عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فه‌رمانی پاشا سه‌باره‌ت به‌ جوله‌كه‌كان 
1
له‌و ڕۆژه‌ ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشا سامانی هامانی دوژمنی جوله‌كه‌كانی دایه‌ ئه‌ستێری شاژن. مۆرده‌خای هاته‌ به‌رده‌م پاشا، چونكه‌ ئه‌ستێر پێی گوتبوو كه‌ خزمی ئه‌وه‌.
2
هه‌روه‌ها پاشا ئه‌نگوستیله‌كه‌ی له‌ ده‌ستی خۆی داكه‌ند كه‌ له‌ هامانی سه‌ندبووه‌وه‌ و دایه‌ مۆرده‌خای. ئه‌ستێریش مۆرده‌خای كرده‌ بریكاری سامانه‌كه‌ی هامان.
3
ئه‌ستێر جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ پاشا قسه‌ی كرد. خۆی خسته‌ به‌ر پێیه‌كانی و گریا و لێی پاڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پیلانه‌كه‌ی هامانی ئه‌گاگی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ دژی جوله‌كه‌كان دایڕشتبوو.
4
ئینجا پاشا دارده‌سته‌ زێڕینه‌كه‌ی بۆ ئه‌ستێر درێژكرد، ئه‌ستێر هه‌ستا و له‌به‌رده‌م پاشا ڕاوه‌ستا.
5
گوتی: «ئه‌ی پاشا، ئه‌گه‌ر تۆ ڕازی بیت، ئه‌گه‌ر منت به‌ دڵه‌ و ده‌بینیت كه‌ داواكارییه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، ئه‌گه‌ر من له‌لای تۆ په‌سه‌ندم، تكایه‌ داوای نووسینی فه‌رمانێك بكه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه‌ی هامانی كوڕی هه‌مه‌داسای ئه‌گاگی دایڕشتبوو. ئه‌و نامه‌ی بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌كانی پاشا نووسیبوو بۆ له‌ناوبردنی جوله‌كه‌كان.
6
ئه‌وسا چۆن ده‌توانم ته‌ماشای ئه‌و كاره‌ساته‌ بكه‌م كه‌ تووشی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌بێت؟ چۆن ده‌توانم ته‌ماشای له‌ناوچوونی ڕه‌گه‌زه‌كه‌م بكه‌م؟»
7
ئه‌حه‌شوێرۆش پاشا وه‌ڵامی شاژنه‌ ئه‌ستێر و مۆرده‌خای جوله‌كه‌ی دایه‌وه‌: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هامان ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر جوله‌كه‌، سامانه‌كه‌ی ئه‌وم دایه‌ ئه‌ستێر، له‌ سێداره‌شیان دا.
8
ئێوه‌ش ئه‌وه‌ی پێتان باشه‌ به‌ ناوی پاشاوه‌ بۆ جوله‌كه‌كانی بنووسن، به‌ ئه‌نگوستیله‌كه‌ی پاشا مۆری بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و نووسینه‌ی به‌ ناوی پاشاوه‌ ده‌نووسرێت و به‌ ئه‌نگوستیله‌كه‌ی مۆر بكرێت هه‌ڵناوه‌شێنرێته‌وه‌.»
9
له‌و كاته‌، له‌ بیست و سێی سێ، واته‌ مانگی سیڤان، خامه‌ی نهێنییه‌كانی[a] پاشا بانگ كران. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ مۆرده‌خای فه‌رمانی پێ كردن بۆ جوله‌كه‌ و میر و پارێزگار و سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمه‌كان نووسییان، سه‌د و بیست و حه‌وت هه‌رێم بوون، له‌ هیندستانه‌وه‌ هه‌تا كوش، بۆ هه‌ر هه‌رێمێك به‌ زمان و ڕێنووسی خۆی، بۆ جوله‌كه‌كانیش به‌ زمان و ڕێنووسی خۆیان.
10
مۆرده‌خای ئه‌و نامانه‌ی به‌ ناوی ئه‌حه‌شوێرۆش پاشاوه‌ نووسی و به‌ ئه‌نگوستیله‌كه‌ی پاشا مۆری كردن، به‌ په‌یامبه‌ره‌كاندا ناردی، كه‌ سواری ئه‌سپه‌ تیژڕه‌وه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی پاشا ببوون.
11
ئه‌و نامانه‌ی پاشا مافی ئه‌وه‌ی به‌ جوله‌كه‌كانی هه‌موو شارێك دابوو كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن و هه‌ر هێزێكی چه‌كدار له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و هه‌رێمێك بێت هێرشیان بكاته‌ سه‌ر له‌ناوی ببه‌ن، بیانكوژن و قڕیان بكه‌ن، به‌ ژن و منداڵه‌كانیشیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌شیانه‌ تاڵانی بكه‌ن.
12
ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ناو هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشا دیاریكراوه‌، له‌ سێزده‌ی دوازده‌، واته‌ له‌ مانگی ئادار.
13
وێنه‌یه‌ك له‌و فه‌رمانه‌ كه‌ وه‌ك یاسا ده‌ركرابوو له‌نێو هه‌موو هه‌رێم و گه‌له‌كان بڵاو كرایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جوله‌كه‌كان ئاماده‌ بن بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ تاكو تۆڵه‌ له‌ دوژمنه‌كانیان بستێننه‌وه‌.
14
په‌یامبه‌ره‌كان سواری ئه‌سپی پاشا بوون، هه‌روه‌ك پاشا فه‌رمانی پێ كردبوون به‌ په‌له‌ ڕۆیشتن، هه‌روه‌ها یاساكه‌ له‌ قه‌ڵای شوشیش ده‌رچوو.
15
ئینجا مۆرده‌خای به‌ به‌رگی شاهانه‌ی مۆر و سپییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م پاشا هاته‌ ده‌ره‌وه‌، تاجێكی گه‌وره‌ی زێڕین له‌سه‌ر ناوچه‌وانی بوو، كه‌وایه‌كی ئه‌رخه‌وانی له‌ كشمیر دروستكراویشی له‌سه‌ر شان بوو. شادی و خۆشی شاری شوشی گرته‌وه‌.
16
ڕووناكی بۆ جوله‌كه‌كان دره‌وشایه‌وه‌، پڕبوون له‌ خۆشی و شادی و هه‌ستكردن به‌ ڕێز.
17
جا له‌ هه‌ر هه‌رێم و شارێك كه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی پاشا و یاساكه‌یان پێ ده‌گه‌یشت، ده‌بووه‌ شادی و خۆشی بۆ جوله‌كه‌كان، خوانیان ده‌ڕازانده‌وه‌ و ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا. زۆریش له‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ بوونه‌ جوله‌كه‌، چونكه‌ زۆر له‌ جوله‌كه‌ ده‌ترسان.
  1. a. 8‏:9 ڕازپۆشه‌كانی.