عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ستێر وه‌ك شاژن 
1
پاش ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشا دامركایه‌وه‌، پاشا ڤه‌شتی و ڕه‌فتاره‌كه‌ی و ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ دژی ده‌ریكرد به‌بیری هاته‌وه‌.
2
ئینجا ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی پاشایان ده‌كرد پێشنیاریان كرد: «با بگه‌ڕێن بۆ كچانی پاكیزه‌ و ڕوخسار جوان بۆ پاشا،
3
با پاشا بریكار دابنێت له‌ناو هه‌موو هه‌رێمه‌كانی شانشینه‌كه‌یدا، هه‌موو كچه‌ پاكیزه‌ و ڕوخسار جوانه‌كان بۆ حه‌ڕه‌م سه‌را له‌ قه‌ڵای شوش كۆبكه‌نه‌وه‌. با له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هێگه‌یدا بن، كاربه‌ده‌ستی[a] پاشا و به‌رپرسی حه‌ڕه‌م سه‌رایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بۆن و ئاراییشتیان پێ بدات.
4
ئینجا ئه‌و كچه‌ش كه‌ پاشا په‌سه‌ندی ده‌كات، با ببێته‌ شاژن و شوێنی ڤه‌شتی بگرێته‌وه‌.» پاشا ئه‌و قسه‌یه‌ی پێ باش بوو، كاری پێكرد.
5
له‌و كاته‌ له‌ناو قه‌ڵای شوش پیاوێكی جوله‌كه‌ هه‌بوو له‌ هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆرده‌خای كوڕی یائیری كوڕی شیمعی كوڕی قیش بوو.
6
یه‌كێك بوو له‌و ڕاپێچكراوانه‌ی نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ ڕاپێچی كردبوون، له‌نێو ئه‌و ڕاپێچكراوانه‌ی یه‌هۆیاكینی پاشای یه‌هودایان له‌گه‌ڵ بوو.
7
مۆرده‌خای ئامۆزایه‌كی هه‌بوو به‌ ناوی هه‌ده‌سا، خۆی په‌روه‌رده‌ی كردبوو، چونكه‌ نه‌ باوكی هه‌بوو نه‌ دایك. ئه‌م كچه‌ به‌ ئه‌ستێر ناسراوبوو، كچێكی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایك و باوكی مۆرده‌خای كردییه‌ كچی خۆی.
8
به‌ بیستنی فه‌رمانه‌كه‌ی پاشا و یاساكه‌ی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كچانی زۆر له‌ قه‌ڵای شوش و سپاردنیان به‌ ده‌ستی هێگه‌ی، ئه‌ستێریش بردرایه‌ كۆشكی پاشا و به‌ هێگه‌یی به‌رپرسی حه‌ڕه‌م سه‌را سپێردرا.
9
كچه‌ له‌به‌رچاوی هێگه‌ی په‌سه‌ند بوو و به‌ دڵی بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ زوو بۆن و ئاراییشت و پێداویستییه‌كانی له‌گه‌ڵ حه‌وت كه‌نیزه‌ی هه‌ڵبژێردراو پێدرا و له‌ كۆشكی پاشاوه‌ بۆ باشترین شوێنی حه‌ڕه‌م سه‌را گواسترایه‌وه‌.
10
ئه‌ستێر هیچی له‌باره‌ی ڕه‌گه‌ز و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئاشكرا نه‌كرد، چونكه‌ مۆرده‌خای ڕایسپاردبوو كه‌ ئه‌وه‌ نه‌كات.
11
مۆرده‌خای هه‌موو ڕۆژێك له‌به‌رده‌م حه‌وشه‌ی حه‌ڕه‌م سه‌را ده‌هات و ده‌چوو، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌ستێر چۆنه‌ و ئاگاداربێت له‌وه‌ی چی به‌سه‌ردێت.
12
به‌گوێره‌ی یاسای په‌یڕه‌وكراو بۆ ئافره‌تان هه‌ر كچێك ساڵێكی ته‌واوی له‌ ئاراییشت و ئاماده‌كاری به‌سه‌رده‌برد: شه‌ش مانگ به‌ زه‌یتی موڕ، شه‌ش مانگیش به‌ بۆن و كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی جوانكاری. ئینجا له‌دوای ئه‌وه‌ نۆره‌ی ده‌هات بچێته‌ لای ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشا.
13
به‌م شێوه‌یه‌ بۆ لای پاشا ده‌چوو، هه‌رچی ده‌ویست پێی ده‌درا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حه‌ڕه‌م سه‌راوه‌ له‌گه‌ڵ خۆی بیباته‌ كۆشكی پاشا.
14
ئێواره‌ ده‌چووه‌ ژووره‌وه‌ و به‌یانی بۆ به‌شێكی دیكه‌ی حه‌ڕه‌م سه‌را ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، بۆ ژێر سه‌رپه‌رشتی شه‌عه‌شگه‌زی كاربه‌ده‌ستی پاشا و به‌رپرسی كه‌نیزه‌كان. جارێكی دیكه‌ نه‌ده‌چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، ته‌نها ئه‌گه‌ر پاشا پێی دڵخۆش بووایه‌ و به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بانگی بكردایه‌.
15
كاتێك نۆره‌ی ئه‌ستێر هات، كچی ئه‌بیحه‌یلی مامی مۆرده‌خای، ئه‌وه‌ی مۆرده‌خای كردییه‌ كچی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، هیچ شتێكی داوا نه‌كرد جگه‌ له‌وه‌ی هیگایی كاربه‌ده‌ستی پاشا و به‌رپرسی حه‌ڕه‌م سه‌را پێشنیاری كردبوو. هه‌ركه‌سێكیش ئه‌ستێری ببینیایه‌ ده‌چووه‌ دڵییه‌وه‌.
16
ئه‌ستێر له‌ مانگی ده‌ بردرایه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای ئه‌حه‌شوێرۆش پاشا له‌ كۆشكی شاهانه‌، له‌ مانگی تێڤێت، له‌ حه‌وته‌مین ساڵی پاشایه‌تییه‌كه‌ی.
17
پاشا ئه‌ستێری له‌ هه‌موو ژنه‌كان زیاتر خۆشویست، له‌ هه‌موو پاكیزه‌كانی دیكه‌ زیاتر په‌سه‌ندی كرد و چووه‌ دڵییه‌وه‌. تاجی شاهانه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری دانا و له‌ شوێنی ڤه‌شتی كردییه‌ شاژن.
18
ئینجا پاشا خوانێكی گه‌وره‌ی بۆ هه‌موو سه‌ركرده‌ و خزمه‌تكاره‌كانی سازكرد وه‌ك رێزگرتنێك له‌ ئه‌ستێر، پشووی له‌ هه‌رێمه‌كاندا ڕاگه‌یاند و به‌قه‌د به‌خشنده‌یی پاشا دیاری به‌خشرا.
ئاشكراكردنی پیلانێك له‌لایه‌ن مۆرده‌خای 
19
كاتێك پاكیزه‌كان بۆ جاری دووه‌م كۆكرانه‌وه‌، مۆرده‌خای له‌لای ده‌روازه‌ی پاشا دانیشتبوو.
20
ئه‌ستێریش هه‌روه‌ك مۆرده‌خای ڕایسپاردبوو هیچ شتێكی له‌باره‌ی ڕه‌گه‌ز و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئاشكرا نه‌كردبوو، چونكه‌ ئه‌ستێر هه‌روه‌ك ئه‌و ڕۆژانه‌ی مۆرده‌خای به‌خێوی ده‌كرد به‌ قسه‌ی ئه‌و ده‌جوڵایه‌وه‌.
21
له‌و ڕۆژانه‌دا له‌ كاتێكدا مۆرده‌خای له‌ ده‌روازه‌ی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و ته‌ره‌ش كه‌ دوو ئه‌فسه‌ری پاشا بوون له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی پاسه‌وانیێتی ده‌روازه‌كه‌یان ده‌كرد، تووڕه‌ بوون و پیلانیان گێڕا كه‌ ده‌ستیان بۆ ئه‌حه‌شوێرۆش پاشا درێژ بكه‌ن.
22
به‌ڵام مۆرده‌خای به‌و كاره‌ی زانی و به‌ شاژنه‌ ئه‌ستێری گه‌یاند، ئه‌ویش به‌ ناوی مۆرده‌خایه‌وه‌ به‌ پاشای گوت.
23
كاتێك بابه‌ته‌كه‌ لێی كۆڵڕایه‌وه‌ و زانییان كه‌ ڕاسته‌، هه‌ردووكیان له‌ سێداره‌ دران. ئه‌و ڕووداوه‌ش له‌به‌رده‌م پاشا له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ تۆمار كرا.
  1. a. 2‏:3 كاربه‌ده‌ستێكی تایبه‌ت بووه‌ و خه‌سێنراوه‌.