عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داواكاری ئه‌ستێر 
1
له‌ سێیه‌مین ڕۆژ ئه‌ستێر جلوبه‌رگی شاهانه‌ی له‌به‌ركرد و له‌ دیوانه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی كۆشكی پاشا به‌رامبه‌ر دیوه‌خانی پاشا ڕاوه‌ستا، پاشاش له‌ دیوه‌خانه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌روازه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانیشتبوو.
2
كاتێك پاشا ئه‌ستێری شاژنی بینی له‌ دیوانه‌كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، دڵی پێی خۆشبوو و دارده‌سته‌ زێڕینه‌كه‌ی ده‌ستی بۆ ئه‌ستێر درێژكرد. ئه‌ستێریش چووه‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی له‌سه‌ری دارده‌سته‌كه‌ دا.
3
ئینجا پاشا پێی گوت: «شاژنه‌ ئه‌ستێر، چیته‌ و داواكاریت چییه‌؟ هه‌تا داوای نیوه‌ی شانشینه‌كه‌ش بكه‌یت پێت ده‌درێت.»
4
ئه‌ستێر گوتی: «ئه‌گه‌ر پاشا پێی خۆشه‌، با ئه‌مڕۆ پاشا له‌گه‌ڵ هامان بێنه‌ ئه‌و خوانه‌ی كه‌ بۆم ئاماده‌ كردووی.»
5
پاشاش گوتی: «به‌ په‌له‌ هامان بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی داواكه‌ی ئه‌ستێر جێبه‌جێ بكات.» ئینجا پاشا و هامان چوون بۆ ئه‌و خوانه‌ی كه‌ ئه‌ستێر ئاماده‌ی كردبوو.
6
پاشا له‌ كاتی شه‌راب خواردنه‌وه‌ به‌ ئه‌ستێری گوت: «بابه‌ته‌كه‌ت چییه‌؟ پێت ده‌درێت. داواكارییه‌كه‌ت چییه‌؟ ته‌نانه‌ت داوای نیوه‌ی شانشینه‌كه‌ش بكه‌یت، پێت ده‌درێت.»
7
ئه‌ستێر وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوتی: «بابه‌ته‌كه‌م و داواكارییه‌كه‌م ئه‌مه‌یه‌:
8
ئه‌گه‌ر پاشا لێم ڕازی بێت و پێی خۆش بێت بابه‌ته‌كه‌م و داواكارییه‌كه‌م بۆ جێبه‌جێ بكات، با سبه‌ینێ پاشا له‌گه‌ڵ هامان بێته‌ ئه‌و خوانه‌ی كه‌ بۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌م، ئه‌و كاته‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پاشا ده‌ده‌مه‌وه‌.»
ڕقی هامان له‌ مۆرده‌خای 
9
ئه‌و ڕۆژه‌ هامان به‌ شادی و دڵخۆشییه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ڵام كاتێك هامان له‌ ده‌روازه‌ی پاشا مۆرده‌خای بینی له‌به‌ری هه‌ڵنه‌ستا و خۆی تێكنه‌دا، زۆر ڕقی له‌ مۆرده‌خای هه‌ستا.
10
به‌ڵام هامان خۆی گرت و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.
هامان دۆسته‌كانی و زه‌ره‌شی ژنی بانگكرد،
11
شانازی به‌ زۆری ده‌وڵه‌مه‌ندی و زۆری كوڕه‌كانی كرد، هه‌روه‌ها چۆن پاشا ڕێزی لێی ناوه‌ و پایه‌ی به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ و كاربه‌ده‌سته‌كانی دیكه‌ی.
12
هه‌روه‌ها هامان گوتی: «ته‌نانه‌ت شاژنه‌ ئه‌ستێر جگه‌ له‌ من كه‌سی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ پاشا بۆ ئه‌و خوانه‌ داوه‌ت نه‌كردووه‌ كه‌ ئاماده‌ی كردووه‌، بۆ سبه‌ینێ منیشی له‌گه‌ڵ پاشا داوه‌ت كردووه‌.
13
به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌موویان هیچ به‌هایه‌كیان له‌لای من نییه‌، هه‌ر كاتێك مۆرده‌خای جوله‌كه‌ ده‌بینم له‌ ده‌روازه‌ی پاشادا دانیشتووه‌.»
14
زه‌ره‌شی ژنی و دۆسته‌كانی پێیان گوت: «با سێداره‌یه‌ك به‌ به‌رزی په‌نجا باڵ[a] دروستبكرێت، به‌یانی به‌ پاشا بڵێ با مۆرده‌خای له‌سه‌ر هه‌ڵبواسن. پاشان به‌ خۆشییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاشا بڕۆ سه‌ر خوانه‌كه‌.» هامان ئه‌و قسه‌یه‌ی پێ باش بوو، فه‌رمانی دا سێداره‌كه‌ دروستبكرێت.
  1. a. 5‏:14 په‌نجا باڵ: نزیكه‌ی 23 مه‌تر.