عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - مەن و سوێسکە
 - 1
 - لەدوای ئەوە لە ئێلیم کۆچیان کرد و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل هاتنە چۆڵەوانی سین[a] کە لەنێوان ئێلیم و سینایە، لە ڕۆژی پازدەی مانگی دووەم لەدوای کۆچکردنیان لە خاکی میسر.
 - 2
 - هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا و هارون کرد.
 - 3
 - نەوەی ئیسرائیل پێیان گوتن: «خۆزگە بە دەستی یەزدان لە خاکی میسردا بمردبووینایە، بۆ خۆمان لای مەنجەڵی گۆشت دانیشتبووین و بە تێری نانمان دەخوارد، بەڵام ئێمەتان دەرهێنا بۆ ئەم چۆڵەوانییە هەتا هەموو ئەم کۆمەڵە بە برسیێتی بکوژن.»
 - 4
 - یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا.
 - 5
 - ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.»
 - 6
 - جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.
 - 7
 - بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟»
 - 8
 - موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.»
 - 9
 - موسا بە هارونی گوت: «بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”نزیک ببنەوە بۆ بەردەم یەزدان، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو.“»
 - 10
 - ئەوە بوو لەو کاتەی هارون لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل دەدوا، ئاوڕیان دایەوە بەرەو چۆڵەوانی و بینییان شکۆمەندی یەزدان لەناو هەور دەبینرێت.
 - 11
 - یەزدانیش بە موسای فەرموو:
 - 12
 - «گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو، لەگەڵیان بدوێ و بڵێ: ”ئێواران گۆشت دەخۆن و بەیانی تێر نان دەبن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
 - 13
 - ئەوە بوو لە ئێوارە سوێسکە[b] بەرز بوونەوە و ئۆردوگاکەیان داپۆشی، بەیانیش شەونم لە دەوروبەری ئۆردوگا کەوتبوو.
 - 14
 - کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە.
 - 15
 - کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە.
موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن. - 16
 - ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، ئۆمرێک[c]  بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان هەریەکە بۆ ئەوانەی لە چادرەکەی ئەون دەیباتەوە.“»
 - 17
 - نەوەی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد و زۆر و کەم هەڵیانگرتەوە.
 - 18
 - بەڵام کاتێک بە ئۆمر پێوایان، نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی هەڵیگرتەوە.
 - 19
 - موسا پێی گوتن: «هیچ کەس لێی نەمێنێتەوە بۆ بەیانی.»
 - 20
 - بەڵام گوێیان لە موسا نەگرت، بەڵکو هەندێک خەڵک لێیان هێشتەوە بۆ بەیانی، جا کرم لێیدا و کەڕووی کرد، موساش لێیان تووڕە بوو.
 - 21
 - ئیتر هەموو بەیانییەک هەڵیاندەگرتەوە، هەرکەسە بەگوێرەی خواردنی، کە خۆریش گەرم دادەهات دەتوایەوە.
 - 22
 - ئەوە بوو لە ڕۆژی شەشەمدا دوو ئەوەندە نانیان هەڵگرتەوە، دوو ئۆمر[d] بۆ هەر یەکێک، ئیتر هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ هاتن و بە موسایان ڕاگەیاند.
 - 23
 - ئەویش پێی گوتن: «ئەمە ئەوەیە کە یەزدان فەرموویەتی: ”بەیانی پشوودانە[e] ، شەممەی پیرۆزە بۆ یەزدان، ئەوەی دەیکەن بە نان بیکەن و ئەوەی لێی دەنێن لێی بنێن، هەرچی دەمێنێتەوەش لەلای خۆتانی دابنێن هەتا بۆ بەیانی هەڵبگیردرێت.“»
 - 24
 - جا دایاننا بۆ بەیانی هەروەک موسا فەرمانی دا، ئیتر نە کەڕووی کرد و نە کرم لێی دا.
 - 25
 - موسا گوتی: «ئەمڕۆ بیخۆن، چونکە ئەمڕۆ شەممەیە بۆ یەزدان، لە دەشتودەر نایدۆزنەوە.
 - 26
 - شەش ڕۆژ هەڵیدەگرنەوە، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە و تێیدا نییە.»
 - 27
 - ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم هەندێک لە خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە.
 - 28
 - یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئێوە ڕەتی دەکەنەوە فەرمان و فێرکردنەکەم بپارێزن؟
 - 29
 - بڕوانن، یەزدان شەممەی پێداون، بۆیە لە ڕۆژی شەشەمدا نانی دوو ڕۆژتان پێدەدات، با هەریەکە لە شوێنی خۆی دابنیشێت، با کەس لە ڕۆژی حەوتەم شوێنی خۆی بەجێنەهێڵێت.»
 - 30
 - ئیتر گەل لە ڕۆژی حەوتەم پشوویان دا.
 - 31
 - بنەماڵەی ئیسرائیلیش ناویان لە نانەکە نا مەن[f] . وەک تۆوی گژنیژ سپییە و تامیشی وەک ناسکە نانی[g] بە هەنگوینە.
 - 32
 - موسا گوتی: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”ئۆمرێکی لێ پڕ بکەن و با بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی ئەو نانە ببینن کە لە چۆڵەوانی دەرخواردم دان کاتێک لە خاکی میسر دەرمهێنان.“»
 - 33
 - ئینجا موسا بە هارونی گوت: «گۆزە ببە و پڕ بە ئۆمرێک مەنی تێبکە. ئینجا لەبەردەم یەزدانی دابنێ تاکو بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت.»
 - 34
 - هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا دا، لە دواییدا هارون مەنەکەی لەناو سندوقەکەی پەیمان[h] دانا بۆ پاراستنی.
 - 35
 - نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ مەنیان خوارد هەتا هاتنە خاکی ئاوەدانی، مەنیان خوارد هەتا هاتنە سنووری خاکی کەنعان.
 - 36
 - ئۆمریش دەیەکی ئێفەیە.[i] 
 
- a. 16:1 چۆڵەوانی سین: لەوانەیە لەنێوان چۆڵەوانی پاران و چۆڵەوانی سینا بووبێت.
 - b. 16:13 سوێسکە: باڵندەیەکی بچووکە، لە شێوەی کەوە، لە پۆلێکی گەورەدا کۆچ دەکەن، لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و هێلانەکانیشیان لەسەر زەوی دروستدەکەن. بڕوانە سەرژمێری 11:31.
 - c. 16:16 ئۆمر: نزیکەی 2,2 لیتر.
 - d. 16:22 دوو ئۆمر: نزیکەی چوار لیتر و نیو.
 - e. 16:23 هۆی ئەم ئاهەنگگێڕانە لەوەوە دێت کە خودا هەموو شتێکی لە شەش ڕۆژدا بەدیهێنا و لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، بۆیە ئاهەنگگێڕانە بۆ پشوودان و پیرۆزی. ئەو وشەیەی لە زمانی عیبری بۆ پشوودان بەکارهێنراوە وشەی (شەبات)ـە، بەڵام ئەمە واناگەیەنێت کە ڕۆژی پشوودانەکە ڕۆژی شەممە بووبێت. بڕوانە پەیدابوون 2:3.
 - f. 16:31 \+tl مەن\+tl* واتا «ئەمە چییە؟» بڕوانە ئایەتی 15.
 - g. 16:31 ناوەشکێنە.
 - h. 16:34 عیبری: لەبەردەم شایەتی: لەدوای ئەوەی دوو تەختەی پەیمان یان تەختەی ڕاسپاردەکان لەنێو ئەو سندوقە دانرا بوو بە سندوقی پەیمان، بۆ یادکردنەوە و شایەتێک بۆ کردارەکانی خودا. بڕوانە 25:10-16.
 - i. 16:36 ئێفەیەک بیست و دوو لیترە.
 

