عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕێزگرتن له‌ مۆرده‌خای 
1
ئه‌و شه‌وه‌ پاشا خه‌وی زڕا. فه‌رمانی دا په‌ڕتووكی پوخته‌ی مێژووی[a] بۆ بهێنن و بۆی بخوێننه‌وه‌.
2
بینرا ئه‌وه‌ی تێدا نووسراوه‌ كه‌ مۆرده‌خای له‌باره‌ی بیگتانا و ته‌ره‌شه‌وه‌ ئاشكرای كردبوو، دوو له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی پاشا، كه‌ پاسه‌وانی ده‌روازه‌كه‌ بوون و ویستیان ده‌ستیان بۆ ئه‌حه‌شوێرۆش پاشا درێژ بكه‌ن.
3
پاشا پرسیاری كرد: «چ ڕێز و گه‌وره‌ییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌مه‌ بۆ مۆرده‌خای كراوه‌؟» خزمه‌تكاره‌كانی پاشا ئه‌وانه‌ی له‌به‌رده‌ستی بوون گوتیان: «هیچی بۆ نه‌كراوه‌.»
4
پاشا گوتی: «كێ له‌ دیوانه‌كه‌یه‌؟» له‌و كاته‌دا هامان چووبووه‌ ناو دیوانه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی پاشا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پاشا بڵێت مۆرده‌خای له‌سه‌ر ئه‌و سێداره‌ هه‌ڵبواسێت كه‌ بۆی ئاماده‌ كردبوو.
5
خزمه‌تكاره‌كانی پاشا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «وا هامان له‌ دیوانه‌كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌.»
پاشاش فه‌رمانی دا: «با بێته‌ ژووره‌وه‌.»
6
كه‌ هامان چووه‌ ژووره‌وه‌، پاشا لێی پرسی: «چی بۆ پیاوێك بكرێت پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟»
هامان له‌ دڵی خۆیدا گوتی: «له‌ من زیاتر كێ هه‌یه‌ پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟»
7
ئیتر هامان وه‌ڵامی پاشای دایه‌وه‌: «بۆ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ پاشا پێی خۆشه‌ ڕێزی لێ بگرێت،
8
با ئه‌و جلوبه‌رگه‌ شاهانه‌یه‌ی كه‌ پاشا له‌به‌ری ده‌كات و ئه‌و ئه‌سپه‌ی كه‌ پاشا سواری ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و تاجه‌ی شاهانه‌ كه‌ له‌سه‌ر سه‌ری ئه‌سپه‌كه‌ داده‌نرێت بهێنرێ.
9
ئینجا با جلوبه‌رگه‌كه‌ و ئه‌سپه‌كه‌ بدرێنه‌ پیاوێك له‌ میرانی سه‌ركرده‌ی پاشا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ری ئه‌و پیاوه‌ی بكات كه‌ پاشا پێی خۆشه‌ ڕێزی لێ بگرێت، له‌ شه‌قامه‌كانی شار به‌ سواری ئه‌سپه‌كه‌ بیگه‌ڕێنن و له‌به‌رده‌میه‌وه‌ هاوار بكه‌ن و بڵێن: ”ئاوا بۆ ئه‌و پیاوه‌ ده‌كرێت كه‌ پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!“»
10
پاشا به‌ هامانی گوت: «به‌ په‌له‌ بڕۆ هه‌روه‌ك گوتت جلوبه‌رگ و ئه‌سپه‌كه‌ ببه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێشنیارت كرد بۆ مۆرده‌خای جوله‌كه‌ بیكه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌روازه‌ی پاشا دانیشتووه‌. هیچیان فه‌رامۆش مه‌كه‌ له‌وه‌ی كه‌ گوتت.»
11
هامان جلوبه‌رگه‌كه‌ و ئه‌سپه‌كه‌ی برد. جله‌كه‌ی له‌به‌ر مۆرده‌خای كرد و له‌ شه‌قامه‌كانی شار به‌ سواری ئه‌سپه‌كه‌ی گه‌ڕاندی، له‌به‌رده‌می هاواری كرد و گوتی: «ئاوا بۆ ئه‌و پیاوه‌ ده‌كرێت كه‌ پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!»
12
پاشان مۆرده‌خای گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌ی پاشا. به‌ڵام هامان به‌ لاواندنه‌وه‌ و به‌ سه‌رشۆڕی گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی.
13
هامان هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ری هات بۆ زه‌ره‌شی ژنی و بۆ دۆسته‌كانی گێڕایه‌وه‌.
ڕاوێژكاره‌كانی و زه‌ره‌شی ژنی پێیان گوت: «كه‌وتنی تۆ له‌به‌رده‌م مۆرده‌خای ده‌ستی پێكرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی جوله‌كه‌یه‌، تۆ ناتوانیت له‌ دژی بووه‌ستیته‌وه‌، تۆ له‌به‌رده‌می ئه‌و ده‌ڕووخێیت!»
14
له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد، كاربه‌ده‌سته‌كانی پاشا په‌یدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌ په‌له‌ هامان ببه‌ن بۆ ئه‌و خوانه‌ی كه‌ ئه‌ستێر ئاماده‌ی كردبوو.
  1. a. 6‏:1 مه‌به‌ست له‌ تۆماری ڕووداوه‌كانی پاشایه‌تی خۆیه‌تی.