عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سزادانی هامان 
1
ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن.
2
لە ڕۆژی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، چیت دەوێت؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
3
شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە،
4
چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
5
ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
6
ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»
هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی.
7
پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.
8
لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.
پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»
هەرکە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی.
9
ئینجا حەرڤۆنا، کە یەکێک بوو لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد، گوتی: «لە ماڵی هامان دارێک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[a] ، هامان بۆ مۆردەخای ئامادە کردووە، کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»
پاشا گوتی: «هامان لەو دارە بدەن!»
10
بەو شێوەیە هامانیان لەو دارە دا کە بۆ مۆردەخای ئامادە کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.
  1. a. 7‏:9 پەنجا باڵە: نزیکەی 23 مەتر.‏