسایە. بڕوانە مەتا 1‏:21‏‏.‏